مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک و گەرمیان– خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی سەردانە مێژووییەکەی (مستەفا بارزانیی نەمر) بۆ کەرکووک، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
پەیامەكەی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک و گەرمیان– خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەژێر ناوی یادێک لە سەردانە مێژووییەکەی ڕێبەری نەتەوەی کورد (مەلا مستەفا بارزانیی نەمر) لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٨بۆ کەرکووکی دڵی کوردستان، تیایدا هاتووە: “لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٨دا، شاری کەرکووک شاهیدی وێستگەیەکی مێژوویی و پڕ لە شانازی بوو، کاتێک (جەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر)، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت، سەردانی ئەم شارە تێکۆشەرەی کرد.”
لە پەیامەكەدا ئەوەش هاتووە: “ئەم سەردانە هەرچەندە کورت بوو، بەڵام بووە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەسەر پێگەی جەماوەریی بارزانی و جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە کەرکووک.”
لەو ڕۆژە مەزنەدا، دەیان هەزار کەس لە تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە، بە پیاو و ئافرەت و لاوان و قوتابییان، بە چەپڵەڕێزانەوە ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری کەرکووک، بۆ پێشوازیکردن لە ڕابەری نەتەوەیی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی.
بارزانیی نەمر لە ناوەڕاستی شارەکە مایەوە و پیاوماقوڵان و نووسەر و ڕۆشنبیران و پیاوانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و سەرۆک هۆزەکان لە دەوری کۆ بوونەوە. لەو سەردانەدا کۆمەڵێک لە هاوەڵانی تێکۆشەری سۆڤیەت و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد یاوەریی بارزانیی نەمریان دەکرد.
هەر لە پەیامەكەی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک و گەرمیان– خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەش كراوە: ئەم پێشوازییە مەزنە ئیرەیی نەیارانی کوردی خرۆشاند و هەوڵی تیرۆرکردنی جەنابی بارزانی درا، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بوو، ئەم سەردانە بووە بنەمایەکی پۆڵایین بۆ پێداگرییەکانی دواتری (بارزانیی نەمر) لە وتووێژەکانی ١٩٥٩ – ١٩٦٣ و بەتایبەت ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ کە کەرکووکی وەک هێڵی سوور دانا و دروشمە مێژووییەکەی ڕاگەیاند و فەرمووی (کەرکووک دڵی کوردستانە). لە یادی ئەم ڕۆژە مەزنەدا سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و تەواوی تێکۆشەرانی شاری کەرکووکی خۆشەویست.