پەرلەمانی عێراق، دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای مۆڵەتی درێژخایەنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیيدا، بە پێی پرۆژەکە بە ڕێژەی 100%ـی مووچەی بنەڕەتی مۆڵەت دەدرێتە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ ماوەی پێنچ ساڵ و بۆ پێنچ ساڵی دووەمیش دەتوانێت تازەی بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەنی بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی پەسند کرد، بڕیارە پرۆژەکە بچێتە سەرۆکایەتی کۆمار و دوای پەسەندکردنی لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو دەکرێتەوە و ئینجا دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
بەپێی یاساکە، مۆڵەتەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە، مەرجە فەرمانبەر لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی فیعلی لە کەرتی گشتی هەبێت. لەو ماوەیەدا فەرمانبەر تەواوی مووچەی بنەڕەتی وەردەگرێت، تەنیا لێبڕینی خانەنشینی لێ دەبڕێت، بۆ نموونە، ئەگەر فەرمانبەرەکە مووچەی بنەڕەتی 300 هەزار دینار بێت، دوای ئەوەی 30 هەزار دیناری خانەنشینی لێدەبڕدرێت، 270 هەزار دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
٠ فەرمانبەر مافی هەیە لە کەرتی تایبەت کار بکات و پێویست ناکات لەو ماوەیەدا سەردانی فەرمانگەکەی بکات. هاوکات فەرمانبەر دەتوانێت پاش تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکە، بگەڕێتەوە سەر کارەکەی و مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
مۆڵەتەکە بۆ جاری دووەم و واتە دوای تەوابوونی پێنچ ساڵەکە جارێکی دیکە نوێ دەکرێتەوە، بەڵام ئەمجارە بە نیوەی مووچەی بنەڕەتی، واتە یەکێک مووچەی بنەڕەتی 300 هەزار بێت، پینچ ساڵی یەکەم هەر 270 هەزارەکە وەردەگرێت،بەڵام پینچ ساڵی دووەم نیوەی مووچەکە بە لێبرێنی خانەنیشینی وەردەگرێت، واتا 135 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەو ماوەی مۆڵەتە، بە خزمەتی خانەنشینی هەژمار دەکرێت، بەڵام بۆ پلە بەرزکردنەوە بەکارنایەت.
ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، بەڵام پێدان یان ڕەتکردنەوەی مۆڵەتەکە لە دەسەڵاتی وەزیرە پەیوەندیدارەکاندا دەبێت.