دەستەی دەستپاکیى عێراق جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای موسەننا و 12 بەرپرس و فەرمانبەری دیکە ڕاگەیاند، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینار.

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، تیمی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی موسەننا، دوای بەدواداچوون و پشکنین لە لقی موسەننای کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبای باشوور، توانیویانە بەفیڕۆدانی بڕی 6,150,000,000 (شەش ملیار و 150 ملیۆن) دینار ئاشکرا بکەن، کە لەلایەن فەرمانگەکەوە بۆ کڕینی کەلوپەل و کەرەستەی کارەبایی خەرج کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینە بەو کەلوپەلانە هەبووبێت.

دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەکە لەگەڵ تۆمەتبارەکانی دیکە لە ساڵی 2024 بە مەبەستی فێڵکردن و کڕینی زۆرترین ژمارەی بۆردی کارەبایی، دەستکاریی قەبارەی یەکەی پێوانەکردن و داواکارییەکانی کڕینیان کردووە؛ بەهۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو کەلوپەلانە بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە و دانەمەزراون، هەروەها 48 بۆردی باشترکردنی توانای کارەباش خراونەتە کۆگای کەلوپەلە بەکاربراوەکان و لە ئێستادا دەستیان بەسەردا گیراوە.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە موسەننا، بڕیاری ڕاگرتنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە و 12 فەرمانبەر بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە کە پێکهاتوون لە (بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاری، بەڕێوەبەری فرۆشتن، لێپرسراوانی بەشەکانی وردبینیی ناوخۆیی، وێستگەکان، کۆگاکان و ئەندامانی لیژنەی کڕین)؛ هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 3 فەرمانبەری دیکەش دەرکراوە و بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن بەسەر سەرجەم تۆمەتباراندا سەپێنراوە.