سهرهتا وتار بۆچی گرنگە ئافرەتان دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی...
پ.ی.د. شیلان یاسین خضر *
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو حیزبە لیبراڵییەیە، كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بایەخی بە ئازادی تاك و كەمینە و مافە نەتەوەیی و بیروڕای ئازاد داوەو بایەخی بە ئافرەت داوەو هەردەم پشتیوانیی لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان كردووەو ئافرەتی فەرامۆشنەكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان وهك خاوهن مێژوویهكی پڕشكۆ له خهبات ههموو كات پاڵپشتی ئافرەتان بووه له پڕۆسهی سیاسی، وەک چۆن لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتییشدا بە ڕوونی ئاماژە بە ڕەخساندنی یەكسانی لەنێوان پیاوان و ئافرەتان لە هەموو كایەكاندا کراوە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە بارزانیی نەمر لە ١١ /١٢ /١٩٥٢یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانی دامەزراند، لەپێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و پێگەیاندنی کادیری بەئەزموون و بەتوانا، ئەمەش بوو بە هەوێنی دەرفەتێکی زیاتر بۆ ئافرەتان بۆ بەشداریی لە کایە سیاسییەکاندا. پارتی رێگەی بە ئافرەتان داوە بەشداریی کاریگەریان هەبێت لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا، هەروەها بە بەردەوامی هاندەر بووە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی خوێندن و کارو هەردەم پارێزگاریی لە ڕێژەی کۆتا لە دامەزراوە حزبی و حکوومییەکاندا کردووە.
هەر لەمسۆنگەیەشەوە مێژووی هەوڵدانی ئافرهت بۆ بەشداریی له گۆڕهپانی سیاسیی عێڕاق مێژوویهكی پڕ له تێكۆشانه و لهگهڵ ئهوهی پێشكهوتن و گۆڕانكارییهكی زۆری بهخۆیهوه بینیوه، بهڵام هێشتا كۆمهڵێك بهربهست و ئاڵنگاریی لەپێشە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە پارتی پشتگیری لە میکانیزمی کۆتا وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ دڵنیاکردنەوە لە هەبوونی نوێنەرایەتیی ئافرەتان لە پەرلەمانی عێراق و كوردستاندا كردووە، بەڵام سەرەڕای سوودوەرگرتن لە کۆتا، پارتی بە فەرمی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە ئافرەتان بەپێی شایستەیی و تواناکانیان ڕۆڵی گەورەتر لە بڕیاردان و پێگە باڵاکانی ناو حکوومەت و حزبدا بگێڕن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ خواستێک کە بەشداریی ئافرهتان تەنیا بە ژمارە و کورسیی کۆتا سنووردار نەبێت.
كەچی لەبەرامبەردا دەبینین تاوەكو ئێستاش له زۆربهی ناوچهكانی عێڕاق سیاسهت زیاتر به كاری پیاوان دادەنرێت و ئهوهش وا دهكات ئافرهتان ڕووبهڕووی جیاكاری و نادادپهروهری ببنهوه، ههروهها بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڵنگارییه ئەمنییەکان لە هەندێک ناوچەی عێراق ڕێگرن لە بەشداریی زیاتری ئافرەتان.
لهلایهكی دیكهوه، تاكو ئیستا ئافرەتان له سیستەمی سیاسیی عێڕاق، لە گفتوگۆ و دانوستانە سەرەکییەکاندا بۆ درووستکردنی هاوپەیمانیی سیاسی و بڕیارە گرنگەکان کەمتر بەشدارییان پێدەکرێت و تهنانهت زۆرێک لە پارتەکان پاڵپشتیی دارایی، ڕاهێنان و دەركەوتنی میدیایی پێویست بۆ کاندید و پەرلەمانتارە ئافرەتەکان دابین ناکەن. ههروهها دەبینین لە بەشێك لەناوچە خێڵەكییەكانی باشووری عێراق چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە بۆ ڕۆڵی نەریتیی ئافرەت (وەک دایک و هاوسەر) کار دەکاتە سەر توانای ئافرەتان بۆ ئەنجامدانی کاری سیاسی و هاوسەنگی دروستکردن لەنێوان بەرپرسیارێتییە سیاسی و خێزانییەکاندا و تهنانهت میدیاکان زۆرجار وێنەیەکی ناتەواو و لاوازی ئافرەتانی سیاسی پێشکەش دەکەن، یان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەن، له بهرامبهردا پارتی بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی هەیە، وەک لە پێناسە و بنەما هزرییەکانیدا هاتووە. بەشداریی ئافرەتان لە پەرلەماندا وەک جەوهەری ئەم یەکسانییە سەیر دەکرێت. ههروهها هەوڵ دەدات کۆمەڵگەیەک پێک بهێنێت، کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی بێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو جیاوازییە کولتوورییەکان، ئەمەش بەشداریی ئافرەتان لە هەموو سێکتەرەکاندا و لەوانەش سێکتەری سیاسی دهگرێتهوه. بەلای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێک لە چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی لە عێراقدا، بریتییە لە بەشداریی کارا و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان، کە ئافرەتانیش بەشێکی گرنگی ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەن.
نوێنەرە ئافرەتەکانی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا وەک نوێنەری گەلی کورد و پارێزەری مافە دەستوورییەکان کار دەکەن. هەر بۆیە پارتی وەک پارتێکی سیاسیی کاریگەر لە عێراقدا، بەشداریی ئافرەتان لە پەرلەماندا بە بەشێکی دانەبڕاو لە پڕۆسەی دیموکراسی و جێبەجێکردنی یەکسانی دەبینێت. ئامانجی پارتی، گەیشتنە بە قۆناغێک کە ئافرەتان بە تەواوی و بە پشت بەستن بە توانا و شایستەیی خۆیان، لە هەموو بوارەکانی بڕیاردانی سیاسیدا ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن. هەر لەبەر ئەم تێڕوانین و دیدوبۆچوونانە گرنگە ئافرەتان دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی پارتی بدەن.
* مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەدین/ كۆلیژی ئاداب/ بەشی راگەیاندن