هاوبەشی، هاوسەنگی و یەکبوون لە مەعریفەی جزیری و خانی دا

290

فاخر مەلا علی عارف
عیرفانی کوردی وەکو بنەمای هزرومەعریفە، نە تەنیا رێگەی گەیشتن بە هەقیقەتە، بەڵکو بابەتێکی فرە رەهەندە، کە لە بارەی کۆمەڵایەتی ، ئەدەبی، فەلسەفە وسیاسی رۆڵی هەیە. لەسەروی هەموویانەوەش ئەو عیرفانەی کە لە هزری جزیری ، خانی ، فەقێ تەیرانەوە چەکەرەی کردووە، کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر بونیاتنانی ئەندێشە و ئاڕاستەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی، بۆیە دەکرێ مەعریفەی عیرفانی بە کۆڵەکەی هزری نەتەوەیی بزووتنەوەی سیاسی کورد بزانرێ.

پێگەی عیرفان لە کلتووری کوردی دا:
عیرفان وەکو بەرچاوترین و دەوڵەمەندترین بەرهەمی دینی و ئاینی، پێگەیەکی بەهێزی لە ناو کلتووری کوردیدا هەبووە. لە سەدەکانی ناوەڕاست تا سەردەمی هاوچەرخ، عارفی کورد نە تەنیا لە رێگەی پەیامی روحی و تاکەکەسی خۆیانەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی چاکسازی کومەڵایەتی و پەروەردەی ئەخلاقی و پاراستنی کلتووریش رۆڵی کارایان بینیووە، بە تایبەت لە سەدەی نۆزدە دا بزووتنەوەی فکری و دینی و عیرفانی لە مێژووی کوردستاندا گەشەی کردووە، عارفەکانی کورد لە چوارچێوەی تەکیە و خانەقا دا هەوڵی گەیاندنی پەیامی خۆیان لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتیان داوە، کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم عارفانە بەکاربردنی زمانی کوردی بووە، بەر لەم سەردەمەش لە سەدەی ١٦ و ١٧ ز مەلایی جزیری، ئەحمەدی خانی و فەقی تەیران، دەقە عیرفانەکانیان بە زمانی کوردی دایانڕشتووە. کۆمەڵگای کوردیش بە هۆی فرە ئاینی بوونەوە، ئامادەی قبووڵ کردنی عرفان بووە، لە پێناو رێگایەک بۆ یەکگرتن وپێکەوەژیان و بزاڤی روحی. لە بواری کلتووریشەوە کەسایەتی عیرفانی بە شێوەیەکی ئاسایی لە پلەی مورشیدی و مەعنەویەوە بەرەو پێشەوایەتی کومەڵایەتی و سیاسی هەڵکشاوە. لەم نێوەندەدا دوو لە گەورە عارف و نووێنەرانی عیرفانی کوردی، (مەلایی جزیری و ئەحمەدی خانی)، بەرهەمە عیرفانیەکانیان کاریگەری قووڵی کردۆتە سەر پێکهاتەی هزری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی.

– مەلایی جزیری و عیرفانی فەلسەفی و هەڵبەستی رەمزی
مەلای جزیری (١٥٦٥-١٦٤٠ز) شاعیر، عارف ، حەکیم و فەیلەسوفی کورد، یەکێکە لە ناسراوترین و بەرچاوترین وێنەی عیرفانی کوردی لە کوردستان، ئەو بە تێکەڵەیەک لە فەلسەفەی عیرفانی ئیبن عەرەبی و عیرفانی ئەقلی ئیبن سینا و ئیشراقی سوهرەوەردی، عیرفانێکی تایبەت و گشتگیری ئەقلی، فەلسەفی ، ئاشقانە و گێولی (زەوقی) رێکدەخات، کە دەلالەت دەکاتە سەر چەمکی یەکێتی بوون( وحدت الوجود)، نوور، ئەشقی خودایی، فەنا و سلوکی دەروونی. هەلبەستی جزیری لێواولێوە لە رەمز و ئیستیعارە، کە بۆ تێگەیشتن لێی پێویستی بە مەعریفەی عیرفانی و فەلسەفەی قووڵ دەکات. ئەم جۆرە عیرفانە هەم تئورییە و هەم ئەزموونی کە بووەتە سەرچاوەیەکی ئیلهامی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. لە عرفانی جزیریدا سێ بنەمای سەرەکی مەعریفەی جزیری پێکدێنن:
یەکەم : هاوسەنگی، لەلای جزیری تاوەکو ئافرێنراوێک و داهێنانێک لە هەر بوارێکەوە راست و دروست دەرکەوێ و هەلە روونەدات، پێویستە بە تەبع و سرشت و ئەقلێکی پاک و بێگەرد بێت، بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بە هێزێکی هاوسەنگ و یەکسان بەدەست بێت، وەکوو دەڵێ :
پاک تەبع و قووەتەک مەوزوون دڤێت دا نەدت ب صنعەت ئیدمانێ غەلەط
دووەم: جیاکاری و هاوبەشی ، لە دیدی مەلایی جزیریدا بۆ هاوسەنگی نێوان هەر داهێنراوێک و بابەتێک، شایانی جیاکاریەکی هاوبەشە، لە پێناو پێشڤەچوون و بونیاتنان و رێکخستنێکی نووژەن، کە ئەویش بە شوناسی شتەکان و شوناسی گەوهەر و هەقیقەتی شتەکان و چەمکەکان دەردەکەوێ.
مەلای جزیری لە پلەی باڵای عیشق و روحیدا، بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ناو خولقەت بە شێوەیەکی گەوهەری، دیدگایەکی مەعریفی و جیاکاریەکی هاوبەش دروست دەکات، وەکوو تێڕوانینی بۆ مەعریفەناسی ( ئپیستمۆلۆژی) لەسەر بنەمای شهود و ئاقلمەندی بە شێوەیەکی جیا و هاوبەش بۆ یەکگرتنەوەیەکی تازەیە، واتە کاروباری ژیان لە سنووری ئەقلدایە و کاروباری شهود و خوداناسییش لە سنووری باڵای ئەقلدایە، بەو مانایە جزیری لە نێوان دینداری و ژیانداری جیاکاریەکی سەرەتایی دەبینێ بۆ مەبەستی ئیدارەدانێکی هاوسەنگی کاروبارەکان، وەکوو دەڵێ:
گفتۆگۆیێ مەعریفەتێ مەلا چەندی پەیدا بکەی
گەوهەرێ مەعریفەتێ ناگەهتێ کەس ب خرەد
عاشق ژ غەمێ سایەیێ وێ جامێ تەلەب کر
پوڕعەقل ددیرت مە ژ قسمێ حوکەما گرت
بنەمای سێیەم یەکبوون و یەکایەتییە، لە مەعریفە و فەلسەفەی جزیریدا یەکایەتی ئامانجی سەرەکییە، ئەویش بە رەچاوکردنی بنەمای رێزگرتن لە بیر و رای جیاوازو یەکتر قبووڵکردنێکی هاوسەنگ لە بواری یەکێتی دین وئاین ، یەکێتی مەزهەب و تەریقەت، یەکێتی فەلسەفە و مەعریفە ویەکێتی زمان وتایبەت یەکێتی موتلەقی بوون(وجوود). کە نموونەی ئەم تایبەتمەندیەی مەعریفەی جزیری لە هەڵبەستەکانیدا زۆر بە روونی رەنگی داوەتەوە. کە بۆ گەیشتن بە یەکایەتی لە پلەی باڵای عیشق دەربڕینی لێوە دەکات، ئەویش لە رێگای ئەزموونی شهودی یەکایەتی(توحید) داهێنان و تەولید و بەرهەمێکی ناوازە لە فەلسەفەی ئافراندن دەکات کە بە قەسیدەی ( اللە سەحەرگەها ئەزەل، یەلمومێ عشقێ شوعلەدا، نوورا جەمالا لم یزل زاتی تەجەلایا خوەدا……هتد) وەکوو شاکارێکی ئەدەبی فەلسەفی و نوێ و بەدەر لە وەهم و تەقلید، بەڵکو داهێنانێکی حیکمەتی و کەشفێکی شهودی پێشکەش بە ئەقل و فەلسەفەی عیرفانی دەکات وەکوو دەڵێ:
دێ سوڕا تەولیدێ ببێم
نە ژ وەهم و تەقلیدێ ببێم
مەعنا ژ تەوحیدێ ببێم
دل بڤێ ئەدایێ شەهدە دا
مەلایێ جزیری بە ئەم سێ بنەما مەعریفییە بە ئامانجی پێکەوەژیانێکی گەوهەری، زەمینەیەکی هزری، کلتووری و فەلسەفی لە پێناو کۆمەڵگایەکی تەندروستی ئاشتیانە بونیات دەنێت، و بە شێوەی خوارەوە دەربڕینی لێوە دەکات:
دل گەشتە من ژ دێرێ ناچم کنیشتەیێ قەت
میحرابێ وێ بمن را وەر دا بچینە لالەش
هەلبەت وەکوو روونە زمانی عیرفان زمانێکی رەمزیە، کە لەم بوارەدا جزیری ئاستێکی زۆر بەرز پێشان دەدات، کە لە گۆڕەپانی بەراوردکاری زمانی رەمزیدا بێجگە لە ئیبن عەرەبی، بەراورد ناکرێت لەگەل زمانی رەمزی هیچ یەک لەو عارفانەی کاریگەرییان بەسەریەوە هەبووە وەکوو حافزی شیرازی، چونکە لە پشت رەمزئارایی هەلبەستی مەلای جزیریدا ئەقل، فەلسەفە، عرفان و کلتوورێکی دەولەمەند حەشاردراوە، و بە هۆی نەزمێکی بێ وێنەوە لە بەرامبەر چەمکەکانی سەرەوە و گەنجینەیەکی ناوازە ، هۆشیاری بە ئاراستەی شیعرەکانیەوە دەدات و دەڵێ:
گەر لوئلوئێ مەنثور ژ نەزمێ تو دخوازی
وەرشعرێ مەلێ بین تە ب شیراز چ حاجەت
ئەم بەرهەمە مێژوویی ومەعریفی و ئەدەبی و کلتوورییە، مەلای جزیری بە زمانی دایک واتە زمانی کوردی دادەڕێژێ، شایانی باسە تێڕوانینی عیرفان بۆ بەکاربردنی زمانی دایک دیدێکی بنچینەییە، وەکوو چۆن جلالەدینی رۆمی عارفی فارسی زمان دەڵێ:
هر کە او از هم زبانیش شد جدا
بی زبان شد گرچە دارد صد نوا
هرکس کە دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش
(( واتە هەرکەسێ لە هاوزمانی جیا بووە، بێ زمان دەبێ ئەگەر سەد زمانی غەیرە زمانی خۆی هەبێ، هەرکەسێکیش لە بنەچەکەی دوور کەوتەوە ئەوا رؤژگارێک هەردەگەڕێتەوە سەر بنەچەکەی))
جزیری بە بەکاربردنی زمانی کوردی بۆ نووسینی دیوانە شاکارەکەی، خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە، وەکوو بنەمایەکی عرفانی بە مەعریفەیەکی نەتەوەپەروەرانە زمانی کوردی گەیاندە پلەیەکی باڵای روحی، وەکوو زمانی عەرەبی، فارسی و تورکی. بەم جۆرە دەسەلمێنێ کە زمانی کوردی زمانێکی سەرەکیە کە بووەتە زمانی فەلسەفە و عیرفان.

هەر لەم بوارەدا بابەت و چەمک و زاراوەی نەتەوی و نیشتمانی دەکاتە رەمز و سیمبۆلی مەرتەبەی باڵای روحی و عیشقی هەقیقی، وەکوو چۆن ئاگری نەورۆز دەکاتە هێماو رەمزی پاکترین پلەی خاوێنی دڵ و هەروەها دەستەواژەی نەورۆزیش دەکاتە هێمای بەرزترین مەرتەبەی روحی عەشقی، وەکوو دەڵێ:
ئەڤ نار سیقالا دلە
نەورۆز و سەرسالا دلە
دائیم لێ قالا دلە
وەختێ هەلێتن ئەو سیراج
بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە مەلای جزیری ئەو مەرتبەی عیشقی خودایی کە پێگەیشتووە، هیچ هێمایەک و رەمزێک لەو رەمزانەی کە عارفە موسلمانەکانی پێش خۆی بۆ ئەم مەرتەبەیە بەکاری بردوون، بۆ پلەی باڵای عیشقی خۆی بە گونجاو نازانێ، لەبەر ئەمە بە هۆی دەولەمەندی زمانی کوردیەوە داهێنانێکی تازە لە زمانی رەمزی عرفانی دا دەکات، ئەویش بە گەشتێکی مەعریفی لە ناو سروشتی رازاوەی نیشتمانی کوردستان دا باشترین و گونجاوترین رەمزی عیرفانی بەدەست دێنێ و بەکار دەبات، بەم شێوەیە پێگەی نەتەوە و نێشتمانی خۆی پێشڤە دەبات. وەکوو نمونەیەک لەم بوارەدا، مەلای جزیری کاتێ دەبینێ عیشقەکەی عیشقێکی بەردەوام و زۆر بە گوڕ و بە تینە وەکوو دەڵێ ( دائیم لێ قالا دلە)، واتە گەیشتووە بالاترین مەقامی( بقااللە) و پێویستی بە ناڵە و فریاد وئاهی بەردەوام و هاوار و کۆڤانی بەرزو زیندووە، بۆیە پێویست بە هێما و سیمبۆلێکی گونجاو تر لە هێمای بولبول و پەروانە هەیە، چونکە ناڵەو فیداکاری ئەمانە کاتییە و بەردوام نییە، وەکوو دەڵێ: بولبول و په‌روانه‌ ئه‌و فه‌صل و ده‌من
جنسێ عشقا من تنێ ده‌ردێ کوله
لە ژێر کاریگەری فۆلکلۆری کورمانجی و سروشتی کوردستان، مەلای جزیری گۆیین و توتاک ( گولیگولی و تووک) بە گونجاو تر زانیووە کە ببێتە رەمزی عیشقی بەردەوام و باڵا، چونکە سروشتی ئاواز و خوێندنی بەردەوام و بە شەو و رۆژ هەروەها چوار وەرزی هەردوو باڵندەی گۆیین و توتاک باشتر لە بولبول و پەروانە نوێنەرایەتی پلەی باڵای عیشق دەکەن، تەنیا لە بەرامبەر ناڵەی گۆیین، بولبول کەڕ و بێدەنگ دەبێت، جزیری لە هەلبەستەکانی دا چەندین جار رەمزی گۆیین و توتاک بەکار دێنێ ، وەکوو دەڵێ:

– میثلێ گۆیین ته‌ ڕه‌وان نال ژ دلێ مسکین تێن
ئه‌م نزانین تو چڕا هه‌ر وه‌ دنالی شه‌ب و روز
– ته‌ ب فه‌ریاد و فغانان ب خوه‌ بولـبول که‌ڕ کـر
الله‌ الله‌ ژ چ ده‌ردی وه‌ دکالــی شـــه‌ب و روز
– سه‌حه‌رگه‌ عه‌نده‌لیب مه‌ستن ژبێهنا وه‌رد و بشکۆژان
شبی تووتاک و گۆیینان دنالین ئه‌م د فـرقێدا
– ژ کوڤانا ته‌ شـــرینێ دنالم شوبهــێ گۆیینێ
درێژم هێسترێن خوینێ وه‌کی تاڤێ د بارانێ
– شوبی شه‌مع و شه‌مالم ئه‌ز
ژ به‌رحوببا ته‌ لالم ئه‌ز
زه‌عیفم وه‌ک هیلالم ئه‌ز
سیفه‌ت گۆیین دکالم ئه‌ز
دیسان لە بەرزترین مەقامی سلوکیدا جزیری گۆیین دەکاتە سیمبۆلی مەقامی بەقا، واتە دوای مەقامی فەنا کە پەروانە دەکاتە رەمزی مەقامی فەنا، وەکوو دەڵێ:
– ئێ بری عه‌ینی به‌قایێ باده‌نووشێ عشقێ بوو
ئێ بووی مه‌حوێ فه‌نایێ عاشقێ بێچاره‌ بوو
ئێک ژ وان په‌روانه‌ بوو سوهت و فه‌غانه‌ک ژێ نه‌هات
ئێک ژ وان ته‌شبیهی گۆیینێ ب ئاهـوناله‌ بوو
– بالله‌ ژ نال و زارییان ضه‌ربا فیراق و بیهرییان
ته‌شبیهی تووتاکێن چیان خه‌و ناکرین شه‌ڤتارییان
بە تەفسیرێکی فەلسەفی، هێزی عیشقەکەی مەلای جزیری ، هێزێکی بەردەوام و بزوێنەرو مەعریفییە، کە وەکوو تیوریەکی فەلسەفی عیرفانی بە رەگەزی پێنجەم دەکاتە هەوێنی بوون، لەگەڵ چوار رەگەزی تر( ئاو، ئاگر، ئاخ ، هەوا)، وەکوو دەڵێ:
مه‌ جه‌وهه‌ر عونصوره‌ک خامس نوما ئیرو د طالع دا
دڤێ ته‌قویمێ ئینسان ل طالع بوونه‌ فال ئه‌برو.
بەم شێوەیە، بە هێما و رەمزی نەتەوەیی و نیشتمانی لە چوارچێوەی عیرفانێکی فرە رەهەند و فرە جۆردا، پێگەی نەتەوە و نیشتمانی خۆی دەگەیێنتە ئاستێکی بەرزی فەلسەفی و عرفانی، کە لە نەتەوەکانی تری خاوەن دەولەت و فەلسەفە و عیرفان کەمتر نییە، بەڵکو لە هەندێ بواردا زۆر زیاتریشە، چونکە مەڵبەندی شارستانیەتێکی دێرین و کۆنە بەناوی شارستانیەتی میزوپوتامیا، واتە شارستانیەتی نێوان دوو رووبار( دجلە و فورات)، بۆیە چاوەڕوانی ئەو لە زانا و پێشەوایانی کۆمەڵایەتی و ئاینی ئەوەیە کە بە
رێزگرتن لە کلتوور و شارستانیەتی تر پشت بە کلتوور و شارستانی خۆیان ببەستن، وەکوو دەڵێ:
فەیزا مە شوبهێ نیلە ئەم دجلە و فوراتین
گەر شێخ وەر ئیمامە ڤێڕایە من کەشاکەش
لە ئەنجامدا، مەلای جزیری مەعریفەیەکی فەلسەفی و عیرفانی بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکاتە میراتێکی نەمر و دەولەمەند بۆ پێشخستن و بەردەوامبوون، لەلایەکی ترەوە بە پایەڕێژی هزری هاوسەنگی ویەکسانی و جیاکاریەکی هاوبەش و بنەمای رێزگرتن لە رای بەرامبەرو یەکتر قبووڵکردن ولێبووردەیی. بە گوێرەی چاوەڕوانی مەلای جزیری لە زانا و پيشەوایانی کورد بۆ بەردەوامی و گەشەپێدانی ئەم مەعریفەیە، ئەمە لە قۆناغی تردا زانای بلیمەت و شاعر و عارفی کورد واتە ئەحمەدی خانی پەرە بەم مەعریفەیە دەدات.

– ئەحمەدی خانی ، هاوبەشیەک لە عیرفان و نەتەوایەتی
ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧ز) دانەر و نووسەری شاکاری ئەدەبی (مەم وزین) کە پێشەنگی ئەندێشەی نەتەوایەتییە لە کەنار عیرفان. خانی عێرفان بێجگە لە لایەنی روحی وەکوو ئامرازێک بۆ هوشیاری نەتەوەی و کلتووری دەزانێ، لە بەرهەمی مەم و زین دا عیشقی دنیایی بە رەمزی عیشقی خودایی داناوە. لە سەرەتای بەرهەمەکەیدا واقعی کۆمەڵگای خۆی لە بواری کلتووری، ناکوکی، خێڵەکی و بێدادی کومەڵایەتی رەخنە دەکات و جەخت دەکاتەوە سەر هوشیاری نەتەوەیی و یەکگرتن و رزگاری لە ژێردەستی. لە لایەن خانی زمان پێوەری سەرەکیە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی، چونکە لەو سەردەمە نووسین بە زمانی کوردی دیارە بە بیدعە هەژمار کراوە، بەڵام خانی بە هێچ شێوەیەک زمانی کوردی کەمتر لە زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی نازانێ، بەڵکو یەکێک لە زمانەکانی سەرەکییە بۆ ئەدەب و عرفان و فەلسەفە، وەکوو دەڵێ:
حاصل ژ عیناد ئەگەر ژ بێداد
ئەڤ بیدعەتە کر خیلافێ موعتاد
صافی شەمراند ڤەخوار دوردی
مانەندێ دەری لیسانێ کوردی
لە بواری مەعریفەش دا دیسان خانی نووسین بە زمانی کوردی دەکاتە مەرج و پێوەر، بە ئامانجی ئەوەی کە گەلانی تری جیهان بزانن کە نەتەوەی کوردیش خاوەن مەعریفە و کتاب و ئەدەبیاتی نووسراوە، بۆیە وا ئاماژە پێ دەکات:
دا خەلق نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن بێ ئەصل و بونیاد
ئەنواعێ میللەت خودان کتێبن
کورمانج تەنێ دبێ حسێبن
ئامانجی گەیشتن بە بونیاتنانی هێز و دامەزراوەی دەولەتی نەتەوەیی، دەگەڕێنتەوە بۆ یەکایەتی نێوان پێکهاتەی نەتەوی و کۆمەڵایەتی و سیاسی وەکوو داوا دەکات:
گەردێ مە هەبووا ئیتحادەک
ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیان ژمەڕا دکر غولامی
لەم ناوەدا خانی لەسەر رێچکەی مەلای جزیری، پرەنسیپی هاوسەنگی دەکاتە بنەما، چونکە ئامانجی سەرەکی هەبوونی یەکایەتی بەندە بە هاوسەنگی لە نێوان دینداری و دەولەتداری لە لایەک و زانست و حیکمەت لە لایەکی دیکەوە، لەسەر بنەمای جیکاریەکی هاوبەش و مەعریفی، وەکوو دەڵێ:
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحصیل دکر مە عیلم و حیکمەت
مەعریفەی عیرفانی کوردی بە گشتی و هی مەلای جزیری و خانی بە تایبەتی، لەسەر بنەمای نووژەنکرنەوە بوونیاتنراوە و لە دیدگای ئەوانەوە عیرفان تەنیا لایەنی سلوکی و روحی و دەروونی تاکە کەسی نیە، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزی کارایە بۆ نووژەنکردن و بووژاندنەوەی لایەنی کومەڵایەتی و کلتووری، وەکوو بەیان دەکات:
شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زینێ و مەمێ بکەم بهانە
نەغمێ وە ژ پەردەیێ دەرینم
زینێ و مەمێ ژ نو ڤەژینم
مەعریفەی خانی هەڵقۆلاوی سەرچاوەی کلتووری کوردەوارییە و راستەخۆ پەیوەستە بە ژینگەی سروشتی نیشتمانی کوردستانەوە، وەکوو دیار دەکات:
ئه‌ز پیله‌وه‌رم نه‌ گه‌وهه‌ری مه‌
خودره‌سته‌ مه‌ ئەز نه‌ په‌روه‌ری مه‌
كورمانجم و كووهی و كه‌ناری
ڤان چه‌ند خه‌به‌رێ كورده‌واری
کوردەواری بە گوێرەی ئەحمەدی خانی خودرەستە و خۆرسکی و پەیوەستە بە کلتوور و زمان و ژینگەی سروشتی خۆی، کە بە تایبەتمەندی چیایی گرێدراوە. لەبەر ئەوە ئەو کلتوورەش لە ژێر کاریگەری ژینگەی سروشتی دەبێتە کوردەواری واتە ژینگەی کودەواری.
لە بواری کلتووری و سروشتی و کۆمەڵایەتی و دەروونی، خانی رۆژی جەژنی نەورۆز بە باشترین هێما و بنەما و دەستپێک داناوە بۆ عیشقی مەجازی لە رەمزی ستی و تاژدین دا و عیشقی هەقیقی لە رەمزی زین و مەم دا. ئەمەش وەرگێڕانێکە بە زمانی کومەڵایەتی و کلتووری، توانیویەتی مەعریفەی جزیری لە بارەی نەورۆز شروڤە و روونتر دابڕێژێ، تایبەت دەرەوە لە ئەفسانە بە شێوەیەکی کلتووری و سروشتی و مەعریفی عیرفانی، پێناسەیەکی شایان بۆ نەورۆز پێشکەش دەکات ، هەروەها بە شێوەیەکی مێژوویی و سروشتی بکاتە سەرساڵی کوردی، وەکوو دەڵێ:
دەورا فەلەکێ ژ بەختێ فەیروز
دیسان کو نوما ژ نوڤە نەورۆز
هندەک ب پەیی چوونە باغان
هندەک ب سواری چوونە راغان
هندەک ب تەبایی و کەثرەت
هندەک ب هەڤالی وب وەحدەت
سەرسال ل رەسم وراهێ مەعهوود
گیرا ل جیهو مەقامێ مەحموود
خانی بە هێما و رەمزی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی پرسی نەتەوە و نیشتیمان راستەوخۆ تێکەڵ بە ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتی کوردی دەکات، لە پێناو ئازادی گەل و ولات لە چوارچێوەی قەوارەیەکئ نەتەوی، وەکو عارفێکی کورد مەرجی زیندوو مانەوەی مەعریفە و عیلم و ئەدەب و فەلسەفەی کوردی بە خەونی دروست بوونی دەولەتەوە گرێدەدات و بە مەرجی بوونی خودانیەتێکی بە هێز و پڕ مەعریفە دەبەستێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی باڵای خۆی، وەکوو دەڵێ:
گەردێ هەبوویا مە ژی خودانەک
عالی کەرەمەک لەطیفە دانەک
عیلم و هونەرو کەلام و ئیذعان
شیعرو غەزەل وکیتاب و دیوان
ئەڤ جینس ببا ل باوی مەعموول
ئەڤ نەقد ببا لنک وی مەقبوول
من دێ عەلەما کەلەما مەوزوون
عالی بکرا ل بامێ گەردوون
بیناڤە رح مەلێ جزیری
پێ حەی بکرا علی حەریری
کەیفەک وە بدا فەقیهێ تەیران
حەتتا بئەبەد بمایێ حەیران
بەم جۆرە بوونی خودانێک و مەرجەعێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی باڵای روحی و نەتەوی و کلتووری… زەرورەتێکە بۆ بەڕێوەبردن، بۆیە خانی بە ئارەزووی گەیشتن بەم خەونە هاواری خۆی لە مێژووی ئەدەبی کوردی کردە سەرکێش و شاکار. ئەحمەدی خانی لە بواری مەعریفەی عرفانی پەیرەوی مەلای جزیرییە، بنەماکانی مەعریفەی عرفانی کوردی کە لەسەر دەستی مەلای جزیری بونیاتیان بۆ دانراوە، وەکوو رێزگرتن لە رەئی بەرامبەر و لێبووردەی و یەکسانی، خانی پەرە پێدەدات وبە وەرگێڕانێکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی شاکاری، دەکاتە بناغەیەک بۆ دەولەتسازی. ئەم بابەتە زۆر بە روونی لە پەیامی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشەوایانی جوڵانەوەی کوردی هاوچەرخ رەنگ داوەتەوە و تایبەت ئەو لایەنە سیاسیەی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی پرۆسەی هەلبژاردنەکانی کوردستان و عێراق، ئەم بنەمایانە لە ژێر ناوی ( هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان(یەکایەتی) وەکوو بەرنامەی کاری خۆیان بۆ خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان کردوونی بە دروشم، ئەو رێشەدارن بە مەعریفە و لێزانی و ناسینی رەسەن، کە زیاتر تێگەیشتن لەم بنەمایانە بە شێوەیەکی سەردەم و ئەمڕۆیی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ژێرخانی بەهێزی هزر و فەلسەفەی رێبەری مێژوویی و روحی و نەتەوەیی کورد جەنابی بارزانی نەمر و سیاسەت و پێشەوایی حەکیمانەی مەرجەعی نەتەوەیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی.

سەرچاوە:
– دیوانا مەلایێ جزیری: تحسین ئیبراهیم دوسکی، چاپا دویێ، وەشانا سپیرێز، هەولێر، ٢٠٠٥.
– دیوانا مەلایێ جزیری: محمدئەمین دوسکی. چاپا ئێکێ ، وەشانا سپیرێز، هەولێر، ٢٠٠٧.
– گەردەنەیا گەوهەری : شەرحا دیوانا مەلایێ جزیری، مەلا ئەحمەدێ زڤنگی، ئامادەکرن و وەرگێرژ عەرەبی ئەمین نەورۆزی، وەشانا ئاڤێستا، چاپا ئێکێ، ستانبول ، ٢٠١٣.
– مەم وزین، ئەحمەدێ خانی. ئامادەکردنی هەژار، دەزگەهێ ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.
– شعبان چالی: شێوازی شیعری جزیری، چاپخانەی حاجی هاشم، چاپی یەکەم، سپیرێز، ٢٠٠٨.
– صافیە زڤنگی: جمالیات الدلالات الصوفیە فی المعجم اللغوی لدیوان الجزیری، وەشانا سوران، ٢٠١٧.
– فاخر عەلی عارف: سیببۆلا بالندیان د هەلبەستا مەلایێ جزیریدا، گوڤارا زانستییا مەزۆپۆتامیا ، زانینگەها ئارتۆکلۆ ماردین، ٢٠٢٠.
– فاخر عەلی عارف: ئاراس لە نێوان عیرفانی حافزی شیرازی و بارزاندا، رۆژنامەی خەبات ژمارە ٦٣٥٧ ، ٢٠/٧/٢٠٢٢ .
– سەرۆ قادر : بارزان و مێژووی بزووتنەوە کومەلایەتیەکانی کوردستان، چاپخانە تاران، چاپی ٢٠٢٠
– مەسنەوی مەعنەوی ، جلال الدین محمد بلخی رومی.www.sufism.com
– عبدالعزیز محسن بارزانی: هزر و فەلسەفا رێبازا بارزانی د گۆتنێن بارزانی نەمردا،چاپا ئێکێ، چاپخانا تهران- ئیران، ٢٠٢٠.