خەبات: عامر فەرحان:- فاتمە هەورامی خاتوونێکی دانیشتووی هەورامانە و چالاکوانی بواری مافەکانی ئافرەتانە لە لێدوانێکدا تایبەت بە خەباتی ڕاگەیاند: من وەک دەنگدەرێک لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرم، چونکە پارتی بە پارێزەری مافەکانی ئافرەتان دەزانم، پارتی لەکایەی سیاسی و حکومڕانیدا ڕۆڵی تەواوی بە ئافرەتان داوە و هاوکار و پشتیووانی تەواویان بووە، هەروەها هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی خەباتی سیاسی و چەکداری خۆی ئافرەتان ڕۆڵێکی سەرەکییان تیادا بینیوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش سەکۆیەکی فراوانی بۆ ڕۆڵی ئافرەتان تەرخانکردووە، بۆ زیاتر خزمەتکردنی و فەراهەمکردنی مافەکانی ئافرەتان و جێگیرکردنی مافی ئافرەتان بەیاسا، بۆیە لیستی ژمارە 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرم.
فاتمە هەورامی چالاکوانی بواری مافی ئافرەتان ئەوەشی بەخەبات گوت: پارتی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی مێژوو ئەوەی سەلماندووە هەرکاتێک وجودی لەبەغدا هەبێت ئەوا گەلی کورد خاوەنی ڕاستەقینەو داکۆکیکاری سەرەکی مافەکانی لەبەغدا هەیە، لە قۆناغی ئێستاشماندا کە حکوومەتی عێراق ئەو هەموو پێشێلکارییە دەستووریی و یاساییانە بەرانبەر بە گەلی کورد دەکات، زۆر گرنگە هاووڵاتیان و دەنگدەران بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بدەن بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە تەنیا پارتییە پێشمەرگە ئاسا و بەبێ ترس بەرگری لەمافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان دەکات بەبێ جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پارتی دیموکراتی کوردستان لەدەڤەری هەوراماندا مێژووییەکی جوان و دێرینی هەیە، هەورامییەکان ئەو ڕاستییە باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان چەند لەخەمی پاراستنی زمان و کلتووری هەورامییەکاندایە، هەروەها پارتی هەیشە پۆستی باڵای بۆ هەورامییەکان دابین کردووە لەسەر ئاستی حکوومەت و حزبیشدا، پارتی واتا ئاوەدانی و خزمەت بەڵێنێک نادات نەتوانێت جێبەجێی بکات، ئەگەر پارتی ئیدارەی ناوچەی هەورامانی بەدەست بووایە، ئێستا دۆخەکە جۆرێکیتر بوو، بەجۆرێک دەڤەری هەورامان زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتری بەخۆیەوە دەبینی هاوشێوەی ئەو شارو شارۆچکانەی کە لەڕووی ئیدارییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبات. دەشڵێت: داوا لە تەواوی دەنگدەرانی هەورامیزمان دەکەم بۆ ژیانێکی شایستەتر بۆ ئاوەدانی و ئارامی بۆ زامنکردنی مافەدەستووریی و یاساییەکانمان دەنگ بدەن بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە تاکەهێزە کە خۆی بەخاوەنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەزانێت، پارتی لەمێژووی خەباتی خۆیدا لەپێناو مافەکانی گەلی کورد هەمیشە قوربانیی بەبەرژەوەندییە حزبییەکانی داوە، بۆیە لەڕێگەی خەباتەوە داوا لەتەواوی دەنگدەرانی کوردستان بەگشتی و دەنگدەرانی هەورامیزمان دەکەم بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی خۆیان بدەن بە لیستی ژمارە275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئایندەی گەلەکەمان لەدەستێکی ئەمین و پارێزراودا بێت.
لای خۆیەوە ناسیح خارگێلانەیی نووسەرو شاعیر، کە دانیشتووی ناوچەی هەورامانە بە خەباتی ڕاگەیاند: من لەو باوەڕەدام دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ پارتی دەنگدانە بە ئارامیی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و پێکەوەژیان و تەبایی، بۆیە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرم.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: من دڵنیام ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزەوە بچێتەوە بەغدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافە دەستووریی و یاساییەکانی کوردستان دەبێت، هەرگیز سازش لەسەر ئەو ماددانە ناکات کە تایبەتن بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و لە دەستوری عیراقی فیدراڵدا ئاماژەیان پێ دراوە و جێگیرکراون، بۆیە پێویستە هەموومان دەنگ بدەین بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ناسیح خارگێڵانەیی نووسەرو شاعیر ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: دەمەوێت گرنگیدانی پارتی بە ناوچەی هەورامان وەبیر هەورامیزمانەکانی هەموو دنیا بێنمەوە، بەجۆرێک هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ناوچەی هەورامان یەکێک بووە لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، کە هێزی پێشمەرگەی بە ئازادی تێدابوو تا بەهاری ساڵی ١٩٧٥ ناوچەی هەورامان وەک ناوچەیەکی ئازادی ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان مایەوە، دواتر بەداخەوە پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هێزەکانی ڕژێم پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٣ وەدەرنرابوون گەڕانەوە ناوچەی هەورامان، دواتر خەڵکی ئەو دەڤەرە وەک چۆن پەروەردەکرابوو خەسڵەت و ڕێبازی بارزانی خۆی بە زیندوویی هێشتەوە، وای لێ هاتبوو خەڵک پێی شەرم بوو ئەگەر بچێتە ناو لایەنێکی سیاسی ترەوە، چونکە ڕێبازی پارتی و بارزانی لای هەورامییەکان زۆر پیرۆز بوو، هەر بۆیەش دواتر هەورامان نازناوی بارزانی دووەمی پێ بەخشرا.
دەشڵێت: ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخەکە بە شێوازێکی ترە، بەڵام تا ئەمڕۆش زۆربەی زۆری خەڵکی هەورامان بەچاوی ئومێدو هیواوە تەماشای پارتی و ئاییندەی پارتی و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و جەنابی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ خزمەتکردنی ناوچەی هەورامان، بۆیە من دڵنیام پارتی سات بەسات لە هەورامان دەنگەکانی بەرەو زیادبوونەوە دەچێت، چونکە وەک لە پێشدا ئاماژەم پێدا ئەمڕۆ خەڵک هوشیارتر و ڕۆشنبیرترەو چاوی لە ڕاستگۆیی و خزمەتگوزاری باشترو پێشکەوتووترە. پارتیش بەو فۆڕمەی ئێستایەوە هیچ درێغی نەکردووە لە ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی، بۆیە لیستی 275ی پارتی متمانەی هەورامییەکان بەدەست دەهێنێت.
نووسەر و شاعیر ناسیح خارگێڵانەیی ئەوەشی بەخەبات گوت: هەورامان سرووشتێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە. ئەمەش وایکردووە کە ناوچەیەکی لەبار بێت بۆ گەشتیاریی و پرۆژەی گەشتیاری ڕەخساندنی هەلی کار لە شوێنە گەشتیارییەکاندا، بۆیە بەڕای من ئەگەر پارتی دەستکراوە بێت و دەستی بگاتەوە بە ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان گەشەیەکی باش و شارستانی مۆدێرن بەخۆیەوە دەبینێت، من بۆ ئەم هەڵبژاردنە سروودێکم دانا بۆ هونەرمەندێک کە تایبەتە بە خەڵکی هەورامان کە دەنگ بە لیستی ٢٧٥ پارتی بدەن، چونکە ئاشقی ئاشتی و ئاوەدانییەو داواش لەتەواوی دەنگدەران دەکەم لیستی ژمارە 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێرن.
پشتیوان هەورامی چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی کە دانیشتووی ناوچەی هەورامانە، لە لێدوانێکدا بە خەباتی ڕاگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی 78 ساڵدا خەباتێکی بەردەوامی بۆ مافەکانی گەلی کورد کردووە. لیستی ژمارە275 پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دەنگدان بە پارتی واتا بەهێزکردنی دەنگی کوردستان لە بەغدا و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بەرگریكردن لە ئابووری هەرێمی کوردستان و ژیانێکی شایستەتر، بۆیە من وەک چالاکوانێک دەنگم بۆ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
پشتیوان هەورامی چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوەشی بەخەبات گوت: دەنگدەرانی کوردستان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کاتێک پارتی بە بەهێزی دەگەڕێتەوە بەغدا، دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیارە گرنگەکان هەبێت و پارێزگاری لە دەستووری فیدراڵی عێراق دەکات و مافە دەستوری و یاسایەکانی گەلی کورد پارێزراوتر دەبێت، هەروەها ڕێگری لە هەر هەوڵێکی لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە زۆر گرنگە دەنگمان بۆ لیستی ژمارە275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: هەورامان میراتێکی گرنگی کلتووری و نیشتمانییە ولانكەی سەرجەم شۆڕشەكان بووەو جێگای گرنگیپێدانی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی بووە، بەدڵنیاییەوە بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پارتی لە هەوراماندا بەرز دەبێتەوە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان خزمەتێكی بەرچاوی بە سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی كردووەو ئارامی و هەلی كاری ڕەخساندووە بۆ گەنجان و تاكە داكۆكیكاری مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كوردستانە، لە ساڵانی رابردووشدا هەرچەندە دەسەڵاتی لەم سنوورە وەك پێویست نەبووە، بەڵام چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە سنوورەكە كردووە.
گوتیشی: بۆیە ڕێژەی دەنگەکانی لە هەورامان زیاتر دەبێت، چونکە خەڵکی هەورامان دەیبینن پارتی بەڕاستی گرنگی بە ئەو دەڤەرەکە دەدات، دەشڵێت: بەبڕوای من ئەگەر پارتی دیمۆکاتی کوردستان ئیدارەی هەورامانی لەدەست بووایە ئەوا خزمەتگوزاری باشتر، ڕێگا، نەخۆشخانە، قوتابخانە…هتد زیاتر دەبوو لە ناوچەکەمان، دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، پاراستنی ژینگە و میراتی کلتووری و گرنگیدان بەكەرتی گەشتوگوزار و گرنگیدان بە بەرهەمە ناوخۆییەكان و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات و هاوکاریکردنی جوتیارو باغدارەکان زیاتر دەبوو، بۆیە من وەک دەنگدەرێکی هەورامی داواكارم لە دەنگدەرانی هەورامان دەنگ بدەن بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردنی سنوورەكەمان، چونكە تەنیا پارتی دەتوانیت خزمەتی ئەم سنوورە وەك پێویست بكات و ئاوڕی جدی لێ بداتەوە.
ڕزگار عەلی نووسەر و چاودێری سیاسی و دانیشتووی هەورامان لە لێدوانێکدا بە خەباتی ڕاگەیاند: دەنگدان مافێکی کەسییەو دەبێ دەنگدەر بەرچاوی ڕوون بێت بۆچی دەنگ دەدات، پێویستە لەسەر بنەمای ئەوە دەنگ بدرێت ئایا ئەو لیستە و حزبە توانای جێبەجێکردنی بەرنامەو پلانەکانی هەیە یان نا، دەبێت دەنگدەر بزانێت پێشتر تا چەند بەڵێنەکانی جێبەجێکردووە، لیستی ژمارە275 ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو لیستەیە توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و متمانەی زۆرمان بە جەنابی سەرۆک و پارتی هەیە، کە توانای بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستانی هەیە، بۆیە وەک نووسەرێکی دەڤەری هەورامان دەنگ بە لیستی ژمارە275ی پارتی دەدەم.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەدڵنیاییەوە پارتی چەند بەهێز بێت، ئەوەندەش مافەدەستووریی و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراوە، چونکە ڕابردوو ئەم ڕاستییەی سەلماندووە، دەنگدان بەپارتی دەبێتە گەرەنتی بۆ پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانمان، بۆیە دەبێت هەموو چین و توێژە جیاوازەکان لیستی ژمارە 275ی پارتی هەڵبژێرن.
ڕزگار عەلی نووسەرو چاودێری سیاسی ئەوەشی بەخەبات گوت: لەڕابردوودا بەهەورامان دەگوترا بارزانی دووەم، لە هەورامان کەم بنەماڵە هەیە ئازیزێکی لە دەست نەدابێت بۆ ڕێبازی بارزانی یان پێشمەرگە نەبووبێت، چونکە ڕێبازی کوردایەتییە و لەسەر ڕێگەیەکی ڕاست دەڕوات و خەڵکی هەورامانیش بە سرووشتی خۆیان حەزیان لە ڕاستی و دروستی و مرۆڤدۆستییە، کە لە ڕێبازی بارزانی ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە دڵنیام بۆ ئەم خولە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەڵکی هەورامان پشتگیری لە ڕێبازی بارزانی دەکەن و خاوەندارییەتی لە پارتی دەکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە 275 دەدەن. لەسەر بنەمای ئەوە دەنگەکانی پارتی لەدەڤەرەکە زیاد دەکەن.
دەشڵێت: دڵنیام ئەگەر ئیدارەی دەڤەرەکە لە دەست پارتی بووایە ئێستا ئاوەدانی زیاترو خزمەتگوزاری زیاتر ئەنجام درابوو، هەورامان بە سرووشتە جوانەکەی شوێنێکی گەشتیارییەو خەڵکێکی زۆر بۆ مەبەستی گەشتوگوزار ڕووی لێ دەکات، بەڵام لەڕووی ژێرخانەوە کەموکوڕی هەیە، لە خراپیی ڕێگاوبان و کەمی خزمەتگوزاریی گەشتیاری و تەندروستی… هتد، بۆ ئەوەی دەڤەرێکی پڕ خزمەتگوزاری و تاکێکی خۆشگوزەرانمان هەبێت داوا لە هاووڵاتیانی هەورامان دەکەم، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە 275 بدەن.











