بەربژێرێكی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكە هەمیشە بەرگری لە مافەكانی خەڵك كردووە، پارتی بە ئیرادە و پشتیوانی دەنگدەرانی و دەستكەوتە مەزنەكانی و مێژووە پڕ لە شانازییەكەی، ئەمجارە سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات.

لەنجە دزەیی، بەربژێری ژمارە ٢٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر، لە لێدوانێكی دا بۆ پێگه‌ی باسنیوز ڕایگەیاندوه‌ : ”كار و پیشەكانی ڕابردووم ئەزموونێكی باشیان پێ بەخشیوم كە بە متمانەوە بڵێم بەرگریكارێكی بەهێزی چەسپاندی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بم و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبم، بۆ ئەو ئەركەی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان وەریدەگرم، بەهۆی ئەوەی كە من پێشتر ئەزموونی چوار ساڵ پەرلەمانتاریم لە كوردستان و پرۆسەی یاسادانان هەیە، دەمەوێت بە یاسا بەرگری لە خەڵكی كوردستان بكەم و بەرگری لە مافە دەستوورییەكان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری خزمەتكردن بە كەسوكاری شەهیدان ئەزموونێكی زۆرم هەیە و ماوەیەكی زۆر لەگەڵ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی كارم كردووە، دەمەوێت لە پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان شێوە بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانی كەسوكاری شەهیدان بم.“

هەروەها ڕایگەیاند: ”ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمەكانی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) دەچینە ناو ڕكابەریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئیرادە و پشتیوانیی دەنگدەران و بە ڕابردووی پڕ شانازیی پارتەكەمان و سەركردایەتییە حەكیمانەكەمان، چاومان لە سەركەوتنی گەورە و زۆرترین دەنگ و كورسییە‌ لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، چونكە خەبات و تێكۆشانمان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و وڵاتێكی ئارام و سەقامگیر و فیدراڵیەتێكی ڕاستەقینە و حوكمڕانییەكی باش و خزمەتگوزارییەكی باشتر و فراوانترە، بۆ زامنكردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی عێراقی فیدراڵ.“

بەربژێری ژمارە ٢٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پارتی خاوەن دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانە و هەمیشە هەوڵ بۆ ئارمی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەدات، ئەمەش لە كابینەی نۆیەمدا بینمان چۆن بەڵێنەكان كران بە كردار و كردارەكانیش ئەمڕۆ لە خزمەتی هاووڵاتییاندان، پارتی حزبێكە خۆی بۆ دوژمنان نەچەماند و لەپێناو گەیشتن بە تەواوی مافە ڕەواكانی گەلەكەی بەگری كرد و بەردەوامیشە لە خەبات لەو پێناوەدا.“

ئەو بەربژێرەی پارتی دەشڵێت: ”داوا لە دەنگدەران بە گشتی و دەنگدەرانی بازنەی هەولێر بە تایبەتی دەكەم، ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە و خەبات و خۆڕاگری و خەمخۆریی دوێنێمان و داكۆكیی ئەمڕۆمان لە ماف و ئازادییەكانی خەڵك ببینن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن، چونكە تەنیا پارتی دەتوانێ گرفت و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ چارەسەر بكات، ئێمەین شەڕی ماف و بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئێمەین داكۆكی لە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و كۆتاییهێنان بە ڕەوشی ناجۆریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین، هەمیشە خوازیاری كوردستانێكی بەهێز و پێشكەوتوو و پارێزراوین.“