چیمەن حسێن عەزیز سوورچی، بەربژێری ژمارە ٨ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر، رایدەگەیەنێت، دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئایندەیەکی گەشتر، ئەگەر پارتی نەبوایە نەیارانی كورد هەر بە بڕینی بودجە و مووچە نەدەوەستان.
مامۆستا چیمەن حسێن عەزیز سوورچی، بەربژێری ژمارە ٨ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا به (باسنیوز)ی راگهیاندووه کە دەنگدانی خەڵکی کوردستان بە پارتی، گەرەنتیی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی پرۆسەی ئاوەدانی و پێشکەوتنە.
مامۆستا چیمەن حسێن جەختی لەوە کردەوە: ”ئێمە وەک هەمیشە بەردەوام دەبین لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک کە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بێت.“
ئەو بەربژێرەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا کە لەسایەی حوکمڕانیی پارتیدا هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی لە ژێرخانی ئابووری، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا بەخۆیەوە بینیوە و گوتی: ”دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە بەردەوامیی ئەم پڕۆژانە.“
هەروەها، بەربژێرەکەی پارتی ڕوونی کردەوە کە سەرکردایەتیی پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندی سیاسی و دیپلۆماسییە و توانیویەتی پێگەی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز بکات. گوتیشی: ”دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندا دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکرێت.“
زیادبوونی کورسییەکانی پارتی لە بەغدا… قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان
سەبارەت بە کاریگەریی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە بەغدا، مامۆستا چیمەن حسێن سوورچی ڕایگەیاند: ”بێگومان زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی پارتی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا دەبێت.“
ئاماژەی بەوەش دا، کاتێک پارتی نوێنەرایەتییەکی بەهێزتری لە پەرلەمانی عێراقدا هەبێت، هێزی دانوستاندن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی وەک بودجە، مووچە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
گوتیشی: ”ئەگەر پارتی نەبوایە، نەیاران هەر بە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان نەدەوەستان، بەڵکوو هەوڵی زیاتریان بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدا.“