ئێوارەی ئهمرۆ دانیشتوانی ناوچەی (ڕیبات)ی ناوەڕاستی بەسرە و تەمیمیە و حەیانییە دەستیانکرد بە خۆپێشاندان و ناڕەزایی و سوتاندنی تایە و داخستنی شەقامەکانی ناوەڕاستی شاری بەسرە، وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر خرابی؛ بەڵکو نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری بەسرە، بەتایبەت نەبوونی کارەبا و ئاوی خوارەنەوە. شایانی باسە ئەو ئاوەی لە ئێستادا دەگاتە ماڵان لە شار بەسرە، ئاوێکی زۆر سوێرە کە بە کەڵکی خواردنەوە و چێشت لێنان نایێت، ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایی توندی خەڵکی بەسرە لە حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێیی بەسرە.
بەپێی هەندێک سەرچاوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکەن، پۆلیسی بەسرە ئاگادار کراونەتەوە بە نەرمی ڕووبەڕووی ئەم خۆپێشاندانە ببنەوە، لەبەر ئەوەی ئستا وڵات لە سەروبەندی هەڵبژاردنی نوینەرایەتی عێراقدایە و حکومەتی عێراق نایەوێ کێشەکە تەشەنە بکات، تاکو نووسینی ئەم هەواڵە دەرەنجامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەکە نەزانراوە.
