ئاسایشی هەولێر بە تۆمەتی تەقەكردن دەستگیركردنی لایڤچییەكی تیكتۆک ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تیکتۆک چالاكە و بە (خەپە شەكرۆكە) ناسراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی 9ـی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمەتبار (ش. ف. ح)مان دەستگیر کرد، کە کەسێکی چالاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک و ناسراوە بە (خەپە شەکرۆکە).”
ئەوەشی خستە ڕوو، كە تۆمەتباری ناوبراو، لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیكەی هاوڕێی بەناوی (ئـ. خ. ئـ) بە تۆمەتی تەقەکردن و بەکارهێنانی چەکی بێمۆڵەت دەستگیر كران.
باسی لەوەش كردووە، كە “تۆمەتبار (ش. ف. ح) شەوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لایڤ دەکاتەوە و لایڤەکانی ناڕەزایی خەڵکی لێدەکەوتەوە، لەسەر ئەو بابەتەش دووجار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە ئاگادار کراوەتەوە و بەڵێننامەی داوە کە لایڤەکانی لە (تیکتۆک) سنوردار بکات و نەبێتە هۆکاری تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان.”