دوێنێ سێشەممە 2025.9.9، بە ئامادەبوونی فارڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاریان سه‌لاحه‌ددین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە ڕێورەسمێکدا، وەزارەتی رۆشنبیری و پارێزگای هەولێر بە هاوئاهەنگی دەزگای کلتووری یاد، وێڕای ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبێک لە ژێرناونیشانی « ئەستێرەیەک کە لە درەوشانەوە ناکەوێ» قەڵەمی زێڕین لە بەرانبەر زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتکردنی ئەدەب و زمان و وشەی کوردی پێشکەش بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دێرین و خاوەن ئەزموون و سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان «ئازاد عەبدولواحید» کرا.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە ڕوناکبیران و ڕۆشنبیران و هونەرمەند و نووسەران و شاعیران بەشدار بوون، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەری زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و وشەی کوردی ئازاد عەبدولواحیدی لە نێوەندی بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی بەرز نرخاند، هەروەها کارکردن و شەونخونی زیاتر لە 25 ساڵی سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکی هزری، کلتووری، ئەدەبی و ڕەخنەیی مانگانەی گشتییە، بە شانازیی بۆ بواری ڕۆژنامەگەری کوردی لە قەڵەمدا و هیوای سەرکەوتن و لەش ساغی و تەندروستی باش و بەردەوامبوونی لە کارەکانی بۆ خواست.

پاشان دوای ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لە سەر ژیانی و کارەکانی نووسەر و چەند چالاکییەکی دیکە پێشکەش کران، قەڵەمی زێرین لە بەرامبەر مێژووی زیاتر لە نیوسەدە خزمەتکردنی بواری نووسین و ئەدەب و ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی کوردی پێشکەشی کرا.

جێگەی باسە، ئازاد عەبدولواحید، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایکبووە، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە، لە ساڵی 1976 یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی (ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری) چاپ کردووە، لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکاندا بەرهەمی جۆراوجۆری لە بواری (لێکۆڵینەوە، وەرگێڕان، ڕەخنە، ساغکردنەوەی دیوانی شاعیران) بڵاکردووەتەوە، لە ساڵی 1994 لە بڵاوکراوەی گوڵان وەکوو نووسەر دەست بەکار بووە، هەروەها بۆ ماوەیەک لێپرسراوی ڕادیۆی گوڵان بووە، لە 11-6-1996 لەگەڵ دەرکردنی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتییە، وەکوو بەڕێوەبەر و سەرنووسەری ئەو گۆڤارە دەست بەکار بووە و تا ئێستا بەردەوامە، ئازاد عەبدولواحید، کە زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و وشەی کوردی دەکات، زیاتر لە 42 پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە و 12 بەرهەمیشی ئامادەیە بۆ چاپکردن.