خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- پڕۆسەی بەئەلیكتڕۆنیكردنی پسوولەی خۆراك لەڕۆژی 5/6ەوە دەستی پێكردو بۆ ماوەی دووجاریش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاونیشتیمانیان درێژكرایەوەو لەو پڕۆسەیەدا هاووڵاتیەكی زۆر لە سنوری پارێزگای هەولێر لەو پڕۆسەیەدا بەشداریانكردو توانیان پسوولەی خۆراكەكانیان بەشێوازی ئەلیكتڕۆنی نوێ بكەنەوە دەربارەی وردەكاری زیاترو چۆنیەتی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لەو پڕۆسەیەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێرمانكردو لەوێدا سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕوونیكردەوە:
هاووڵاتیان پسوولەی خۆراكیان بەئەلیكتڕۆنی كردووە
سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر ڕوونیكردەوە: مایەی خۆشحاڵی بوو ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاونیشتیمانیانی هەولێر بەشداریان لە نوێ كردنەوەی بەئەلیكتڕۆنیكردنی پسوولەی خۆراكەكەیان كردو فەرمانبەرانی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی هاووڵاتیانیان كرد لە كاتی نوێكردنەوەو بە ئەلیكتڕۆنیكردنی پسوولەی خۆراك و ئەو نوێكردنەوەیەش بەخۆڕاییەو جێگەی دەستخۆشی لێكردنە ژمارەیەكیش لە بریكارەكانی خۆراك هاوكاری تەواوی هاووڵاتیانكردووە لەو پڕۆسەیەداو هەرلەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیاندائەو پڕۆسەیە بۆ ماوەی دوو جار درێژكرایەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشداری زیاتر لەو پڕۆسەیەدا بكەن بۆ ئەو مەبەستەش لە88%ی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر ئێستا پسوولەی خۆراكەكەی نوێ كراوەتەوەو تەنیا 12%ی هاووڵاتیان ماون، دیارە ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی كە بەشداریان كردووە زۆرەو ئەو لە88%ـەش لەو مانگەدا بەشە ئارد دابەشكرا لەسەر داتاو زانیاری ئەلیكتڕۆنی واتا ئەو 88% بەشە ئاردیان لەسەر شێوازی ئەلیكتڕۆنی وەرگرت و ئەو 12%ـەیەش سڕانەوەو ئەو كەسانە بوون كە لە دەرەوەی وڵات بوون و بەشێكیان مردوون و وەفاتنامەیان نییەو بەشێكی دیكەشیان كارتی نیشتیمانیان نییەو بەشێكیشیان ڕووخساریان گۆڕاوە بەهۆی نەخۆشی یاخود جوانكاری نەخوێندراوەتەوەو هەندێكی دیكەشیان داخیلی بەرنامەكەش بووینەو كارەكانیان كردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبووینەو هەمیشە لەسەر هێڵین لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی كێشەو گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكەین و ڕۆژانە نامەیان بۆ دێت لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق لەڕێگەی كۆڕەك تیلیكۆمەوە تا بچنە ناو بەرنامەوەو كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت ولێرەوە دەتوانین بڵێین لەشاری هەولێر ئێمە پێشەنگی شارەكانین، كە زۆرترین خەڵك بەشداریان لەو پڕۆسەیەدا كردووە بەبەراوورد لەگەڵ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و كەمترین كێشەو گرفت لەشاری هەولێر هەبووەو ئەووی كە هەشبووە بەئاسانی توانیومانە چارەسەری بكەین تا ڕۆژی 2ـی مانگی نۆ ئەپلیكێیشنەكە كارا بوو تا ڕۆژی 2/9 وەستا هەرچەندە دەبووایە تا كاتژمێر 12ی شەو بووایە، بەڵام هەر لەبەیانییەكەی ڕایانگرت ئەویش بەهۆی هەندێ كێشەی تەكنیكی و لێكتێنەگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و كۆمپانیای ستارلینك دیارە ئەو كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی عێراقییەو بەكارەكان هەستاوە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق كارەكان ئەنجام دەدەن تا ئێستا پڕۆسەكە زۆربەسەركەوتوویی بەڕێوە چووە وئێستاش كە وەستاوەودەپەڕینەوە بۆ قۆناغی دووەم.
قۆناغی دووەمی پڕۆسەكە
دواتر دەربارەی قۆناغی دووەمی پڕۆسەكە سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر دەڵێت: قۆناغی دووەم بریتییە لە قۆناغی جێبەجێكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ زیادكردنی منداڵ و زیادكردنی كەسی و دووەمیان سڕینەوەی مردوو سڕینەوەی ئەو كەسانەی كە تەواجودیان لێرە نییەو سێیەمیشیان ئەوانەی كە هاوسەرگیریان كردووەو دەتوانن پسوولەی خۆراك دەربهێنن لەگەڵ پڕۆسەی گواستنەوە لەبریكارێك بۆ بریكارێكی دیكە و لەشارێك بۆ شارێكی دیكەو لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە دیارە هەموو ئەومامەڵانە بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بكات لەهەمان ئەپلیكێیشن كە بڕگەیەكی تێدایە بەناوی بڕگەی خزمەتگوزاری ئەو بڕگەیە ئێستا هەیە، بەڵام كارا نییەو بڕیار وایە لەئاییندەیەكی نزیكدا ئەو بڕگەیە كارا بكرێت و هاووڵاتیان دەتوانن لەماڵەكەی خۆیان و لەشوێنی كارو هەرشوێنێك بن ئەوا دەتوانن كاری پسوولەی خۆراك ئەنجام بدەن، بەڵام لەو خزمەتگوزارییە بۆ هەر مامەڵەیەك دەبێ بڕی 10هەزار دینار وەكو ڕسومات پێشكەش بە بەرنامەكە بكرێت و دەچێتە سەر بانكی تایبەت بە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەویش بەشێوەی ئۆنلاین بە ڤیزە كارت و تریدی كارت و بە ئۆنلاین وەردەگیرێت و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی عێراق و لەچاوەڕوانی ئەوەداینە كە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئیعلانی بكات و هەندێك ڕێنمایی و تەعلیماتی تایبەت هەیە بۆمانی ڕەوانە بكات و تایبەتە بەو مامەڵەیەوچۆنیەتی وەرگرتنی پارەكە بە ئۆنلاین و خەریكی لێك تێگەیشتن لەگەڵیاندا لێرەو نابێ ڕۆڵی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەیاد بكەین بەتایبەتی خودی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم كە هەوڵ و هیممەتی زۆری كردووە بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕسوماتە كە بۆ هەرتاكێك بڕی10هەزار دینارە واتا بۆ لەمەودوا هەر دەبێ ئەو ڕسوماتە وەربگیرێت و ئێمە داوامانكردووە بە نووسراوی فەرمی تا ئەو پارەیە كەم بكرێتەوە بۆ 5 هەزار دینارو بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم پاڵپشتی لێكردووین و لەسەر هێڵ بووە تا بتوانین ئەو قورساییە لەسەر شانی هاووڵاتیان كەم بكرێتەوە كە 10 هەزار دینارە و بكرێتە 5 هەزار دینارو چاوەڕوانی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانین تا ڕەزامەندیەی وەربگیرێت بۆ كەمكردنەوەی پارەكەو نابێ ڕۆڵی كارمەندانی خۆمان لەیاد بكرێت كە شەوو ڕۆژ لەخزمەتی هاووڵاتیان بوونەو لەناو فەرمانگەكەی ئێمە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانیان كردووین وچەندین كەس هەبووە بە هەڵە ئەپلیكەیشنكەی پڕ دەكردەوەو كارمەندانی ئێمە بۆیان چاك دەكردنەوەو زۆرجار هاووڵاتیان پەیوەندیان بە ئێمەو كارمەندانەوە دەكردو ڕێنوێنیمان دەكردن و چەندین جاریش تیمی تایبەتمان ڕەوانەی دەرەوەی شاری هەولێر دەكرد بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ ئەنجام بدەن و ڕێنماییان بكەن.
نزیكەی 500 خێزان كێشەیان هەبووەو چارەسەر كراون
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر باسی ئەوەیكرد: ئەو خێزانانەی كە جیابوونەتەوەو ژمارەیان بریتییە لە 500 خێزان كێشەی خێزانیان هەبوو فۆرمی تایبەتمان هەبوو بۆمان پڕكردنەوەو دوای پڕكردنەوەی ئەو فۆرمە بە نووسراوی فەرمی ڕەوانەی بەغدا كران وتا ئێستاش لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنیان و هەندێكیشیان نامەشیان بۆ هاتۆتەوە تا كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت، بەڵام لەنامەكە كە لەڕێگەی كۆرەكەوە كە دێت پاسۆردەكەی تێدا نەبوو، بۆیە دووبارە پەیوەندیمان كرد كە پاسۆردەكەیان بۆ بنێرن تا وەكو بتوانن خۆیان ئەبدێت بكەن بۆ ئەوەی ناویان ئیزافەی سەر پسوولەی خۆركەكەیان بكرێت تا ئەو كاتەی كە خزمەتگوزاری مامەڵەی هاووڵاتیان ئەكتیڤ دەكرێت ئەو كاتە دەتوانن پسوولەی خۆراكەكەیان جیا بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەرهێڵین.
لەمەودوا بەوەتسئەپ و تیلیگرام لیستی بریكارەكان ڕەوانە دەكەین
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك گوتی: بۆ لەمەودوا لەڕێگەی وەتسئەپ یاخود تیلیگرامەوە بە شێوەی پی دی ئێف لیستی بریكارەكان ڕەوانە دەكەین و گرووپی تایبەتمان هەیە لەگەڵ بریكارەكان و هەر ڕێنماییەك و ئاگاداركردنەوەیەك هەبێت نامەیان بۆ دەنێرین، بۆیە بریكارەكان لەڕێگەی مۆبایلەكان و لەڕێگەی وەتسئەپەوە دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی لیستی بریكارەكانیان و زانیاری ڕاست و دروستیان پێ دەگات و لیستی تایبەتیان بۆ دەنێرین و پێك هاتووە لەناوی سەرۆك خێزان و ژمارەی ئەندامانی خێزان و لەڕێگەی مۆبایلەوە دەبێت و ئەو هەنگاوەش ئاسانكاری تەواویان بۆ دەكات.