سهرهتا وتار بە ویژدانەوە؛ کارەکانی کاک مەسرور بارزانی جێگەی ستایشێکی بێ ئەندازەیە
یەحیا فایەق جاف
ئەوەی جەنابی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمدا ئەنجامی داوە، جێگەی سەرسووڕمانە، لەگەڵیشدا بوێری و لێهاتووی و خەمخۆری جەنابیان نیشانی هەمووان دەدات، بە ویژدانەوە کارەکانی جەنابیان جێگەی ستایشێکی بێ ئەندازەیە، ئێمە زۆر باش ئەو ڕاستییانە دەزانین عێراق بۆ کێشەی مووچەیان بۆ مووچەخۆرانمان و حکوومەتی هەرێم دروست کردووە!! بەداخەوەم کە ئەمە دەڵێم؛ دژایەتی ئەوان بۆ حکوومەتی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکوومەت کاک مەسرور بارزانی بەرنامەڕێژییەکی تەواوی بۆ کراوە، ئەم ڕەفتارە نابەرپرسانەی دەوڵەتی عێراق کاریگەریی خراپی هەبووە بۆ سەر ژیانی مووچەخۆران و هەژاران و سستکردنی بازاڕەکانمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕاستی حکوومەت زۆر بوێرانە و تەواو لێهاتووانە قۆڵی ئاوەدانی لێ هەڵماڵیووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، پرۆژەی گەورەی ئەنجام داوە و کاروانی ئاوەدانی بە باشترین شێوە تاوداوە.
من لێرە پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێم ناژمێرم چەندن و چی کردووە و چی کراوە و چی دەکرێت؟ پڕۆژە گەورە و دیار و ستراتیژییەکان بۆ خۆیان دەدوێن؛ ئایدیای جەنابی کاک مەسرور بارزانی، ئایدیای سەرکردەیەکی لێهاتوو و خەمخۆرە بەرانبەر گەلەکەی و ئەو بەڵێنانەی کە داوێتی بە میللەتەکەی، گومان لەوەدانییە لە پێناو پێشخستن و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم، بە تایبەتیش لە بواری خزمەتگوزاری گشتی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و بونیادنانی کارگەی گەورە و شەقامی ستراتیژی و مۆدێرن و پڕۆژەی ئاوی گەورە بۆ زۆربەی شارەکان و بەنداو و پۆندی باش باش، زۆری دیکەش کابینەی نۆیەم کەمتەرخەم نەبووە و جێ دەستی دیارە.
لە بەرانبەردا ناحەزانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژایەتی هەموو پرۆژە و کارێکی باشی حکوومەتی هەرێمیان کردووە و بەردەوام و بگرە ڕۆژانە تەگەرە و لەمپەریان لەبەردەم کارە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێم و خودی جەنابی کاک مەسرور بارزانی دروست کردووە، چونکە ئەوان لە ئاوەدانی دەترسێن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ناتوانن لە ئاوەدانی و کارکردن و پرۆژەی گەورە گەورە ڕووبەڕووی جەنابی کاک مەسرور بارزانی ببنەوە، دروستکردنی کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم یەکێکە لە پیلانگێڕییە هەرە دیارەکانیان.
بێگومان ئیش و کار و پڕۆژەکانی ئەم کابینەیە، حکوومەتی عێراق و حزبە شیعییە مەزهەبەکانی تووشی شۆک و شڵەژان و دڵەڕاوکێ کردووە، ئەو پرۆژانەی کابینەی نۆیەم ئەنجامیداون زۆربەیان بۆ هاووڵاتییانە و خزمەتگەیەنەرن، هەندێکیان تەواو بوونە و هەندێکی دیکەیان نزیکن لە تەواوبوون، هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی مەسرور بارزانی بەرەو داهاتوویەکی پڕ ئاوەدانی و ڕووناکی و خۆشژیانی هەنگاو دەنێت، دەتوانین بڵێین ئێستە ئێمە لەسەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی هەرێمێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانەین، ئەو بێ مووچەییەش کە ئێستە بە پیلان سەپێنراوە بەسەرماندا، هەر بە لێهاتوویی جەنابی کاک مەسرور بارزانی کۆتایی پێدێت و دەبێتە ڕابردوو.
وەکو وتم ناحەزانمان دەیانەوێت بە هەر جۆرێک بێت خزمەتگوزاری و پێشکەوتنەکانی هەرێم ڕابگرن، دەیانەوێت کێشە بۆ حکوومەتی هەرێم دروست بکەن، دەیانەوێت هەرێم پێشنەکەوێت و نەبێتە خاوەن ئیرادە و ژێرخانی ئابووری بەهێزی خۆی. دەیانەوێت شارەکانمان وەکو شارەکانی خۆیان بێ خزمەتگوزاری بێت و میللەتەکەمان خاوەن ئیرادەی خۆی نەبێت و هەمیشە ژێر دەستەی ئەوان بێت، بێگومان ئەمە لە قاموسی پارتی و جەنابی کاک مەسرور بارزانی بوونی نییە و ڕوونادات.