نووسینگەی ڕاگەیاندنى وەزارەتی پلاندانانى عێراق، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 19ى 8ى 2025) جێگری سەرۆک وەزیران – وەزیری پلاندانان کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌نجام دا.
به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌، محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران – وەزیری پلاندانانى عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە هەردوولا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێشکەوتنەکانی بەدەستهاتوو لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا خرانەڕوو، کە بریتی بوون لە دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، هه‌روه‌ها دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ دۆسیەی بەنیشتیمانیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەم بارەیەوە.
له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ دراوه‌ كه‌ بەشداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ جەختیان لەوە کردەوە: “پێشکەوتنێکی گرنگ بەدەستهاتووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتى هه‌رێمی كوردستان، کە تێیدا هەموو مەرج و پێداویستییەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ) تەواو کراون”.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بڕیاردرا بەردەوامی بە گفتوگۆکان بدرێت بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی تر.
لە لایەنی حکوومەتی فیدڕاڵییەوە، هەریەک لە وەزیرانی نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، تەندروستی، و داد، ئامادەبوون، لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگە یاساییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، و دیوانی چاودێری دارایی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی.
لەلایەنی حکوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان، و سەرۆکی دیوان، و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ئامادەبوون.