
ئامادەكردنی: حەمە ئەحمەد جاف
16ئاب یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆژی پیرۆزی لەدایكبوونی جەنابی سەرۆك بارزانییە، وێڕای پیرۆزباییمان لە هەردوو یاد دەڵێین: پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی لە یەك كاتدا لە دایكبوون، ئەمەش درەوشانەوەی خۆرە بەسەر ئاسمانی كوردستاندا…
پارتی و بارزانی وەك دوو چرا لەئاسۆی 16 ئابی 1946 دا لە پێناو ڕزگاركردنی نەتەوەی كورد لە ژێر دەستی زوڵم ودوژمنە سەرسەختەكانی كوردو كوردستان، داگیرسان و كوردستانیان لە ژێرسەیوانی پارتی و باررانی دا خڕكردەوە و پێكڕا داكۆكییان لەمانەوەو پاراستنی ناسنامە و خاكی پیرۆزی كوردستان كرد،
پارتی و بارزانی لە پێناو سەركەوتن و مانەوەی ناسنامەی كوردو كوردستاندا بوونە شەو چرای رووناكی، دوێنی َ و ئەمڕۆ و تەنانەت بۆ ئایندەش وەك چرایەكی رۆشن لە دیوانی شاعیرانی نەتەوەكەماندا شیعرو شەمی وشە لە تاریكیدا دادەگیرسێن و كوردستان رووناكدەكەنەوە
– ئەوەتا حاجی تۆفیق بەگ (پیرەمێرد)ی شاعیری ناوداری كورد لە شیعرێكدا بەناونیشانی (عەشرەت هاوارە) كە بۆ پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراسی هۆنیوەتەوە دەفەرمووێت:
عەشرەت هاوارە، عەشرەت هاوارە
كــەوتـــوومە (ئاراس) ئاو بێـــــبوارە
ڕێم نییە منیش شوێن ئەوان كـەوم
پیـــــرم هەنگـــاوێـــك بنێـــــم ئەكـەوم
لێـرەش وا كـەوتوم بەدەم دەردەوە
لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە
دكتۆر! دەوای تۆم ناوێ لێم گـەڕێ
بەڵـكم بـە ئاهم دەوران وەرگـــــەڕێ
با وا وەرگـەڕێ، ئێـــــلم وەرگـــــەڕێ
بـا زرمـەی تـۆپی زەڕەی بەركەوێ
ئەو ساكە دوعای مـن وا گـیرا بـــێ
لـە خـــــانەی خاكا، ئــاواتــــم نـابــــێ
ئینـــجا تەلقـینـــــــم بدەن بە كـــوردی
بڵێـــــن ئاواتت هاتە جــــــێ و مـردی
– شاعیر لە وشاكارە شیعرە روو دەكاتە عەشرەتەكەی و هاواریان لێدەكا كە فریای فریشتەی رۆحی میللەتەكەیان بكەون و لەو كۆستی كۆچەی تێیكەوتوون رزگاری بكەن، هەڵبەتا پیرەمێردی شاعیر لەم شیعرەدا مەبەستێكی سەرەكی و چەند ڕوانگەیەكی قوڵ و هەستیاری هەیە، كە سەرەكیترین مەبەست دەربڕینی دەردێكی عاشقانەیە بۆ رۆحی زیندووی بارزانیی نەمر و هەستێكی نائومێدییە.بۆ شاعیر خۆی وەك «خەمێكی خنكاو» لە ناوەڕاستی ڕووباری (ئاراس) وەسفدەكات كە ناتوانێت جووڵە بكات یان ڕزگاری ببێت. ئەمە ئاماژەیە بۆ هاواری عیشقێكی رۆحی بۆ بارزانی كە ناتوانێ بیگاتێ و لەو تەنگەتاویەدا رزگاری بكات!! وەك لە شیعرەكەدا دەڵێت: ڕێم نییە منیش شوێن ئەوان كەوم»: هەست بە بێهێزی دەكات و ناتوانێت شوێن یاوەرانی بكەوێت. لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە»: ئازاری دوورخستنەوە و هاواركردن بۆ عەشرەتەكەی لە خانەی خەڵكا، ئاواتم نابێ: ئارەزوی مردن دەكات و نایەوێت لەژیاندا بمێنێت.
پیرەمێرد دەردی عیشقی رۆحی خۆی و، نائومێدی، و مردنخوازی خۆی بۆ بارزانیی نەمر دەربڕیوە. شیعرەكە هەوڵێكی دوورە دەستە بۆ گەیاندنی ئەوەی كە هەستەكانی چەندین قوڵاییان هەیە، لە ناڕەزایی عاشقانی رێبازی پیرۆزەوە تا ئارەزووی كۆتایی ژیان. تایبەتمەندی شیعری پیرەمێرد توندی و ڕاستگۆیی لە باسكردنی ناخۆشییە ڕۆحییەكاندا بووە، كە لەم شیعرەدا بە تراژیدیانە دەردەكەوێت
– هەروەها مامۆستا (كاكەی فەلاح) بەبۆنەی گەڕانەوەی قارەمانی كورد ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بۆ خاكی نیشتمان لە شیعرێكدا بە ناونیشانی (بۆ هەڵۆی كوردستان) كە لە رۆژنامەی ژین بڵاویكردۆتەوە دەڵێت:
ئەی گلێنەی چاوەكانم، ئەی هەڵۆی كوێستانی كورد
چقڵی چاوی دوژمنانی، خاكی كوردستانی كورد
قارەمانی، نەوجەوانی، شۆڕشی بارزانی كورد
ئەی جگەرسۆزی نەبەرد و قۆچەكەی قوربانی كورد
موژدە بێ زنجیر و كۆتی كۆیلەیی ئەم میللەتە
وا لەژێر چەكوشی خەباتا، وردوخاش و لەتلەتە
* * *
ئەی زەعیمی شۆڕشی كورد، ئەی زەعیمی قارەمان
نووكی نێزەی جەرگی دوژمن، ساڵەهای ئاوارەمان
ئەی لە ڕێی بەیداخی خۆشی جەژنەكەی ئەمجارەمان
موژدە بێ ناحەز خەڵاتە، بۆ پەتی سێدارەمان
ئەو كەسەی ناپاكی گیانی نیشتمان و میللەتە
دیارە شایانی قەنارە و گوللەباران و پەتە
* * *
تۆش لە ڕێی مافی گەلی خۆت، شۆڕشی بارزانەكەت
بەڵگەیە بۆ ڕاپەڕینت، شاخی كوردستانەكەت
خوێنی كوردیش ئاگرە، بۆ مەشخەڵی هەستانەكەت
شوێنی شانازیی وڵاتە، لاپەڕەی داستانەكەت
جەوهەری تۆ، ڕۆژ و شەو، وێردی زمانی میللەتە
لاپەڕەی مێژووی ژیانت، پڕ خەبات و هەڵمەتە
* * *
تۆش لە ڕێی ئازادیا بوو، شۆڕشی خۆت نایەوە
بوویتە پێشمەرگەی وڵاتت، بەو هەموو خولیایەوە
چەند كەڕەت جەرگوهەناوی، دوژمنت بەردایەوە
هێزی تاریكی بەزەبری هێرشت ئەشكایەوە
ئەو كەسەی دڵسۆزی خاكی نیشتمان و میللەتە
ئەی هەڵۆ، بۆ تۆ، دڵ و چاوی پەرۆشی ڕێگەتە
* * *
– مام هەژاری موكریانی لە شیعرێكدا بەبۆنەی مەرگی بارزانی مستەفاوە بەناونیشانی (بارزانی نامرێ) دەفەرمووێت:
بارزانی پاڵەوانی كورد
هیوای پیر و جەوانی كورد
خە بەریان پێدام تۆ مردووی
بە دیمەن لە بەرچاو ون بووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بە هێزتری
* * *
– هەروەها لە درێژەی شیعرەكەیدا دەڵێت:
دوژمن لە زەبری دەتاسێ
كێ بێ بارزانی نەناسێ؟
بەر لە شۆڕشی بارزانی
كەس بە كوردی نەدەزانی
ئەو كوردی بە دنیا ناساند
هاواری بە دنیا گەیاند
لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا
لەسەر بەژ، لەناو دەریادا
بە كێ بڵێی كوردستانیم
پێت دەڵێ بڵێ بارزانیم
* * *
– هەروەها مام هەژار لە سروودێكی شاكاردا كە بۆ شۆڕشی ئەیلوولی نووسیوە، دەڵێت:
ئەگەر دنیا مژ و تەم و تاریكە
ئەگەر ڕێگا كەند و كڵۆ و باریكە
ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە
ئەگەر بەفرە و شڵێوەیە و تۆفانە
ئەگەر گێژە و كڕێوەیە و بۆرانە
ئەگەر لە هەرجێدا چەتە و گۆرانە
تۆ شارەزا و ڕێ نیشاندەری لاوانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
* * *
ئەگەر دوژمن پڕا و پڕی دنیا بێ
شەپۆڵ بداتەوە، وەكوو دەریا بێ
چەكی دەسی لە ئێمە زۆر زۆرتر بێ
لە گش دڕندە، وەحش و پیاو خۆرتر بێ
خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن
بۆمبا لەبن فڕۆكەیان دابارن
لە كوردستان تۆمان هەبی بەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
* * *
كوردین كوڕی چیا نەبەرد و شێرین
بە كوشتنی داگركەرانمان فێرین
لە دوژمنان تۆڵە و هەقمان دەستێنین
ئەو ڕۆژی كورد دەكرا بە دیل ئەو ڕۆیی
یان مردن و یان ژین بە سەربەخۆیی
دوژمن كوژی كوردپەروەری ڕێزانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
* * *
– مامۆستا خالیدئاغای حسامی (مام هێدی) لە شاكارە شیعرێكدابەناونیشانی (بە یادی تۆ بارزانی) دەڵێت:
من دەمگوت: پێشمەرگەی چاكم
دەمگوت لە مردن بێباكم
دەمگوت: من كوردێكی ئازام
نابەزم، ناكەوم بەزام
دەمگوت: سەر با لەسەر دار بێ
بەڵام كوردستان ڕزگار بێ
دەمگوت: جا من بۆ بمێنم
گەر سەر بۆ دوژمن دانوێنم
دەمگوت: تۆ هەر لەوساوە بووی
پشتی گەلی چەوساوە بووی
من دەمگوت: گەل دەگەل ڕێبەر
پەیمانێكە و دەیباتە سەر
تا دەمویست ناوی تۆ بێنم
دەتگوت شمشیر دەوەشێنم
لە پیتم، لە وشەم، لە ڕستەم
لە شیعری گەرمم، لە بەستەم
كوێستان ئەوتۆ گەرم دەبوو
گەرمێن هاڵاوی بۆ دەچوو
دەمگوت چی ئەمدی چی ئەمبیست
دەمگوت هەرچی دڵم دەیویست
من تۆم ئەدی و پڕ بە باڵام
لە باڵای خەیاڵ دەهاڵام
تینی هەبوو وتە و وەڵام
بارزانی تا تۆم بوو، بەڵام
كۆچی تۆ وایكرد لە هەستم
سۆز نەما لەناو هەڵبەستم
دەینووسم و لەبەر خۆمەوە
بە فرمێسك دەیشۆمەوە
بێ تۆ گەرچی لە كوڵ پڕن
هەناسێكی سارد و سڕن
تۆ هێزی هەست بزوێنەر بووی
بۆیەش هەر ئەودەم كە تۆ چووی
تەڕی و تێرئاوی هۆنراوان
جێیان گۆڕی هاتنە چاوان
دەبوو چاو لە دڵ بتۆرێ
خوێنی ئەو دێ لەو دەچۆڕێ
هەر دڵ دەستی كرد بە شینی
چاو لێڵ دەكا تۆ نابینی
نانا، چم گوت؟ تۆ نەمری
نەمدی كەس بۆ نەمر بگری
* * *
– مامۆستا عەبدوڵلا پەشێو شاعیری ناسراوی كورد لە شیعرێكدا بۆ بارزانیی نەمر پێماندەڵێت:
لەم ڕۆژانە، ئازیزەكەم
خۆشەویستی گیانی برسیم
زۆر بە تاسە و پەرۆشەوە
هات لێی پرسیم:
ووتی . . گەربڵێم پەیكەرێ
داتاشم بۆكوردپەروەرێ
بۆكێی دەكەی؟
منیش ووتم:
كوردستانم لە زەمینی تا ئاسمانی
تێیدا نیی دڵسۆزتر بێ لە بارزانی
* * *
– هەڵبەت (شێركۆ بێكەس) یش لە شیعرێكدا بۆ خۆشەویستی بارزانیی نەمر دەڵێت:
خۆشمان ئەوێی
بەقەد ڕقی شمشێری ناوچاوی ئەوان
خۆشمان ئەوێی
بە قەد كینەی گوللەتۆپ و
كوێرە بۆمبای فڕۆكەیان.. خۆشمان ئەوێی
بەقەد ناڵەی تەقینەوەی (تی،ئێن،تی) ناو
جانتاكانیان.. خۆشمان ئەوێی
بەقەد داوی پیلانی ژێر
مێزەر و جبەی پێداویان
خۆشمان ئەوێی
ئەمانەوێی
وەك گوللە بۆچەكەكانمان ئەمانەوێی
وەك چەك بۆ پێشمەرگەكانمان
ئەمانەوێی
وەك باران بۆ كێڵگەكانمان
ئەمانەوێی
هەربۆمەرگ نامەنەوێی
ئەی بارزانی
* * *
– شاعيری ناسراوى كورد، حهسيب قهرداخی كه به شێخی شاعيران ناسراوه له ساڵی 1995، شيعرێكی به ناونيشانی (بۆ بارزانی) نووسيوه كه ئهمه دهقهكهيهتی:
كە تۆ هەبووی هەر تۆ هەبووی
هەبوویی، سەرووی گشت هەبووان بووی!
هەركەس سەری لێ دەشێوا
هەركەس رێگەی لێ ون دەبوو تۆ باوان بووی
بۆ دڵدارانی ئازادیی تۆ سایە بووی جێ ژوان بووی
كە تۆ هەبووی ئەمان هەموو دەستەونەزەر چاوەڕێت بوون
دەروێشەكانی دوێنێی خۆت، چی قەوماوە وەها شێت بوون؟
تۆ خۆرێك بووی ئاسمانی شینی كوردستان
بەشی باڵای نەدەكردی ..
ئەی پێم ناڵێی ئەم رۆژگارە حەرامزادە
لەناو گەڤی ئەم سەگوەڕە نەبڕاوەدا
بۆ كوێی بردی، بۆ كوێت دەبات؟
چییە دڵم وێران دەكات؟
دڵم ڕووت بوو
ئێستە چمكێ لە یادی تۆی لەبەرایە
بۆچی سەرم دەتەقێنن؟
چونكە ئەویش خۆشەویستیی تۆی وەكوو تاج لەسەرایە؟
* * *
– حەسەنی دانیشفەڕ (هێور) لە شیعرێكدا بەناونیشانی (مۆمی داگیرساو) بۆ بارزانیی نەمر دەڵێت:
هەرچەند جاری سەر هەڵدێنم
لە دیـــــــــواری ڕادەمێنم
گوڕم دەخاتەوە گیانی
وێنەی پیرۆزی بارزانی
بارزانی میری شامێران
رووگەو قەڵای شۆڕشگێڕان
تۆ بووی كە ئاراست دەبڕی
كوردایەتیت بە گیان دەكڕی
ئاڵای كۆمار لە دەستت بوو
ئایین سەرچاوەی هەستت بوو
ویستم كەبێمە سەر گۆڕت
شیوەن بگێڕم لە كۆڕت
لە دوو ڕێیانێ تێ مابووم
لەو هات و نەهاتەی دابووم
دەنگێك هەموو دنیای تەنی
وتی نامری ئەزبەنی!
سەرچاوەكان:
– دیوانی هەژار بۆ كوردستان/ شیعرێك بۆ بارزانیی نەمر
– دیوانی كاروانی خەیاڵ ـ شیعری (بە یادی تۆ بارزانی) مام هێدی
– دیوانە شیعری (من تینوێتیم بە گڕ ئەشكێ) شێركۆ بێكەس
شیعری : خۆشمان ئەوێی
– دیوانە شیعری (هێور) حەسەنی دانیشفەڕ 2019
– ڕەنگدانەوەی كەسایەتی بارزانی مستەفا لە شیعری چەند شاعیرێكی كورددا
ئامادەكردنی (حەیدەر جەوهەر)
– چەند گۆڤارێكی دەنگی پێشمەرگە
– فەرهەنگی خەم/ شێخ حەسیب قەرەداخی
– هەردوو رۆژنامەی خەبات و هەولێر
– ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی (كوردۆپێدیا)