خه‌بات ـ عه‌لی بانیشاری
له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان گه‌رماوی مێژوویی پاشا له قه‌زای كفری له‌سه‌ر هه‌مان نه‌خشه‌ی پێشتر نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه و ده‌كرێته ناوه‌ندێكی مێژوویی و شوێنه‌واریی گرنگیی ناوچه‌كه. نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گه‌رماوه‌كه دوای ئه‌وه دێت له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌واوه زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت.
عوبه‌ید محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری كفری به (خه‌بات)ـی ڕاگه‌یاند: كه‌متر له هه‌فته‌یه‌كه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گه‌رماوی كۆنی پاشا له كفری ده‌ستیپێكردووه و ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه ته‌نیا سێ مانگه و كرێكار و وه‌ستای ناوخۆ كاری تێدا ده‌كه‌ن.
گه‌رماوی مێژوویی پاشا له كفری له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19ـی زایینی دروستكراوه و یه‌كێكه له شوێنه دێرینه‌كانی ناوچه‌كه و دیزاینێكی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه. به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری كفری ده‌ڵێت: گه‌رماوه‌كه به كه‌ره‌سته‌ی ناوخۆیی وه‌كو به‌ردی قایه و تاوێر و گه‌چ و قسڵ دروستكراوه و به‌هه‌مان كه‌ره‌سته نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه. ده‌شڵێت: له سه‌ده‌ی 19 كفری ناوه‌ندێكی بازرگانیی گرنگ بووه و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بازرگانان و ڕێبواران تێیدا ماونه‌ته‌وه.
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گه‌رماوی كۆنی كفری له‌سه‌ر بودجه‌ی ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نییه‌ت و به سه‌رپه‌رشتی تیمێكی پسپۆڕی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری گه‌رمیان و كفری و له‌ژێرچاودێریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور و به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ قائیمقامییه‌تی قه‌زای كفری جێبه‌جێ ده‌كرێت.
عوبه‌ید محه‌مه‌د باسی له‌وه‌ش كرد، له قه‌زای كفری ته‌واوی گه‌ڕه‌كی كه‌له‌پووری باوه‌شاسوار و زیاتر له 30 خانووی كه‌له‌پووری كه مێژووه‌كه‌یان بۆ 150-250 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ شوار و قه‌یسه‌ریی كۆنی شاره‌كه و كۆشكی مه‌جید پاشای بابان و ته‌په‌ی دوانزه ئیمام و كۆشكی زه‌ندی، هه‌روه‌ها 26 گومه‌ز پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه.
ناوبراو ئه‌وه‌شی گوت: ده‌رخسته‌یان بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه كردووه كه پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه و ئاڕاسته‌ی سه‌رووی خۆیان كردووه. به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری كفری زیاتر گوتی: له كۆی 27 گومه‌ز له نێو گۆڕستانی كۆنی كفری تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا یه‌ك گومه‌ز و له كۆی سێ ئاسیا و دوو ئاسیا‌و نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه. ڕاشیگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو ئاسیاوه‌كه له ساڵی 2011 نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، له ئێستادا پێویستیان به پاراستنه. وابڕیاره پاش نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گه‌رماوی مێژوویی پاشا له قه‌زای كفری، ڕێكخراوه‌كه ده‌ست به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووی كه‌له‌پووری (داود زریفه) بكات.












