سهرهتا وتار قەیرانی بۆڕی نەوتی (عێراق – تورکیا) و هەرێمی کوردستان لە ژێر ڕۆشنایی...
مستەفا ئیسماعیل نزاری
بڕیاری ڕەجەب تەیب ئوردۆگان لە ڕۆژی 20ـی تەمووزی 2025 بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هەناردە کردنی نەوتی عێڕاق (1973) لە ڕێگەی بۆڕی کەرکووک – جیهان کە ڕۆژانە بڕی(١،٦) ملیۆن بەرمیل نەوتی لە عێڕاق دەگواستەوە بۆ تۆرکیا بە مەبەستی گەیاندنی بە بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ ئەم بڕیارە بووتە یەکێک لە مژار و بابەتی جیوپۆلیتیک و یاسایی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە و کاریگەیشی دەبێت بەسەر هەناردەی نەوتی کوردستان؛ ئەگەچی تاکو ئیستا عێراق هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی نەبووە بەرانبەر هەڵوەشاندنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن تورکیاوە بەشێوەیەکی تاک لایەنانە.
هەروەها دوایین بڕیاری حکوومەتی تۆرکیا سەبارەت بە ڕێکەوتننامەی ساڵی (١٩٧٣ )(1) نێوان عێڕاق و تۆرکیا؛ بۆ گواستنەوەی نەوت، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی فەرمی ڕێکەوتننامە کە و گشت پرۆتۆکۆلەکانی کە لە بەرواری (٢٧-٧-٢٠٢٦) دا کۆتایی پێدێت، ئەو بڕیارەش لە دوای سکاڵای عێڕاق و بڕیاری ناوبژیوانی نێودەولەتی (ICC)(2) دێت کە تۆرکیا مل کەچ دەکات بە قەرەبوو کردنەوەی عێڕاق بە بڕی (١.٥) میلیار دۆلار لە بری ئەو نەوتەی کە هەرێمی کۆردستان لە ڕێگەی هێلی بۆری تۆرکیا فرۆشتوویەتی لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨).
ئەو کێشەیە کەی و چۆن دەستی پێکرد؟
هەر وەک لە سەرەوە دا باسمان کرد کە ڕێکەوتنامەی گواستنەوەی نەوتی عێڕاق و تۆرکیا لە ساڵی(١٩٧٣) دا ئیمزا کراوە و لە ساڵی (١٩٧٥) دا کارا کرا وە، لە ساڵەکانی (١٩٨٥) وە (٢٠١٠) دا کۆمەڵێک پرۆتۆکۆلی بۆ زیاد کرا و بە پێ هەموار کردەنەوەی (٢٠١٠) لە مادەکانی (٢.٣) و (٤.٤) دا تۆرکیا دە بێت نەوتی عێڕاق بە پێ ڕێنەماییەکانی وەزارەتی نەوت عێڕاق بارکردن بۆ نەوتەکە بکات، هەوروەها نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێڕاق ، ڕێگەیان پێ بدرێت بچنە نێو دامەزراوەکانی تێرمینالی جەیهان بۆ ئەنجام دانی پێوانە هاوبەشەکان ، واتە تورکیا دە بێت پابەند بێت بە بارکردنی تەنها ئەو نەوتەی کە بە پێ فەرمانی کۆمپانیای (سۆمۆ)(3) هەناردە دەکرێت. حکوومەتی عێڕاقێش لە بەرامبەر ئەو نەوتەی کە لە هەرێم نێردرابوو، هەڵسا بە تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و دادگاش بڕیاریدا بە مل کەچ کردنی تۆرکیا بە پێدانی (١.٥) میلیار دۆلار بە عێڕاق ، وە لە بەرامبەریش دا تۆرکیا لە (٢1-٧-٢٠٢٥) دا رایگەیاند کە کۆتایی هێناوە بە ڕێکەوتننامەکە و داوای دانووستانی کرد بە شێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە.
ئێستا ئەو کێشەیە لە چ بارۆدۆخێک دایە ؟
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق درەنگانی ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕاگەیاند، کە تورکیا ڕەشنوسی پێشنیازی نوێکردنەوە و فراوانکردنی ڕێککەوتنی وزەی نێوان هەردوو وڵاتی پێشکەش بە عێراق کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری لە بواری نەوت، گاز، پترۆکیمیایی و کارەبادا بگرێتەوە. هەروەها بەرپرسێکی باڵای تورکیا پێشتر دووشەممەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، تورکیا هێشتا دەیەوێت هێڵی بۆری نەوت لەگەڵ عێراق زیندوو بکاتەوە(4).
ئایا هەرێمی کۆردستان بە پێ دەستوور مافی بە بازار کردنی نەوت م غازی خۆی هەیە یان نە؟
شیکاری یاساییمان لەسەر بنەمای دەستووری عێراقە کە چوارچێوەیەک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا دابین دەکات.
پێش ئەوەی بچینە سەر مادە پەیوەند دارەکان بە بابەتی نەوت و غاز دەبێت جەخت بکەینە سەر مادەی یەکەم لە دەستووری عێڕاقی، بە پێ دەستووری عێڕاقی ، لە مادەی یەکەم دا (جمهوریە العراق دولە اتحادیە …… الخ) واتە کۆماری عێڕاق حکوومەتێکی فیدراڵیە ، وە ئەوەش دەگەینێت کە شتێکمان بە ناوی حکوومەتی ناوەندی نیە لە دەستووردا . کەواتە هەرێم بەشێکە لە سیستەمی حووکمڕانی لە عێڕاقدا ، وە بە پێ دەستوور حکوومەتی عێڕاقی زاڵ نیە بە سەر هەرێم ، بە لکۆ هاوەبەشە لەگەلیدا.
مادەی (١١١) ؛ نەوت و غاز مۆلکی سەرجەم خەڵکی عێڕاقن لە هەموو هەرێم و پرێزگاکاندا(5).
مادەی (١١٢) یەکەم: (حکوومەتی فیدراڵی لەگەل هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان ، نەوت و غازی بەرهەم هێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بە ڕێوە دەبات …..هتد). دووەم : (حکوومەتی فیدراڵی لەگەل هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان بە یەکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژ کردنی سیاسەتی ستراتێژی پێویست بۆ بەرەو پێش بردنی سامانی نەوت و غاز….هتد)(6).
مادەی (١١٥)؛ (لە ئەگەری ناکووکی لە دەستەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە)(7).
مادەی (١١٦) حکوومەتی فیدڕاڵی لە عێڕاق پێک دێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لا مەرکەزیەکان وە ئیدارە ناوخۆییەکان ….هتد)(8).
بە پێ مادەکانی (١)(١١١)(١١٢)حکوومەتێکێ ناوەندی مان نیە بەڵکۆ حکوومەتێکی فیدراڵی مان هەیە کە هەرێمی کۆردستان هاوبەشە لە گەڵیدا ، هەروەها لە بابەتی نەوت و غازیشدا لە بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنیشی هاوبەشە، وە لە هیچ مادەیەکدا جەخت نەکراوە سەر ئەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بە تەنیا مافی بەرهەمهێنان و بە بازاڕ کردنی نەوت و غازی هەیە . هەروەها بە پێ مادەی (١١٥)نەوت و غاز لە دەستەڵاتی تایبەتی حکوومەتی فیدراڵی نیە ، هەروەها هەتا ئێستا عێڕاق یاسایەکی تایبەت بە نەوت و غاز نیە کە چی حکوومەتی هەرێم یاسای تایبەت بە نەوت و غازی هەبوو لە ساڵی (٢٠٠٧)(9) ە وە. هەروەها بۆشایی یاسایی و نەبوونی یاسایەکی هەمەلایەنەی نەوت و گاز لەسەر ئاستی فیدراڵی وایکردووە کە هەرێم دەرکردنی یاسای نەوتی هەرێم بە مات و تایبەتمەندی خۆی بزانێت. .کەچی دادگای باڵای فیدراڵی هەڵسا بە دەرکردنی بڕیار لە دژی ئەو یاسایە؛ بە بیانووی نادەستووری بوونی، کە چی لە مادەکە دا دەبینین کە لەکاتی ناکووکی دا پێشێنە بۆ یاسای هەرێمە. هەروەها مادەی (١١٦)بەڵگەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پێکهاتەی فیدراڵی عێراق و بەپێی بنەماکانی فیدراڵیزم، دەسەڵاتی یاسایی فراوانی هەیە لە بواری سامانە سروشتییەکاندا.
پەراوێزەکان:
1) Crude Oil Pipe line Agreement between the government of the Iraq republic and the government of the Turkish republic(https://jusmundi.com/en/document/treaty/en-iraq-turkey-pipeline-agreement-1973-iraq-turkey-pipeline-agreement-1973-monday-1st-january-1973)
2) دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (ICC )کە بنکەکەی لە پاریسە، دامەزراوەی ناوبژیوانی پێشەنگی جیهانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکا.
3) کۆمپانیای دەوڵەتی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق.
4) Turkey submits draft proposal to Iraq to renew, expand energy agreement)(https://www.reuters.com/business/energy/turkey-submits-draft-proposal-iraq-renew-expand-energy-agreement-2025-07-21/?utm_source=chatgpt.com)
5) سەرەنج بدە مادەی (١١١) لە دەستووری عێڕاق،
(https://www.parliament.krd/media/2098/destwr.pdf)
6) سەرەنج بدە خاڵی یەکەم و دووەم لە مادەی (١١٢) لە دەستووری عێڕاق،
(https://www.parliament.krd/media/2098/destwr.pdf)
7) سەرەنج بدە مادەی (١١٥) لە دەستووری عێڕاق،
(https://www.parliament.krd/media/2098/destwr.pdf)
8) سەرەنج بدە مادەی (١١٦) لە دەستووری عێڕاق،
(https://www.parliament.krd/media/2098/destwr.pdf)
9) قانون رقم (22) لسنە (2007) – قانون النفگ و الغاز لإقلیم كوردستان – العراق
10) بڕیاری تۆرکیا بۆ ڕاگرتنی ڕێکەوتننامەی گواستنەوەی نەوت و غاز کە لە ڕۆژنامەی فەرمی تۆرکیا دەرچووە لە بەرواری (٢١-٧-٢٠٢٥)
https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2025/07/20250721.pdf.