حەمه ئەحمەد جاف
(چڵی شۆڕەبی) دوا بەرهەمی ئەدەبی خاتونی شاعیر‌و چیرۆكنووس (بەهرەموفتی)یه، كەتێیدا كۆمەڵێك شیعر‌و پەخشان و كورته چیرۆك له‌خۆدەگرێت، كه به‌بەرگێكی قەشەنگ و دیزاینێكی جوان له‌چاپخانەی زانكۆی سەلاحەددین هەولێر چاپكراوه، دیزاینی بەرگ (كاوه‌فاروق)و دیزاینی ناوەوه (بژار نەجیب)ه و له‌بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانه گشتییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەی سپاردنی بۆ ساڵی 2025 دراوەتێ . شایانی باسه له‌ئێوارەی 14-7-2025 رۆژی دووشەممه لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد كۆڕێكی بۆ خاتوو بەهره موفتی شاعیر سازكرد كە تێیدا تازەترین كتێبی خۆی بەناونیشانی (چڵی شۆرەبی) بڵاوكردەوە گوتی:
ـ به درێژایی ته‌مەنمم قه‌رزاری وشه شیعره‌كانم، ئه‌وه‌ی منی دروستكرد هێزی پێدام ئه‌وه‌ی ناخی ڕوونكردمه‌وه‌و گه‌وره‌ی كردم له‌ئامێزی خۆی وه‌كو دایك گه‌رمی ده‌كردمه‌وه قه‌ڵه‌مه‌كه‌م پێش من ده‌ڕوا و ڕه‌نگیكردم به‌جوانیه‌كانی خۆی هه‌ر وشەیه‌كم ئازار هاوارێكی دڵن، ناز و باڵی هه‌ڵفرینمن دنیای ڕاسته‌قینه‌ی نیگاكانمن… وشه‌گیان.. سوپاس بۆ ئه‌و جوانیانه‌ی پێتبه‌خشیم.

كاك ناڵه حەسەنی شاعیر و نووسەر له‌رۆشنایی ئێواره كۆرەكەی بەهرە موفتی شاعیردا له‌گوتی: بەهره موفتی هاوڕێیەكی دێرینمه، له‌ڕێگای شیعرەوه له‌ناوەڕاستی نەوەدەكان یەكترمان ناسی و له‌چەند كارێكی گرینگ بەیەكەوه بەشداریمان بووه، لەوانه، دەركردنی كتێبێكی شیعری بۆ شاعیره لاوەكان له‌ساڵی ١٩٩٦ بەناوی (وەسیەتەكانی هەڵم)، هەروەها هەر لەو سەردەمانه بەشداریمان له‌یەكەمین (میهرەجانی شیعر بۆ ئەنفال) له‌هۆڵی میدیای شاری هەولێر، من و بەهره‌و چەند شاعیرێكی تر لەو میهرەجانه شیعرمان خوێندەوه، ئەمانەو چەندین كاروچالاكیتر، خۆشحاڵ بووم دوای زیاتر له‌سی ساڵ ئەم هاوڕێیەم بەخۆیی و كتێبێكی نوێی شیعری بینیەوه، به‌دەنگ و ئیلقا جوان و بەسۆزەكەی چەند شیعرێكی بۆمان خوێندەوه، هیوای بەردەوامی بۆدەخوازم و داوای لێدەكەم لەمەودوا دانەبڕێت له‌گۆڕەپانی شیعر و داهێناندا.
چڵی شۆڕەبی، دوا بەرهەمی خاتونی شاعیر‌و چیرۆكنووس بەهرە موفتییه شاعیر ئەو بەرهەمەی پێشكەش به‌باوكی كردووه و دەڵێت باوك ئەو مرۆڤەیه كه‌جێگرەوەی نیه له‌خۆشەویستیدا، هەروەها هەمان كتێبی پێشكەش به‌كانیلەی نازدارو بژارخانی گوڵ كردووه خاتونی شاعیر له‌پێشەكی ئەو بەرهەمەیدا دەڵێت:
له‌دوای ماوەیەكی درێژی بێدەنگیمدا ئەو چڵه شۆڕەبیه چاوی هەڵێنا و جارێكی تر قەڵەمەكەم دەستی گرتمەوه و بێ ویستی خۆم بردمیان، هەموو شتێكی جوانیش له‌شكۆی شیعرەوه له‌دایك دەبێت و ونیش دەبێت و هاوكات ونبونیش پڕه له‌دابڕان و ژیان و قوڵبوونەوه له‌چڵەكانی شۆڕەبی ئەدەبدا، لێرەوه پڕم له‌سرووشت و رۆحی سەوزی باخچەو كانیله‌و چاوەكان رووبار..
بەنده لەو بەرهەمەمدا به‌پێویستم زانی چاوی هەڵسەنگاندنی دەقه شیعرییەكانی خامەی ئەو نووسەرانەی كه‌لەسەر منیان نووسیوه به‌خوێنەران ئاشناكەم، چڵی شۆڕەبی.. له‌سەرەتاوه تا ئێره ئەو سەردەمه جوانانەی كه بەهره موفتی یان تێدا دروستكردووه.
بەهره خان… له‌ونبوونەوه دەستپێدەكاو له‌گوێسوانەی خەمەكانیدا باڵندەكانی ژنیەتی خۆی و چۆلەكەكەی سنگی هەڵدەفڕێنێ!
هەروەك مامۆستا بۆتان جەلالی شاعیر دەڵێت: بەهره، ژنی به‌باڵنده چواندووه، كە ناتمۆكردنی زەحمەتەو پێویسته‌و ئەو كەسەی ژن بگرێته نێو دەستەكانی خۆی له‌پەروەردەكردنیدا چەشنی پەروەردەكردنی باڵندەكان شارەزایی هەبێت، چونكه‌وا ئاسان نیه به‌دڵی ژن لەسەر لقی درەختێك بحەسێتەوه‌و ئارام بگرێت.
مامۆستا كازم كۆیی شاعیریش به‌هەستێكی كۆییاتییەوه سەبارەت خاتونی شاعیر بەهره موفتی دەڵێت: خاتو بەهره موفتی وەكو دەنگێكی بەرزی ئافرەت زوو خۆی ناساند و جێگەی خۆی زۆر بەجوانی گرت و بۆشاییی ئەدەبی پركردەوە.
خاتونی شاعیر له‌دەسپێكی ئەو بەرهەمەیدا له‌شیعرێكیدا به‌ناونیشانی (ونبوون) پێمان دەڵێت:
كه‌ونبووم بەدوامدا مەگەڕێ
زەمەنێكه لەئاوێنەی خۆتت كردوومەته‌وەو
تەسبیحی پساووی ده‌سته‌كانتم
ئای لەم زه‌ویه دڵره‌قه‌ی
نیشتمانی دایكم
شه‌قامه‌كان پڕن له‌ورده گەڵای
هه‌ژه‌كه‌كان
كه‌ونبووم به‌دوامدا مه‌گەڕێ
كه‌له‌ئامێزی ره‌وه‌زه‌كاندا هەڵت نه‌گرتم و
به‌ده‌سته‌كانی محه‌به‌ته‌وه،
نه‌بوویه دەسرازەی سنگی ریه‌كانم
وەلی ده‌مێكه سپێده‌كانم ته‌مه‌و
چاوه‌كانت خۆری ئاوابوونن
كەونبووم بەدوامدا مەگەڕێ
خاتونی شاعیر له‌واتای شیعری ونبووندا دەڵێت: باسی دابران و ونبوون و جیابوونەوه‌دەكات. كه‌دەڵێت: كه‌ونبووم بەدوامدا مەگەرێ نیشانەی هەستی ونبوون و نەهۆكارییە. «تەسبیحی پساوی دەستەكانم» وەك هێمایەك بۆ نەهۆكاری و بێبەرەكییه – ئاوێنە: نیشانەی خۆبینین و ڕووخانی هیوا ورده‌گەڵای هەژەكەكان: نیشانەی نەتەوەیەكی بێكەس.
دەرگای داخراوی ڕووت: نیشانەی گۆڕانكاری و نەگەڕانەوەیه بۆ ڕابردوو.
ئەو شیعره باسی نائومێدی و دڵتەنگی دەكا، بەڵام له‌هێماكاندا جیاوازن. بەهرە موفتی شاعیر زیاتر باسی ئازاره‌كەسییەكان دەكات، لەكاتێك خاتوونی شاعیر زیاتر باسی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دەكات ئەو شیعره به‌زمانێكی هونەری و هێماكارییەوه نووسراوە، كه‌ئەمەش وایكردووه كاریگەری زیاتریان هەبێت. بەكارهێنانی هێما وەك «چۆلەكە» و «ئاوێنە» یارمەتی دەدات كه‌بیرۆكە كه‌باشتر له‌مێشكدا بمێنێتەوه.
ئەم شیعره‌نیشانەی ئەو هونەره باڵایەیه كه‌شاعیرانی كورد دەیەوێ له‌ڕێگەی شیعرەوه هەسته‌قوڵەكانی مرۆڤ دەربڕن. ئەگەر ئارەزوو دەكەن. هەروەها بەهرە موفتی شاعیر له‌شیعرێكدا دەڵێت:
چۆلەكەیەك له‌سینگمایە
نەجێی دەبێتەوه له‌سینگم
نەبواری هەیه بۆ فڕین
داخی گرانم
زۆر سەخته ناڵەی جوكه‌جوكەكانی
خاتونی شاعیر لەو شیعرەدا باسی دڵتەنگی و بێ هیوابوونی دەكات. «چۆلەكەیەك له‌سینگمایە» وەك هێمایەك بۆ بارودۆخێكی ناخۆش بەكاری دێنێ كه‌ناتوانرێت لێی ڕزگار ببێت. «نەبواری هەیه بۆ فڕین» نیشانەی بێ هیوابوونه له‌ڕزگاربوون لەم دۆخه‌ناخۆشەی شاعیر تێیكەوتووە.
چۆلەكە، نیشانەی باری قورس و ناخۆشە. بێگومان هێمای ناڵەی جوكه‌جوك: نیشانەی ئازاره‌بەردەوامەكانی ژیانێكی كوله‌مەرگییه.
خاتونی شاعیر له‌شیعری دەرگاكاندا دەڵێت:
ده‌رگاكان هێلانه‌ی دڵ و
فێنكایی ئارامیه‌كان و ئاوه‌دانی درزه‌كانی دڵن
خودا نه‌كا
ڕۆژێك ئه‌م ماڵه كه‌سی لێ نه‌بێ
ده‌رگاكان
پڕن له هه‌ست و ناخه‌تێر كراوه‌كانی عه‌شق
ته نیا ئیرانه‌ی تۆ
تینووشكێنی چاوه‌كانمه ئیرانه‌ی تۆ
سه‌ره‌تاتكێی ماڵی دڵمه
ئیتر ڕاهاتوم..
سه‌ر به‌هیچ ده‌رگایه‌كدا نه‌كه‌م
ته‌نیا ماڵی دڵی تۆ نه‌بێ
وای له‌بیره‌وه‌ری داگیرسانی زه‌مه‌نێك
ئا خر ڕاهاتووم له‌گه‌ڵ چیرۆكی په‌نجه‌ره‌كان و
په‌رده‌مات داپۆشراوه‌كه‌ی ناخت
ئه‌ی ته‌نیا ترین ئازار و
دڵ پڕ ترین هه‌ناری دارووشا و
قوربانی هه‌ناسه‌ماندووه‌كانی ڕێت بم
هۆ هه‌موو دنیام
من بێ تۆ هه‌رگیز ناتوانم
له‌تۆ زیاتر كه‌سم نی یه ئامێزی گه‌رمت ئومێدمە
تۆ له‌جێگای هه‌ر چوار پارچه‌كه‌می كه‌نایان گه‌مێ
قوربانت بم … جوانترین كه‌سم
خاتوونی شاعیر، ئەم شیعرەی بەڕاستی جوان و هەستجوڵێنەرە! شیعرەكه پڕه له‌هەستێكی قووڵی عاشقانه‌و ناسكی دڵ، به‌تایبەتی بەكارهێنانی «دەرگاكان» وەك سمبۆلێك بۆ دەرگاكانی دڵ و گەرمییەكانی خۆشەویستی شاعیر لێره له‌رۆشنایی دەرگاكانەوه.. دەرگاكان وەك «هێلانەی دڵ» و «فێنكایی ئارامی وەسف دەكا، كه‌نیشانەی ئاشتی و پەناگایەكی ناخن.
«ئاوەدانی درزەكانی دڵن، وێنای چارەسەركردنی گرفتەكان و ناخۆشییەكانی ژیانه .
دەرگاكان پڕن له‌هەست و ناخه‌تێركراوەكانی عەشق دەرگاكان نەك تەنیا شتێكی فیزیكی، بەڵكو ڕێگایەكه بۆ گەیشتن به‌ناخی هەستەكان.
«تەنیا ئیرانەی تۆ تێنووشكینی چاوەكانمە» تۆ تەنیا له‌ناو چاوەكانتدا دەبینرێت، وەك خۆرێك كه‌هەموو تاریكییەكان له‌ناخی خود دا دەتوێنێتەوه.
سەرەتاتكێی ماڵی دڵمە، ئیتر ڕاهاتوم سەر به‌هیچ دەرگایەكدا ناكەم، دڵت تەنیا بۆ یەك كەس كراوەیه‌و بۆ هیچ كەسێكی تر نابێت.
«وای له‌بیرەوەری داگیرسانی زەمانێك» كاتێك بیرەوەرییەكان دەست بەسەر دڵدا دەگرن، وەك زیندانێك دەبێت.
قوربانی هەناسە ماندووەكانی ڕێت بم، ئەگەر پێویست بێت، خۆت دەكەیته قوربانی بۆ ئەو كەسەی خۆشدەوێت
دەرگاكان وەك نیشانەی پەیوەندی و چارەسەر بەكاردەهێنرێت.
زمانێكی ڕۆمانتیك و خەیاڵی بەكاردەهێنیت، وەك «چاوەكانم ئیرانەی تۆ» و دڵت گەرمتر بوو له‌ئاگر هەستێكی تەنیایی و پەرۆشی هەیە، بەڵام له‌كۆتاییدا به‌خۆزگەو هیوا و ئاوات خواستن ڕێگه دەبەزێنێت.
خاتونی شاعیر له‌كۆتایی: شیعرەكەیدا زۆر بەهێز و هەستبزوێنانه دێته‌به‌ر دەرگاكان و پەنجەرەكانی عیشق و دەخزێته نێو پێخەفی كوانووی داگیرساوی ئه‌و عیشقه! كەپێی دەڵێی:
قوربانت بم … ئەی جوانترین كه‌سم
مامۆستا بۆتان جەلالی شاعیر‌و نووسەر، له‌دیوانه شیعری (ئەو پیاوەی بەلامەوه رەتبوو) خاتو بەهره موفتی شاعیر لەو دیوانەیدا: باس له شیعرەكانی خۆی دەكات و به‌درێژه‌كارەسات و نەهامەتییەكانی ژیانی خۆی له‌چه‌ند لاپه‌ڕەیەكدا ژیانی خۆی و چۆنیەتی ئاشنابوونی به‌دنیای شیعر‌و كۆسپ و له‌مپه‌رەكانی بوونی به شاعیر و به‌رده‌وامبوونی له‌نێو دنیای ئه‌دەب
دەیگێرتەو وەكو هەر ئافرەتێكی كوردی نێو كۆمه‌ڵگەی خۆی سەره‌تای ده‌ستپێكردنی به‌شیعرو هاتنه نێو دنیای ئه‌ده‌بیات هه‌روا كارێكی ئاسان نه‌بوو چونكه‌لەناو خَیزانەكەیدا هیچ پشتگیرییەك و كارئاسانكاریەكی بۆ نه‌كراوە، به‌ڵكو شیعر قه‌دەری ئه‌و كەسانه‌یه‌كه‌بێ نووسینی شیعر هه‌ڵناكەن و ناتوانن بێ شیعر، بژین، به‌هره‌موفتی خۆی شیعری دروستكرد‌و هاورێیه‌تی رووحی پەیدا كرد، بۆیه به‌ره‌نگاری كۆسپ و گیروگرفته‌كانی بووه‌یه‌وه به‌ئیراده پۆڵایینەكانی زاڵبوو.. ئه‌وه‌ی كه‌زیاتر جۆش وخرۆشی گیانی پێداوه كارەساتی چوار برا شه‌هیده‌كەیه‌تی ئه‌مه‌ش بۆته‌هۆی شین بوونەوەی ره‌گیكی دیكه‌ی شیعر، خاتوونە شاعێرێكی به‌ئەزموون ودیار خاوەنی هه‌گبه‌ك لە وشەی ناسك و پڕ مانا كه دەتوانێ له‌ئەدا و ئیلقای خوێندنەوەو بەكارهێنانی رسته‌ی شیعری هه‌نگاو بنێ میكانیزمێكی هونه‌ریانە له شوێنی مەبەستدا به‌رجه‌سته‌ی كردبێ، ریتمی هەر دێره‌شیعرێكی پارێزگاری له‌ده‌نگ و سه‌دا و چێژەكەی كردوه بە هەموو شیانەوه میوزیكێكی ناوخۆیی هاوسه‌نگی بینا كردووە.
ئا‌ڤێستا ئه‌مێستا سه‌رمایەتی
رووباریش ته‌ڕتری ده‌كا
هه‌ناسه سارده‌كانی ڕاده‌چڵەكێنێ
ئا‌ڤێستا ونه‌و رووبار بردوویه‌تی
ئه‌مێستا بووكی شه‌پۆله‌كانە
ئا‌ڤێستا ڕێكه‌وتی تاشه‌به‌ردێك بوو
هه‌ڵی خلیسكاند و نه‌یگه‌رانده‌وە
په‌یامی ڕه‌شه‌بایه‌كی زۆر به‌په‌له‌بوو بۆ كوێنده‌ری
باوكت بانگت ده‌كا و..
ده‌سته‌و نزا له‌ده‌ریا ده‌پارێته‌وە
دایكت نركەی زامەكانی وه‌كو گرمه‌ی هه‌وره‌كانە
ناخه‌كان ده‌سووتێنێ
به‌مردنت
سرووشتت تاساند و به‌هارت گریاند
هۆ ئا‌ڤێستا باوكت چاوه‌رێیه چاوه‌ڕێ
بەهرەی شاعیر لەو شیعرەدا بۆ (ئا ڤێستا)ی بووكی ناكامی ئاو پێمان دەڵێت:
ئێستا باوكت چاوەرێته، بۆ ناگەرێیتەوه نێو باوەشی خێزانه جوانەكەت، ئێستا تۆ لەگەڵ ئاودا هاوڕێیەتیتان گرتووه، ئاو ئاشنایەتی تۆی گەرەك نییه، بەس تۆ واز له‌هاوڕێیەتی ئەوی ئاو ناهێنی .. ئاو‌و ئاگر ئامانی نییه. وەرو بگەڕیەوه نێو باوەشی گەرم و نەرمی دایكه كڵۆڵەكەت و باوكه پیرەكەت… بەڵام ئا‌ڤێستا بەقسەی بەهره ناكات و ناگەڕێتەوە ئاڤێستای شۆخی پۆل و شاجوانی قوتابخانه ئاشنا‌و مەعشوقی دڵخوازی رووبار بووكی ناكامی ئاو…
ئێستا باوكت بانگت دەكات و..
ده‌سته‌و نزا له‌ده‌ریا ده‌پارێته‌وە
دایكیشت نركەی زامەكانی وه‌كو گرمه‌ی هه‌وره‌كانە
ناخ ده‌سووتێنێ
به‌مردنت، ئا‌ڤێستا
سرووشتت تاساند و به‌هارت گریاند
سەرچاوەكان:
كتێبی (چڵی شۆرەبی) بەهره موفتی چاپخانەی زانكۆی سەلاحەددین
هەولێر 2025
ئەنتۆلۆجیای چیرۆكنووسانی هەولێر2000-2020 بەرگی سێهەم / سابیر رەشید
2023
ئینسایكلۆ پیدیای نووسەرانی هەولێر / بەرگی یەكەم / عەبدولرەحمان مەعروف/ تاران 2021
ماڵپەری كوردۆپیدیا