ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی 5ی 2025 ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێ دۆستایەتییەكی نزیكتریان لەگەڵ ئەمریكا هەبێ، ئێمە گوتومانە بۆ ئەوە پێویستە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان بگرن.
ڕۆبیۆ دەڵێ: پێویستە عێراق ڕێز لە قەوارەی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی كوردستان بگرێت، هاوكات ڕێز لەو كۆمپانیا ئەمریكییانەش بگرێ كە لەوێ كار دەكەن.
ناوبراو گوتی: مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ عێراق ئەو ئۆتۆنۆمییەیە کە کورد لەو بەشەی وڵاتەکەدا هەیانە و ئەوەش ڕێگەپێدانە بە بووژانەوەی ئابووری کە ڕێگە بە پێشكەوتنیان دەدات.
هاوكات ناوبراو ڕایگەیاند: كاریگەریی ئێران لە وڵاتەكەدا تا هاتووە زیاتر بووە، ئەمەش پەڕیوەتەوە ناو كەرتی حكوومەت لە عێراقدا، كە مەترسییەكی جددیە لەسەر ئەمریكا، ئەمەش لە هەڵوێستی میلیشیا شیعەكان لە عێراقدا دەركەوتووە كە لە ڕابردوودا هێرشیان كردووەتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و دەیانەوێ لە ئاییندەدا دووبارەی بكەنەوە.
ئەم هەڵوێستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە وەزارەتی نەوتی عێراق، ناڕەزایی بەرانبەر ڕێككەوتنە نوێیەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە بواری وزەدا دەربڕیوە، كە بەشێوەیەكی گشتی لە بواری كارەبا و وزەدا ئەو ڕێككەوتنانە سوودیان بۆ هەموو عێراق هەیە.