پاڕێزگاری هەولێر و پارێزگاری پارێزگای كوردستان، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد، كە جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و بازرگانی و ئابووریی نێوان هەردوولا دەكەنەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە 21ی 5ی 2025، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كە “لە چوارچێوەى سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان، بەمەبەستی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، یاداشتێكی لێکتێگەیشتنیان لە سێ بواری ئابووری، کولتووری – کۆمەڵایەتی، زانستی – تەکنەلۆژی و بە مەبەستی بەکارهێنان و سوودەرگرتنی باشتر لە تواناکان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و قازانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە، واژۆ کرد.”

وەك پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێك كەوتن، كە ئەمانەن:
مادەی یەکەم: تەوەری ئابووری، گەشەپێدانی هاوکاری سنووری و پەرەپێدانی بنیاتنەرانەی ژێرخانەکان.
١ – ١ ئاسانکاریی بازرگانی و گومرگی:
* پێکهێنانی لیژنەی ژوورەکانی بازرگانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی یاسایی و ناکۆکی لە ڕێککەوتنەکانی نێوان بازرگانان و چالاکانی ئابووریی دوو لایەن.
*هاوکاریی لایەنی پێوەندیداری گومرگی و هێزی سنوورەڤانی بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاسانکاریی بازرگانیی یاسایی و نەهێشتنی کێشەکان لە ئیقامەی هاووڵاتییان.
* زەمینەسازی هەلومەرج بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵای هەناردەکراو و ئەوانەی کە ئەولەویەتی ماوەبەسەرچوونیان هەیە و خێرا خراپ دەبن و بەرهەمی کشتوکاڵی لە ڕێگەی سیستەمی گواستنەوەی دوولایەن یان لە ڕێگەی کۆمپانیای هاوبەشیی نێودەوڵەتیی گواستنەوە.
* خۆبەدوورگرتن لە بڕیاری لەناکاو و بێ پلانی سنووردارکردن لە گواستنەوەی کاڵا و ئاگادارکردنەوەی دەستبەجێی لە ڕێگەی سکرتاریەتیی هاوبەشەوە.
١ – ٢ سەرمایەگوزاریی هاوبەش:
* هاندان و ڕاکێشانی سەرمایەدارانی بەتوانا و شایستە بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش.
* ئەنجامدانی کۆنفڕانسی هەلی سەرمایەگوزاریی هاوبەش.
١ – ٣ ژێرخانەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری:
* ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری و هاوکاری لە پڕۆژەکانی بیناسازی، پەرەپێدانی ژێرخانی و پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوە.
١ – ٤ ئابووری تەندروستی
* پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی پسپۆڕی (تخصصی) و پسپۆڕیی ورد (فوق تخصصی) بە نەخۆشەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەنتەرە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان (نەشتەرگەریی پسپۆڕیی ورد، ژنان و منداڵبوون، شێرپەنجە، جوانکاری و پزیشکی ددان و …)
* برەودان و بەهێزکردنی گەشتیاریی تەندروستی، گەشەپێدانی ئێکۆتوریسمی تەندروستی و ڕێکخستنی بازاڕی نافەرمیی گەشتیاریی تەندروستی لەپێناو پاراستنی مافی ئەوانەی خزمەتی پزیشکی وەردەگرن
مادەی دووەم: تەوەری کولتووری – کۆمەڵایەتی – ژینگەیی: بەهێزکردنی شوناسی هاوبەش و هاوکارییە کولتوورییەکان:
٢-١ میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری:
* ئەنجامدانی بۆنە هاوبەشەکان لەوانە فێستیڤاڵ، گەشتیی ئاشنابوون بە گەشتیاری، کۆنفڕانس و پێشانگەی تایبەتمەند لە بواری گەشتیاری و کاری دەستی.
* زەمینەسازی بۆ بەرفراوان کردنی هاوکاریی کۆمپانیای گەشتیاری بە مەبەستی پەرەپێدانی گەشتیاری و جێبەجێکردنی گەشتە هاوبەشەکان.
* پلاندانان بۆ گەشتیی هۆشیاری و بەبازاڕکردن بۆ کۆمپانیا و چالاکوانانی بواری گەشتیاریی تەندروستی بۆ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانەی مۆڵەتیان هەیە بۆ وەرگرتنی نەخۆشیی نێودەوڵەتیی (IPD) هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان (ئیکۆتۆریسم) لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەشتیاریی تەندروستی.
* ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران لە ڕێگەی سنووری و مۆڵەتی ئاسانکراو.
* بوژانەوەی ڕێگەی زیارەتی و مێژووییە هاوبەشەکان بۆ سەردانی شوێنە ئایینی و مێژووییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری.
٢-٢ ڕۆشنبیری و هونەر:
* دانانی بناغەی بەڕێوەچوونی دوو ساڵانەی هەفتەی هونەری کوردی (فیلم، شانۆ، فێستیڤاڵەکانی مۆسیقا و هتد)
* هەوڵدان بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی خەڵاتی ئەدەبی – هونەری و کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی کتێب و بەرهەمی هونەری.
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی و داتابەیسێکی هاوبەش لە ئەدەبیات و مۆسیقا و ئاوازی کوردی لۆکاڵی بە هاوکاری زانکۆ و دامەزراوە ئەدەبییەکان و دامەزراوەکان و هونەرمەندانی هەردوولا.
٢-٣ بوارەکانی کار و خوشگوزەرانی کۆمەڵایەتی:
*هەوڵدان بۆ بەستنی ڕێککەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی هێزی کار و پاراستنی یاسایی بۆ هێزی کاری لایەنەکان.
* دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژکاری پیشەیی و گەڕان بەدوای کاردا بە مەبەستی ئاسانکاری لە مەرجەکانی ناردنی هێزی کار لە هەردوو لایەنەوە.
*هاوکاری لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەکانی فێرکردن و خۆجێیکردنیان لە چوار بەشی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، و ڕۆشنبیری و هونەر، و دامەزراندنی ناوەندیی تەکنیکی و پیشەیی هاوبەش.
٢-٤ ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان:
* پەرەپێدانی هاوکاری بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری پاراستنی دارستان و سەرچاوە ژینگەییەکان و سوودەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشە ژینگەییەکان.
* ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ژینگەیی و ڕاهێنان بۆ پێشخستنی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ژینگەییەکانی هەردوو لایەن.
مادەی سێیەم: خوێندنی باڵا و داهێنان و تەکنەلۆژیا:
* بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا بەتایبەتی لە بوارە زانستییە نوێیەکانی وەک زیرەکی دەستکرد.
* فراوانکردنی هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی مامۆستا و خوێندکار لە نێوان زانکۆکانی دوو لایەن.
* بەڕێوەبردنی کۆنفڕانس و بۆنەی هاوبەشیی زانستی و ڕۆشنبیری لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا.
* هەوڵدان بۆ کردنەوەی پلاتفۆرمی پەروەردەی ئۆنلاین (زانکۆی مەجازی) بە پێشکەشکردنی خولی هاوبەش.
* کردنەوەی کورسییەکانی توێژینەوەی هاوبەشیی یونسکۆ.
* پێناسەکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە بواری تەحەددای هاوبەش وەک قەیرانی ئاو و وشکەساڵی، خۆڵ و ئاسایشی خۆراک و.. هتد، هەروەها پێدانی هەلی خوێندنی ٦ مانگ بە توێژەران لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی لایەنەکان.
* زانکۆکانی هەرێم و زانکۆی کوردستان، هەوڵ بدەن بۆ یەکگرتن و یەکخستنی زمانی کوردی بە گشت دیالێکتەکان بە شێوەی دیجیتاڵ.
* هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەی خولەکان و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ ڕاهێنەرانی کارامەیی پێویست بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەندەکانی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (فنی و حرفه‌ای) ئێران.
* هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئابووری دیجیتاڵی و ناساندنی توانا و بازرگانی لایەنەکان لە بواری تەکنەلۆژی.
* یارمەتیدان لە وەبەرهێنان لە یەکەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری (دانش‌بنیان) و تەکنەلۆژیا/بازاڕی تەکنەلۆژیا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری.
مادەی چوارەم: بەدواداچوون و جێبەجێکردن:
* هەر دوو پارێزگار بە بەردەوامی لە پێوەندیدان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان و بڕگەکانی ئەم لێکتێگەیشتننامە بە هەماهەنگیی کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق.