وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (HKN و WesternZagros)ی ئەمەریكی، رایدەگەیەنێت كە گرێبەستی نوێ نین و هەروەها لە رووی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە هیچ كێشەیەی یاساییان نییە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشان کردووە”.

راشیگەیاند “لەهەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن”.

هەروەها رایگەیاندووە “دادگاکانی عێراق دانیان بە یاسایی و ڕەوایی ئەو رێككەوتننانە داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیش دەكاتەوە كە “لە رێككەوتننامەكەدا تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون، لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین”.

لە كۆتاییدا ئاماژە بەوە دەكات كە “ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانە، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق”.