دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکەس نیوز) ڕایگەیاند: “وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بوونی هەژموونی ئێرانەوە لە مەترسییەکی گەورەدان.”
گوتیشی:” ئێمە گەورەترین هێزی سەربازییمان هەیە لە جیهان و ناوچەکەدا ئێستا خەریکی بەهێزکردنین، لە ئاستێکدا کە پێشتر کەس نەیبینیوە.”
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران بەرهەمدار دەبن یان نا، ڕایگەیاند: “لە سەدا سەد لەگەڵ ئێران دەگەم بە ئەنجامێک. ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین، ئەم ڕێگایە (یان بە شەڕ و توندوتیژی دەبێت یان بە دیپلۆماسی و ئاشتی).
هەروەها گوتیشی: “تێناگەم بۆچی وڵاتێک کە یەدەگی نەوت و وزەی وەها فراوانی هەبێت، بەدوای وزەی ئەتۆمی دەگەڕێت. “کاتێک لەسەر یەکێک لە گەورەترین سەرچاوە نەوتییەکانی جیهان دانیشتووە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ڕوو لە وزەی ئەتۆمی بکات.”
ترەمپ هەروەها، جەختی لەوەش کردەوە کە پێی باشترە پرسی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکات، لەم بارەیەوە گوتی: “من زۆر لە ئێرانییەکان لە نیویۆرک و واشنتۆن و شوێنەکانی دیکە دەناسم، ئەوان کەسانی نایاب و سەرنجڕاکێشن.”