لە واشنتن بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس بەڕێوەچوو.

ئەو ڕێككەوتنانە بەهایان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار، كە کاریگەریی لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەر دوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس، ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا وێڕای پیرۆزبایی کردن، گوتیشی: “جێگەی خۆشحاڵییە و بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بکەمەوە بۆ ئەمەریکا.

هەروەها، گوتیشی: “مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە.”

جێی باسە، هەر ئەمشەو، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ڕایگەیاند، دوو گرێبەستی گەورە لە بواری نەوت و غاز لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی دەكەن، كە دەتوانن نەوتی ماڵان دابین بكەن و كێشەی كارەباش چارەسەر بكەن.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو گرێبەستانە لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان كوردستان و ئەمریكایە و سوودی بۆ عێراقیشە.