خەبات: فاتیح بەرزنجی:- بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون هاووڵاتیان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوویان لە كڕینی گۆشتی مریشك كردووە و پارێزگاری تەواو لە خۆیان دەكەن و پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك ڕێنمایی تەندروستی دەركردووە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی هەموو ڕێنماییە تەندروستیەكان بن و دوور بن لە نەخۆشی تای خوێن بەربوون. بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە وەك خەبات ئەو ڕاپۆرتەمان ئامادەكرد.

لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان وەزارەتی تەندروستی چەند ڕێنماییەكی گرنگی دەركردووە، سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لە ناو سەربڕخانەكانەكاندا بێت لەبەر ئەوەی ڕێگەپێدراون و پزیشكی ڤێتەرنەری سەرپەرشتی دەكات و پشكنین بۆ ئاژەڵەكان بە شێوەیەكی زانستی دەكات و لە كاتی سەربڕین و كەوڵكردنی ئاژەڵەكاندا یاخود پارچەپارچە كردنی گۆشتەكە جلوبەرگی خۆپارێزی دەپۆشن لەگەڵ بەكارهێنانی دەسستكێش و جزمەو بەریوان(صدریە)ی پلاستیك و ماسكی دەموچاو پێویستە بپۆشرێن و نابێت خانەوادە یاخود لەچواردەوری سەربڕەكە خەلك كۆببنەوە و نابێ بەبێ‌ دەستكێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو بكرێت.

بۆ لابردن و فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان پێویستە كیسی داخراو بەكار بهێندرێت و جلی تایبەت بپۆشرێت و چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەكردنی تایبەت بەگۆشت بەكار بهێندرێت و شوشتن وپاككردنەوەی تەختەو چەقۆكان لە دوای بەكارهێنان و پاككردنەوەی ئەو شوێنەی كە ئاژەڵەكەی لێ‌ سەربڕدەبڕدرێت بە تایبەت ئەو شوێنەی كە خوێنی لێیە پێویستە بە ماددەی كلۆرین پاك بكرێتەوە جگەلەوەش باشتروایە گۆشت لە دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە پلەی 4-6 پلەی سەدی هەڵبگیرێت ئینجا بەكاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی تووشبون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستی لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان هەموو ئەو ڕێنماییانەی بڵاوكردەوە و ئەوەیش دوابەدوای ئەوە دێت كە ژمارەی تووشبووان بەو نەخۆشییە لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زیادی كردووە و بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی ئەم نەخۆشییەو پاراستنی هاووڵاتیان لە مەترسی تای خوێن بەربوون داوا لە هاووڵاتیان دەكات كە پابەندی ڕێنماییەكان بن و خۆپارێزی بكەن و نابێت ئاژەڵ لە ماڵان سەربڕبڕدرێت و بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و لە سەریان پێویستە گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێگەپێدراو بكڕن.

تیمەكانی چاودێری تەندروستی بەردەوام بەدواداچوون دەكەن و چەندین سەرپێچیكاریان سزاداوە، هەر بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێرمانكرد و لەوێدا دكتۆر بێریڤان عەدنان یاسین بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر دەڵێت: ئێمە وەكو بەشی پاراستنی تەندروستی لە كۆتاییەكانی مانگی ئادار دەستمانكرد بە چڕتركردنەوەی چالاكیەكانمان وەكو پاراستنی تەندروستی لە ڕێگای هۆبەكانەوە كەپەیوەندی بەو نەخۆشییەوە هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو ڕێنماییانەی كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی گشتی هەولێر دەرچووە بڵاو بكەنەوە و هۆشیاری زیاتری تەندروستی بە هاووڵاتیان بدەن بە تایبەت لە هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان كاری خۆیان بە تێر و تەسەلی ئەنجام دەدەن و لەلایەن ئەو هۆبەیەوە ڕێنماییەكان كاریان لە سەر كرا بە هاوكاری هۆبەكانی دیكە بۆ ئەوەی هەموو ئەو ڕێنماییانەی كە دەرچووە بە زوویی لە ڕێگەی دەزگا تەندروستیەكانەوە بگاتە هاووڵاتیان جگەلەوەش چەندین خولی ڕاهێنانیان ئەنجامداوە بۆ نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن وەكو نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات و نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا و نەخۆشخانەی ناوەند و چەند نەخۆشخانەیەكی دیكە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كۆیە و شەقڵاوە كە ڕێنماییەكانیان پێدراوە بە تایبەت بۆ كارمەندانی تەندروستی و هۆبەی چاودێری تەندروستی كە لە 12 تیم پێكدێت و لە ماوەی ئەو چەند هەفتەیەدا چەندین شوێنی تایبەتمەندیان بەسەركردەوە بە تایبەت قەسابخانەكان و مەیدانی ئاژەڵان و ژمارەیەك لەو كەسانەی كە ئاژەڵ بەخێو دەكەن و ئەو كەسانە هەموویان ڕێنماییان پێدرا كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەكان بكەن، چونكە ئەو نەخۆشییە لەوانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، چونكە ئەگەر هاتوو ئاژەڵەكە نەخۆشیش بێت نیشانەكانی لە سەر دیار نابێت، بۆیە بۆ هاووڵاتیان بۆ خودی قەسابەكە و ئاژەڵدارەكە مەترسییە و تا ئێستاش هەڵمەتی بەسەركردنەوەی هەموو ئەو شوێنانە بەردەوامی هەیە و تیمەكان هەم هاووڵاتیان هەمیش قەسابەكان و ئاژەڵدارەكان زیاتر هۆشیار دەكەنەوە كە خۆ پارێزی بەردەوام بكەن بۆ ئەوەی بە دوور بن لەو نەخۆشییە لەو بەسەركردنەوەیەدا 12تاوەكو 15 شوێن داخران و دوو قەسابیش دەستگیر كراون و دیارە ئەو قەسابانەی كە گۆشت دەفرۆشن یاخود ئاژەڵ سەردەبڕن پابەندی ڕێنماییەكان نەبن ئەوا ڕێكاری یاساییان لەگەڵدا دەكرێت و تیمەكان سەردانی هەموو قەسابەكان دەكەن تا لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو گۆشتە بن كە بە هاووڵاتیانی دەفرۆشن، هەر قەسابێكیش لە بەردەمی دوكانەكەی یاخود سەر ڕەسیف و شەقامەكان ئاژەڵ سەرببڕێت بە توندی ڕێكاری یاسایی لەگەڵدا دەكرێت هۆبەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی بریتییە لە هۆبەی پتەوكردنی تەندروستییە كە كاری ئەو هۆبەیەش گرنگە و داوامان كرد لفلیت و پڕۆشۆری هۆشیاری تەندروستی دابەش بكرێت بە سەر بنكە تەندروستیەكان و شوێنە گشتیەكان تا هاووڵاتیان هۆشیاری تەندروستیان پێ‌ بدرێت بۆ ئەو مەبەستەش ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر هاوكاری و هەماهەنگی تەواویان كردین تا ئەو ڕێنماییانە و خۆپارێزی بگاتە هاووڵاتیان جگەلەوەش لەڕێگەی كەناڵەكانی تی ڤی هەموو ئەو ڕێنماییانەیان بە هاووڵاتیان گەیاند لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كەپێویستە هاووڵاتیان زیاتر هۆشیار بن و ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن كە مۆری گۆشتگەی پێوە نەبێت واتا گۆشتی بێ‌ مۆر نەكڕن و ئەگەر گۆشتیان كڕی پێویستە جوان بیكوڵێنن ئینجا بیخۆن لەلایەكی دیكە هەر هاووڵاتیەك ئەگەر بینیان لە هەر شوێنێك ئاژەڵ سەردەبڕدرێت پێویستە ئاگاداری لیژنەكان بكەنەوە تا ڕێكاری یاساییان لەگەڵدا بكەن و نابێ‌ ڕێگە بدرێت ئاژەڵ لەبەردەمی دوكان یاخود سەر شوستە سەرببڕدرێت و ئەوەی سەرپێچی بكات ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری ڕۆڵی خۆی دەبینێت
دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەر نەری هەولێرمان كرد و لەوێدا دكتۆر مامەند محەمەد قادر بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر دەڵێت: تای خوێن بەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1944لە یەكێتی سوڤیەتی پێشوو تێبینی كراو ناوی نەخۆشیەكەش لەو شوێنە هاتووە دواتر لە ساڵی 1969 دەركەوت كە هۆكاری ئەم نەخۆشییە هەمان ئەو هۆكارەیە كە لە ساڵی 1956 بۆتە هۆی نەخۆشیەكی لەم جۆرە و لە كۆنغۆ و لەو ساڵەوەش ناوی نەخۆشیەكە گۆڕا و ناوی هەر دوو شوێنی ڕوودانی ئەو نەخۆشیەی تیایە و ئەو نەخۆشیە لە زۆر شوێنی جیهاندا بڵاوە وەك ئەفەریقیاو ئاسیای ناوەڕاست و باكوری ڕۆژهەڵاتی چین و ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ‌ بەشی ئەوروپا و توركیا و یۆنان و بولگاریا و ئەڵمانیا و نیمچە دورگەی هیند و لە ساڵی 2001 ئەم نەخۆشیە لە كۆسۆڤۆ و ئێران و پاكستان و باشووری ئەفەریقیا تۆمار كرا، دیارە كوردستانیش لێی بەدەر نەبووە بۆ یەكەم جار نەخۆشیەكە لە ساڵی 1979 لە عێراق تۆمار كراوە و هەرێمی كوردستانیش مێژوویەكی درێژی لەگەڵ نەخۆشیەكە هەبووە و قوربانیشی هەبووە.

هەنگاوەكانی ڕێگە گرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە زیاتر خۆی لە قڕكردنی گەنە و مشەخۆرە دەرەكییەكان دەبینێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ساڵانە دووجار لە وەرزی بەهار و پایزدا ڕشاندنی گۆڕەپان و هۆڵ و خانەكانی ئاژەڵ بە مادەی دژە مێروو هەروەها ڕشاندنی هۆڵەكانی حەوانەوەی ئاژەڵان لە سەرجەم گوندەكانی سەر بەسنووری بنكەكانی ڤێتەرنەری بەڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی ژینگە بە مادەی دژە گەنە و مەگەز و مشەخۆرە دەرەكییەكانی ئاژەڵ كە بەهەڵگری هۆكاری نەخۆشیەكە دادەنرێت و شووشتنەوەی مەڕ و بزن لە ڕێگەی بنكە ڤێتەرنەریەكانەوە.

كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری هەولێر
دەربارەی كار و چالاكیەكانی ڤێتەرنەری هەولێر بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر ڕوونیكردەوە: ئێمە بەردەوام ڕێنماییمان بە ئاژەڵدارەكانداوە و هۆشیارمان كردوونەتەوە كەپابەندی ڕێنماییەكان بن و لە ڕێكەوتی 20/4/2025 دەستمان كردووە بە هەڵمەتێكی فراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكە لە ڕێگەی بنكەكانی ڤێتەرنەریەوە ئەو هەڵمەتەش بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام بوو سەرجەم خزمەتگوزاریەكان بە خۆڕایییە جگە لەوەش ڕێگە بە گواستنەوەی ئاژەڵ نادرێت لەو شوێنانەی كە مرۆڤی تیادا تووشی نەخۆشییەكە بووە بۆ شوێنێكی دیكە و قەدەغەكردنی ئاژەڵی قاچاغ و نایاسایی كە بۆی هەیە هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشیەكە بن لەگەڵ ئەنجامدانی خۆپارێزی.

خواردنی گۆشتی مریشك باشترە
وەلید لە بنەسڵاوە دەڵێت: لەوەتەی باسی ئەو نەخۆشییە كراوە گۆشتی مریشك دەكڕین لە گۆشتی سوور باشترە و نرخەكەشی زۆر هەرزانترە و دوورە لە نەخۆشی، سابیر لە گەڕەكی فەرمانبەران دەڵێت: ئەگەر گۆشتی سوور بكڕم ئەوا پێویستە بۆ ماوەی دوو كاتژمێرلە فرێزەر دایبنێم ئینجا زۆری دەكوڵێنین بەو شێوەیەش ئەركی گۆشتی سوور گرانە بۆیە پێویستە گۆشتی مریشك بخۆین باشترە، كازمیش لە گەڕەكی مەنتكاوە خەریكی مریشك كڕین بوو گوتی: خواردنی گۆشتی مریشك زۆر باشترە و سەلامەت ترە لە گۆشتی سوور لەبەر نەخۆشی تای خوێن بەربوون.

دكتۆرە بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر
د. مامەند محەمەد، بەرێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر