خەبات: هەندرێن شێرزاد:- تایەفەیەكی ئایینی عەرەبییە و زیاتربە وابەستەیی ناوخۆیی ناسراوە و شوێنكەوتووانی زیاتر لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا و چیای حۆران دەژین، هەروەها لە لوبنان و خاكی فەلەستینیش بوونیان هەیە . ساڵی 11 ی زایینی لەلایەن محەمەدی كوڕی ئیسماعیلی دورزی “ ئەنوشتكین”ەوە پێكهێنراوە و خاوەنی ئاڵای تایبەت بە خۆیەتی و ژمارەی شوێنكەوتووانی، بەوانەشەوە كە روویان كردۆتە ئەوروپا و ئەمەریكا و رۆژئاوای ئەفریقیا نزیكەی 1.5 ملیۆن كەسە.
بنەچە و دامەزران
بنەچەی مێژوویی تایەفەی درووزی بۆ سەردەمی “ الحاكم بامر الله” ی خەلیفەی شەشەمی دەوڵەتی فاتمی دەگەڕێتەوە كە ماوەی دەسەڵاتی لە ساڵی 996 ی زاینی بۆ 1021 ی زاینی درێژەی كێشاوە . مەزهەبەكە لەسەر دەستی محەمەدی كوڕی ئیسماعیلی دورزی دامەزراوە، وشەی درووزی بۆ كوڕانی دورزی “ بەرگدروو” دەگەڕێتەوە كە رووی كردۆتە شام و تایەفەكەش هەر بە ناوی خۆیەوە ناوی دەركرد . هەندێك سەرچاوەی دیكە باسیان لەوە كردووە كە دامەزرێنەری ئەو تایەفەیە هەمزەی كوڕی عەلی كوڕی محەمەدی زۆزەنیە.
بە شێوەیەكی گشتی، درووزەكان لە ماوەی نێوان ساڵانی 1017 تا 1020 ی زاینی دەستیان بە بانگەشەكردن بۆ تایەفەكەیان كردووە و تا ساڵی 1043 ی زاینی درێژەی كێشاوە و دواتر دەرگای بانگەشەكردن داخراوە و هەموو شتێك تەنیا بۆ شوێنكەوتووانی سەرەتا و كوڕ و نەوەكانیان مایەوە، بە جۆرێك رێگە بە كەسی تر نەدرا بچێتە رێزەكانی تایەفەكە ئەگەر خۆی لە بنەڕەتدا وەك كەسێكی درووزی لەدایك نەبووبێ.
بیروباوەڕ
نهێنی و شاراوەییەكی زۆر سەبارەت بە درووزییەكان هەیە، چونكە دامەزرێنەرانی مەزهەبەكە بڕیاریان داوە هیچ شتێك دەربارەی بیروباوەڕیان ئاشكرا نەكەن و ئەوەی هەیە تەنیا لەنێو بازنەیەكی بەرتەسكدا بهێڵرێتەوە و رۆڵەكانیان تەنیا ئەو كاتە بۆیان هەیە زانیاری بزانن كە تەمەنیان دەگاتە 40 ساڵ . هەندێك لە شارەزایان باسیان لەوە كردووە كە درووزەكان بۆیە بەم جۆرە هەڵسوكەوت دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لە خەڵك بكەن سەبارەت بە بیروباوەڕەكەیان پرسیاریان ئاراستە بكرێ، واتە بیرۆكەكە لە بنەڕەتدا پشت بە شاردنەوە و ئاشكرانەكردن دەبەستێ. ئەوان باوەڕی تەواویان بە جاڕنامە یان سەردەمی “ وەلی زەمان” هەیە كە جۆرێكی سوێندخواردنە و بەهۆیەوە مرۆڤ دەبێتە درووزی، ئەمەش لای ئەوان جاڕنامەیەكی نەمرە. لە سەرەتاوە دروزەكان بە گۆشەگیر و داخراویی و پابەندیی كۆمەڵایەتی و كلتووری و سیاسی ناسراون و پیاوانیان سمێڵی گەورەیان هەیە و لای ئەوان ئەمە نیشانەیەكی ئایینییە . تایەفەكە پشت بە یەكتاپەرستی دەبەستێ و سەرجەم بیروباوەڕەكانیان لە تایەفەی ئیسماعیلی وەرگیراون، دواتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی كۆمەڵێك رەوتی فەلسەفی و ئایینی جۆراوجۆر. لە راستیدا ئەوان باوەڕی تەواویان بەوە هەیە كە خوا تاك و تەنیایە و خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە و هەر خواشە خولقێنەر و دەسەڵاتداری كەونە و عەقڵی مرۆڤ لە توانایدا نیە لە گەورەیی خوا بگات . ئەگەرچی باوەڕیان بە قورئانی پیرۆز هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی ئیزۆتێریزمی “ الباطنیە “ تایبەت بە خۆیان شرۆڤەی دەكەن، دوور لە هەموو مانا روونەكانی ناو دەقەكان، هاوكات ئەوان خاوەنی كتێبێكی تایبەت بە خۆیانن بە ناوی “ رسائل الحكمە “ كە لەلایەن هەمزەی كوڕی عەلی كوڕی ئەحمەدەوە نووسراوە و تایبەتە بە شرۆڤەكردنی قورئان و جگە لە پیاوە ئایینییەكانیان، رێگە نادەن هیچ كەسێك بیبینێ.ئەگەرچی لە بنەڕەتدا تایەفەری درووزی لە ئیسماعیلییەوە هەڵێنجراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە موسوڵمان دانانێن، هەندێكیان لەبەر هۆكاری سیاسی یان بە مەبەستی پاراستنی ئاینەكەیان و دووركەوتنەوە لە ناكۆكی باس لەوە دەكەن كە موسوڵمانن، لەلایەكی دیكە، دروزەكان باوەڕیان بە دووبارە لەدایكبوونەوەی روحەكان هەیە، واتە دوای مردنی مرۆڤ، جارێكی دیكە روح دەچێتەوە گیانی منداڵێكی تازە لەدایكبوو.
توێژ و پلەكان
درووزەكان بۆ سەر سێ پلە دابەش دەبن كە ئەمانەن:
– پیاوانی ئایینی: ئەوانە دەگرێتەوە كە دەربارەی بیروباوەڕكە خوێندوویانە و پارێزگاریان لە هەموو شتێك كردووە، ئەوان بە عاقڵەكان دەناسرێن و سێ بەشن : سەرۆك و عاقڵەكان و پیاوچاكان، سەرۆكەكەشیان بە شێخی عاقڵەكان ناو دەبرێ.
– پیاوچاكان : ئەوانەن كە شارەزان لە بواری بنەماكانی ئایین و پێیانەوە پابەندن.
– خەڵكی ئاسایی: یان ئەوانەی شتی ئەوتۆ دەربارەی ئایین نازانن و سەقاڵی ژیانی ئاسایی و مادین.
چەند زانیاریەكی دیكە
– شوێنەكانی خواپەرستن لای درووزەكان بە خەڵوەتگا ناسراون و تیایاندا گوێبیستی ئەوە دەبن كە لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە بۆیان دەخوێنرێتەوە.
– رێگە بە خەڵكی ئاسایی نادرێ لە بۆنە ئاینیەكان ئامادە بن .
– ئەوان تەنیا لە یەك بۆنەدا بۆیان هەیە روو بكەنە خەڵوەتگەكان ئەویش هاوكاتە لەگەڵ جەژنی قوربانی موسوڵمانان.
مێژوو
– لە ترسی راوەدوونانیان لەلایەن عەلی زاهیری خەلیفەی حەوتەمی فاتمیەكانەوە بەر لە ساڵی 1026 ی زایینی، ژمارەیەكی زۆری دروزەكان پەنایان بردە بەر چیاكانی لوبنان و سووریا و فەلەستین، هەر ئەمەش وایكرد خۆیان گۆشەگیر بكەن.
– وێڕای ژمارەی كەمیان، بەڵام هەمیشە هەوڵیان داوە بەشداری لە رووداو و بۆنە سیاسی و سەربازیەكاندا بكەن. بۆ نموونە، لە ماوەی جەنگی سەلیبیەكاندا، یارمەتی ئەیوبیەكان و مەمالیكەكانیان داوە بۆ ئەوەی لە كەناراوەكانی لوبنان بەردەوام بن لە بەرگریكردن.
– لە چەند قۆناغێكدا بوونەتە بەشێكی ململانێكان، وەك ململانێ لەگەڵ كرستیانەكانی لوبنان لە ساڵی 1941 ی زاینی.
– لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەكاندا، دروزەكان خاوەنی بڕێكی زۆری مافی ئۆتۆنۆمی بوون، بەڵام زۆر جار لە دژیان یاخی بوون.
– لە نێوان سەدەی 16 تا سەدەی 19، كۆمەڵێك خانەوادە و كەسایەتی فیوداڵ كۆنترۆڵی ژیانی سیاسی دروزەكانیان كردووە، بەناوبانگترینیان فەخرەدین مەعنی دووەم لە سەدەی 17، كە هاوپەیمانییەكی لەگەڵ كرستیانەكانی مارۆنی لوبنان پێكهێنا و رووبەڕووی دەسەڵاتی عوسمانیەكان بووەوە.
– ساڵی 1860، ناكۆكی نێوان سەركردەی هۆزەكان و دروزەكان دەگاتە لووتكە و لە ئەنجامدا چەند رووداوێكی كۆمەڵكوژی روودەدەن و لە كۆتاییدا هێزە ئەوروپیەكان خۆیان گەیاندە لوبنان.
جوگرافیا
– بە گوێرەی هەندێك سەرچاوە، ژمارەی شوێنكەوتووانی تایەفەی دورزی لە ملیۆنێك كەس زیاترە.
– 80% ی ئەو ژمارەیە لە شاری سوەیدای سووریا و بەرزاییەكانی جۆلان و دەوروبەری دیمەشق و شاری ئەزرەقی ئوردنی و باشووری لوبنان و باكور و ناوەڕاستی فەلەستین دەژین، هەندێكیش لەناو خاكی ئیسرائیل نیشتەجێن و خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەن.
– نزیكەی 100 هەزاریان لە ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوا دەژین.
درووزەكان و سیاسەت
ناكۆكییەكانی نێوان لوبنان و سووریا بوونە هۆی خولقاندنی كێشەی گەورە لەنێوان دورزییەكان، تەنانەت دۆخەكە گەیشتە ئاستی بانگەشەكردن بۆ جیاكردنەوەی بابەتی هەردووك وڵات لەیەكتر. دوای بەرپابوونی شۆڕشی سووریاش دۆخەكە ئاڵۆزتر بوو و ناكۆكی كەوتە نێوان دوو سەركردەی سیاسی دروزەكان، تەلال ئەرسەلانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی لوبنان و لایەنگری رژێمی ئەسەد و وەلید جونبلات كە دژایەتی ئەسەدی دەكرد. كاتێكیش شەڕ گەیشتە شاری سوەیدا، دروزەكان بەسەر دوو بەرەی جیاواز دابەش بوون، بەرەیەك داوای كرد چەكدار بكرێن بۆ ئەوەی رووبەڕووی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و داعش ببنەوە، بەرەی دیكە پێی وابوو ئەوە تەنیا هەوڵێكە بۆ پەلكێشكردنی تایەفەكە بۆ ناو شەڕ و فتنە. ئەوە بوو ژمارەیەكیان لە گوندی لۆزەی پارێزگای ئیدلب لەسەر دەستی چەكدارانی بەرەی نوسرە كوژران، دواتر هەوڵەكان چڕ كرانەوە بۆ ئەوەی تا بكرێ دروزەكان لە دەرەوەی بازنەی ناكۆكی و شەڕ بهێڵرێنەوە.