عارف ڕوشدی
پەیامە ڕوون و ئاشکراکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە (کۆنگرەی یەکگرتن)ـی هەردوو ڕێکخراوی یەكێتی قوتابییان و لاوانی کوردستاندا، پەیامی کوردایەتی و قسەی دڵی هەموو كوردێكی رەسەن و كوردپەروەر بوو، پەیامێك بوو لێوان لێو لە ڕاشکاوی و باوەڕبوون بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و مافە دەستورییەکانی، كە لە پێناویاندا خەباتێکی درێژخایەنی كردووە و ڕووبارێک خوێنمان ڕشتووە، بۆیە ناکرێت بەشێك لەوانەی ئێستا لە بەغدا حكومڕانی دەكەن بە ملهوڕیی خۆیان زیاتر پێشێلی خواستە ئاساییەکانمان بکەن.
عیراقی دوای 2003 جیاوازە لە عیراقی سەردەمی بەعس، لە 15-12-2005ـدا عیراقییەكان دەنگیان بە دەستوورێك داوە، كە مافی هەموو عێراقییەكی بە یەكسانی دەستنیشانكردووە، هەر بۆ نموونەش: مادەی یەكەمی دەستووری عێراق دەڵێت: (كۆمارى عێراق دەوڵەتێكى فيدڕالى يەكگرتووى سەربەخۆى خاوەن سەروەريە، ڕژێمى حوكمڕانى تێيدا كۆمارى نوێنەرايەتى (پەرلەمانى) ديموكراسيە، ئەم دەستورەش يەكپارچەيى عێراق دەپارێزێت). دەكرێ بپرسین ئەرێ بە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و دانیشتووانەكەی، ئەم یەكپارچەیی و یەكگرتووییەی عیراق پارێزراو دەبێـت..؟!! هەروەها مادەی چواردە لە دەستووری عێراق دەڵێت: (عێراقيەكان يەكسانن لەبەردەم ياسادا بەبێ جياوازى ڕەگەز يا نەژاد يا نەتەوە يا بنەچە يا ڕەنگ يا ئايين يا ئايينزا يا بيروباوەڕ يا بۆچوون يا بارودۆخى ئابوورى يا كۆمەڵايەتيان). دەبێ دیسان بپرسین: ئەو یەكسانییە لە كوێیە كاتێك بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكرێتە كارتی گوشارە سیاسییەكان و مووچە و مافە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك دەستی دەستی پێ دەكرێت و لەسەر ئیمزایەكی ئەم و ئەو، دوادەخرێت و ئینجا بە ناتەواوی دەنێردرێت..؟!
پێویستە كاربەدەست و حكومڕانیهكانی بەغدا ئەو ڕاستییە بزانن، ئەگەر بەم ئاراستەیە بەردەوامبن و نکۆڵی لە دەستوور و سیستەمی فیدڕاڵی و رێککەوتنەکان بکرێت و پرەنسیپی (شەراکەت، هاوسەنگی و رێککەوتن) نادیدەبگیرێن، باشترە بە فەرمی ڕایبگەێنن، نەک بە فڕوفێڵ و یارییەكی قێزەوەن پرسە هەستیارەکان دیزەبەدەرخۆنە بکەن، بۆیەش ئەوەی لە پامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەبارەی پرسی مووچەوە، باسیان لێوەكرد هەزار جار ڕاستە و گەلەکەمان ( دەرۆزەچی) نییە، ناكرێ هەموو مانگێک بۆ مافێکی هەرەسەرەتایی مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ئیمزای دەرووننەخۆش و نقومبووەکانی هزری کەربوکینە بکات، ئەوەی چەند ساڵێکە لە بەرامبەر ماف و قووت و بژێوی گەلەکەمان دەکرێت، دڕندانەترە لە سیاسەتی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس.
بۆیە وا پێویست دەکات سەرجەم لایەنە سیاسییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دوور لە هەر بەرژەوەندییەکی حزبی، پەیامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بەهەند وەربگرن و هاوکارو پشتیووان بن، پشتئەستوور بە تواناکانی گەلەکەمان، ڕووبەڕووی ستەمکارییەکانی بەغدا ببینەوە، كە ئەوەیش ئەركی سەرشانی هەموو كوردێكی نیشتیمانپەروەر و خاوەن ئیرادەیە.