خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزارەتى پەروەردە بەنیازە بۆ ساڵى ئایندە سەرجەم قوتابخانە نیودەوڵەتییە هاوبەشەکانى سیستەمى سابیس نەهێلێت و لە جیاتى ئەوە بیانکاتە کۆمەڵگەى پەروەردەیی نێودەوڵەتی و خۆى ئەرکى بەڕێوەبردنییان بگرێتە ئەستۆ. قوتابخانەکانى سابیس لە ساڵى 2008ەوە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئەنجام داوە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیان بە کارکردووە بە هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبراون بۆباسکردن لە هۆکارى کۆتایی هێنان بەم گرێبەستەوئەلتەرناتیڤى بەڕێوەبردنیان و چارەنووسى قوتابییانى ئەو قوتابخانانە لاپەڕەى پەروەردەو خوێندن دیمانەیەکى تایبەتى لەگەڵ جەسام موشیر بەڕێوەبەرى گشتى باخچەی منداڵان و فێرکردنى بنەڕەتى لەوەزارەتى پەروەردە سازکرد:
*سەرەتا دەربارەی ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەکانی سابیس مامۆستا جەسام موشیر ئاماژەى بەوەدا 4879 قوتابى لە حەوت قوتابخانەی سابیس دەخوێنن لە قۆناغی باخچە تا پۆلی ٩ ی بنەڕەتی ئەو بۆ خەبات گوتى:حەوت قوتابخانەمان لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان هەیە و ژمارەی قوتابیان لەو قوتابخانانە دەگاتە 4879 قوتابی لەئێستادا ، کۆمپانیای سابیس لە ساڵی 2008 ەوە ئەو گرێبەستەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە كردووە كە بەپێی گرێبەسەكەش بڕیار بوو مامۆستای نێودەوڵەتی دابین بکەن، بەڵام پابەند نەبوون بەو گرێبەستەی لە نێوانماندا هەیە هەروەها تێچووی ئەم خوێندنە زۆر بوو لەسەر وەزارەتی پەروەردە. بۆیە ئەمساڵ ئێمەش بریارماندا گرێبەستەکە بە کۆتا بهێنین خۆمان وەک وەزارەت بۆ ساڵى ئایندە بەڕێوەى بەرین.
*دەربارەى میکانیزمى بەرێوەبردنى ئەو قوتابخانانەش بەڕێوەبەرى گشتى باخچەی منداڵان و فێرکردنى بنەڕەتى ئاماژەى بەوەدا کە ئەوان وەک قوتابخانەیەکی ئاستبەرزی نێودەوڵەتی بەڕێوەى دەبەن و ئەم بەرێوەبردنەش لە تواناى وەزارەتدا هەیە ئەو گوتى: وەزارەت تواناى بەڕێوەبردنى ئەو قوتابخانانەى بە شێوەیەکى ئاستبەرزو نێودەوڵەتى هەیە بەپێى سیستەمەکەش تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی (AP-SAT) بۆ قوتابییان ئەنجام دەدرێت وە لەلایەن مامۆستایانى خاوەن ئەزموون و نێودەوڵەتى وانەکان دەوترێنەوە بە بێ وەرگرتنى هیچ بڕە پارەیەک لە قوتابیان وەزارەت تێچووەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
*دەربارەی ئەوەشى کە ئایا هۆکاری سەرەکی کۆتاییهێنان بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای سابیس تەنها دابیننەکردنی مامۆستای بیانی بوو یان هۆکاری دیكه هەبوو؟ مامۆستا جەسام ئاماژەى بەوەدا کە زۆر کێشەی تر هەبوون یەکێک لەو کێشە گرنگانە نەمانى قۆناغى ئامادەیی بوو وەزارەت خۆى چارەسەرى دەکرد. ئەو بۆ خەبات گوتى:قوتابیانى پۆلى نۆ دەبوو لە قوتابخانە ئینگلیزییەکان جێگایان بۆ بکرێتەوە ئیمە نوسراومان ئاڕاستەی گشت پەروەردەکان کرد بە گشتاندن بۆ ئەوەی کار ئاسانى بۆ وەرگرتنیان بکەن،لەکاتێکدا لە هەندێک شوێنیش قوتابخانەى ئینگلیزى حکومیمان نەبوو بۆ نموونە لە کەلار ناچار قوتابیانمان لەسەر بودجەى وەزارەت دەناردە قوتابخانە ناحکومییەکان کە خوێندنیان بە زمانى ئینگلیزى بوو. بۆیە لەسەر ئەوبنەمایانە بڕیارماندا خۆمان بەڕێوەی بەرین.
وەک زانیاریم هەیە داوا کراوە ئەو قوتابیانەشی ڕۆشتوون لەو قوتابخانانە لەگەڵ پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە نوێیە ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە هۆکار چییە ئەم داوایە کراوە؟ مامۆستا جەسام لەمبارەیەوە گوتى: ئەو قوتابیانەى ڕۆشتوون ژمارەیان 577 قوتابیە لە قۆناغی ئامادەیی کە لە ساڵی خوێندنی (2024- 2025) بەناچاری چوونەتە قوتابخانەی تر ئێستا ئێمەش هەلمان بۆیان ڕەخساندوون کە دەتوانن ساڵی خوێندنی ( 2025-2026) بگەڕێنەوە قوتابخانەکانی خۆیان قۆناغی ئامادەیی تەواو بكەن بەشێوەی ئارەزوومەندانە.
*دەربارەی ئەوەشی کە ئایا لەگەڵ دەسپێکى سیستەمێکى نوێ لەو قوتابخانانە قوتابیانى تر لەبەشەکانى بنەڕەتى وەردەگیرێن؟ لەمبارەیەوە مامۆستا جەسام ئاماژەى بەوەدا کە تەنها ئەو قوتابیانەى دەگەڕێنەوە لە ئامادەیی و قۆناغى یەکەمی باخچەش وەردەگیرێن هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو بەشێوەی تیروپشک لەگەڵ منداڵانى شەهید وە هیچ بڕیارێك نییە بۆ وەرگرتنی قوتابی قۆناغەکانی تر.
*دەربارەى ئەوەی ئایا وەزارەت چۆن دەتوانێت مامۆستاى نیودەوڵەتى دابینبکات ئایا تێچووى زۆر لەسەر وەزارەت دروستناکات؟ لەمبارەیەوە مامۆستا جەسام ئاماژەى بەوەدا بەڵێ دەتوانێت دابینی بكات ئەو بۆ خەبات گوتى: وەزارەت مامۆستای بیانی پسپۆڕدەهێنێت کە توانای وانە وتنەوەی هەبێت لە وانەکانی ئینگلیزی و بیرکاری و فیزیاو کیمیاو بایۆلۆجی و پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی بۆ هەموو پۆل و ئاستەکان دابیندەکرێت. مامۆستایانیش لەسەر ئەو پرۆگرامە نوێیە نێودەوڵەتییە پێش دەستپێکی دەوام ڕاهێنان وەردەگرن، جگەلەوەش سەرپەرشتیاری ئەکادیمی و کارگێڕی بۆ هەموو قوتابخانەکان دیاریدەکرێت و پشتگیری خوێندن دەکرێن بۆئەوەی ئەو قوتابخانانە لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە.
*دەربارەی ئەوەشی کە ئایا چ شتێیەک جیاوازە لە سیستەمەکەی پێشوو ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتی: ئەو قوتابخانانە دەبنە نێودەوڵەتی و ناویان دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەیی نێودەوڵەتی هەر قوتابخانەیەک دەبێتە کۆمەڵگایەک هەموو مەرجەکانی کۆمەڵگەی تێدا ڕەچاو دەکرێت بە سیستەمێكی ئەمهریكی کۆمۆنکۆر لە دامەزراوەیەکی ئەمهریکی بەناوی کۆگنیا متمانە وەردەگرێت کە لە جیهاندا متمانەی داوە بە 36هەزار قوتابخانە و ئەو حەوت قوتابخانە نێودەوڵەتییەش دەچنە پاڵ ئەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانە.
*لە كۆتاییدا مامۆستا جەسام ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوان گرنگییەكی زۆر بەو قوتابخانانە دەدەن ودەستیانكردووە بە دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو خوێندنەو سمارت بۆرد و کەلوپەلی پێویست بۆ قوتابخانەکان دابین دەکرێت و هەروەها لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە هەماهەنگی دەكەن بۆ دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی باش بۆ سەرجەم ئەو قوتابخانانە.











