ئەمڕۆ شەممە 17ی 5ی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات، هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەکات.
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.
سەرۆکی حکوومەت، هەروەها بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان”، کە ڕوانین و دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.