هۆزانڤان ئارەزوو عەبدولخالق ژاژڵەیی

خەبات: حەمیدسورچی:- نووسەر و شاعیر ئارەزوو عەبدولخالق ژاژڵەیی، لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٠ یە و ساڵی ١٩٩٦ بەدونیای شیعر نووسین ئاشنابووە، دەسپێک بە نووسینی چیرۆک دەستی پێکردووە. لەم دیمایەیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات تیشک دەخاتە سەر بواری شیعر و چیرۆکنووسین و ئاوێتەبوونی لەگەڵ دنیای نووسیندا.

*چۆن لەگەڵ دونیای شیعردا ئاوێتە بوویت؟
لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە ئاوێتەی نووسینم، سەرەتا بە چیرۆك نووسین بۆ منداڵان دەستم پێكرد، لەگۆڤاری پەپوولە و تا ئێستا بە شیعر و نووسین و چیرۆك لەگەڵیان بەردەوامم.

*شیعرەکانت زیاتر گوزارشت لەچی دەکەن، لەڕێگەی شیعرەوە دەتەوێ چ پەیامێک بگەیەنیت؟
نووسینەکانم زیاتر گوزارشت لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆم دەکەن، لە هەموو بوارەكان دەنووسم كلاسیك، لیریك، ئازاد، هایكۆ، تەنز، هەروەها بابەتی كۆمەڵایەتی.

*پێناسەی شیعر لای تۆ چییە؟ شیعر چی پێ بەخشیوویت؟
شیعر ئیلهامە، لای من شیعر خۆراكی ڕۆحە.

* ئێوە لەبواری ئەدەبیاتی منداڵانیش دەنووسن لەم بوارەشدا شیعرتان بۆ مندڵان نووسیوە، تایبەتمەندی شیعری مندڵان چییە؟
شیعری منداڵان دەبێت كورت و پوخت و ڕەوان و سادە و ئامۆژگاری ئامێز بێت.

*ئایا شیعر نووسین زیاتر بـەهــرەیـە یان پەیـوەستە بەپـاشخـانی ڕۆشنـبیری و خـوێندنەوە؟
بەهرە و ئیلهامە، هەموو كەس ناتوانێت شبعر بینوسێت هەتا بەهرەی نەبێت.

* لە کۆتایدا دەپرسین چەند شیعرت نووسیوە و بەرهەمی چاپکراوت هەیە، هەروا پڕۆژەی ئاییندەتان چییە؟
لە ساڵی ١٩٩٨ەوە شیعر دەنووسم، تا ئێستا خاوەنی دوو بەرهەمی چاپكراوم، جوجەڵە بۆ منداڵان، هەروەها دیوانە شیعری سۆزی عەشق، لە مانگی پێشوو بڵاوبۆوە.

پڕۆژەی داهاتووشم لەگەڵ چەند نووسەرێكی بەڕێزە، بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، كە شیعر و چیرۆك و وێنەی كێشراوی منداڵەكانە.
پڕۆژەی دواتریشم ئامادەی چاپە و بایۆگرافیایە، ئەوەیان دواتر قسەی لەسەر دەكەین كە كاتی هات.