رۆژی شەممە 26-04-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیسدا بەشداری کرد. ماتیۆ پیانتێدۆسی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا رایگەیاند: “400 هەزار کەس لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون.”

لەنێو ئامادەبوواندا سەرۆک، سەرۆکوەزیران، شا و شاژنی بەشێک لە وڵاتان هەبوون.

میوانەکان لە گۆڕەپانی سەینت پیتەر لە باکووری رۆما دانیشتبوون. پاپا فرانسیس لەسەر وەسێتی خۆی لە کەنیسەی (سەینت ماری مەیجەر) لە دووریی شەش کیلۆمەتر لە کەنیسەی سەینت پیتەرەوە بە خاکسپێردرا.

نێچیرڤان بارزانی، لە پەڕاوێزی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی پاپا فرانسیس، لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی جیهان دیدار و کۆبوونەوەی کرد.