کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا و ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزیی‌ و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کورستان بەڕێوە چوو، تێیدا سەرجەم حزب و لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان بەشدار بوون.

كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، دوای هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانی دێت بۆ یەكخستنی هەڵوێستی كورد لە سووریا، تاوەكوو بتواندرێت یەك شاندی كوردی داخوازییەكانی كورد بە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بگەیەنێت.

كه‌مێك پێش ئێستا كۆنفڕانسه‌كه‌ كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا و فه‌وزا یووسف، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری سه‌رۆكایه‌تیی په‌یه‌ده‌ و محه‌مه‌د ئیسماعیل، سه‌رۆكی ئه‌نه‌كه‌سه‌ پرێس كۆنفڕانسێكیان ساز دا و ئه‌نجام و داواكاریی كۆنفڕانسه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو كه‌ سه‌ره‌كیترینیان ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن:

-سیسته‌می حوكمڕانی له‌ سووریا ناناوه‌ندی بێ و هه‌روه‌ها پێویسته‌ مافی گه‌لی كورد له‌ ده‌ستووری سووریا جێگیر بكرێ و هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ بونیادنانی سووریای نوێ به‌شدار بن.

-سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت و زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمیی سووریا بێ و هه‌روه‌ها نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت، هاوكات سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوه و دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت و بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت و بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه و سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت.