وردبینیكردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو ئەمڕۆ تەواو دەبێت و شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ئێستە لە بەغدان. سەرچاوەیەكیش دەڵێـت: 100 هەزارەكەی دەرماڵەی خانەنشینان لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوبات هاتووەتە ناردن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رايگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی كوردستان، ئەمڕۆ بڕیارە تەواو ببێت و چاوەڕێ دەكرێت سبەی بڕیاری خەرجكردنی تەمویل بدرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەم جارە لیستی مووچەی مانگی دووی بە سیستمی پەیرۆڵ ئامادە كرد، لەو سیستمەدا نزیكەی 680 هەزار كەس تۆماركراون، ناوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیش كراوە بە یەك لیست و خانەنشینانی نوێش جیا كراونەتەوە، لیستی مووچەی خانەنشینانیش هاوپێچ كراوە كە ژمارەیان نزیكەی 290 هەزار مووچەخۆرە.
شاندەكەی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لە سەرپەرشتیاری سیستمی پەیرۆڵ، لەگەڵ نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ژمێركاری و خانەنشینی، وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی لیستی مووچە دەداتەوە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، لیستی خانەنشینانیش كە هەر بە سیستمی دیجیتاڵی ئامادە كراوە، لەگەڵی هاوپێچ كراوە، بڕیارە بۆ مانگی سێش سیستمە دیجیتاڵییەكەی لیستی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ پەیرۆڵ بەیەك ببەسترێنەوە، ئیتر هەموو ببێتە یەك سیستم.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی گوت، 100 هەزارەكەی خانەنشینان لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوبات زیاد كراوە، ئەگەر رەزامەندیی سەرۆك وەزیران هەبێت، خەرج دەكرێ.