خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند نەوزاد نوری، ساڵی 1964 لە گەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی خاوەن دەنگێکی خۆش و کۆمەڵێک بەرهەمی جوانە، نزیكەی 25 گۆرانی تۆمارکراوی هەیە، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، یەكەم بەرهەمی ساڵی 1990 بۆ تەلەفزێۆنی كەركووك بەناوی (ڕەنجی بێوەر) لە ئاوازی مامۆستا (عەلی مەردان) تۆمارکردووە، لەساڵی 1991بەرهەمێكی دیکەی بەناوی (ئاوارەیی) لەگەڵ تیپی کۆسیقای سلێمانی بۆ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان تۆماركردووە، كە لەشیعری ڕەفیق سابیر بوو، دوو بەرهەمی دیکەشی لە ستۆدیۆکەی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی تۆماركردووە بەناوی (كیژە كوردە و سەفەری نیگەرانی) لەگەڵ چەند بەرهەمێکی دیکە لەگەڵ هونەرمەند كارزان كامیل، ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.
چۆن لەئێستای هونەر دەڕوانیت؟
بواری هونەری گۆرانی و مۆسیقای كوردی بەدەرنییە لە بوارەكانی دیکەی ژیان، هیچ پشتگیرییەكی وانییە كە ئاستی هونەر بجوڵێنێت، ئەوەی ئێستا هەیە جگە لە هەوڵی تا كە كەسی هیچی دیکە نییە، بەڵام بەردەوام لەشكرێك لە بەرهەمی بێتام لە نێو هونەردا ئامادەیی هەیە!
تاچەند گرنگە گۆرانییە كۆنەكان نوێبكرێنەوە؟
نوێكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكان کارێکی باشە، بەڕاستی سەرمایەیەكی دەوڵەمەندمان هەیە، دەتوانرێت سوود لە بەرهەمە كۆن و فۆلكلۆرییەکان ببینرێت، بە مەرجێك لە ڕۆحییەتی میلۆدییەکە تێك نەدات و جوانكاری تێدا بكرێت، بەرهەمی زۆر جوانی لێ لەدایك ببێت.
تاچەند ڕەسانایەتی لەناو هونەری كوردی ماوە؟
هەروەك باسمكرد ڕەسەنایەتی ناسنامەی هونەری میللییە، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ما بەینی زەوی و ئاسمان دوورن، كەمینەیەكی زۆر و كەم پەیوەست بوون بەڕەسەنایەتی، هۆكاری سەرەكیش نەبوونی فلتەرە لە دەزگە ڕاگەیاندنەكان و نەبوونی یاسایە لە پەرلەمان بۆ کاری هونەری.
بۆ بەرهەمەكانی ئێستا كەم دەمێننەوە و كاڵ دەبنەوە یان نامێنن؟
كاتی خۆی نەپارە، نە هاوكاری و نەتەكنەلۆژیا لە و ئاستەی ئێستا دابوو، کەچی هونەرمەندان بەرزترین شاكاریان دەخوڵقاند، چونكە هونەر لە دڵ و هەست و ڕۆحەوە هونەر دەردەچوو، ڕاستگۆبوون لە پەیامەكەیان هەبوو، بە هونەرەکەیان باشترین خزمەتی نەتەوەییان كردووە، ئێستا بەشێكی كەمی نەبێت ئامانجی خزمەتی هونەری كوردییە و بە دڵسۆزییەوە كار بۆ هونەر دەكەن، ئەوەی دیکە بۆ ماددە و ناوبانگە و هیچ پەیامێکی لە دواوە نییە! بۆیە بەرهەمەکانی ئێستا زوو كۆن دەبێت و چەند جارێك گوێ بیستی دەبی و كۆتایی دێت.
بە بۆچوونی تۆ وەك هونەرمەندێك چی بكرێت تا ڕەسهنایەتی بگەڕێتەوە بۆنا و هونەری كوردی؟
دەبێت دەزگەیەكی نیشتمانی لەکەسانی پسپۆڕ درووست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوە، دەبێت هەموو دەزگەكانی بیستراو، بینراو، نووسراو، هەبێت بۆ فلتەر و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی بەرهەمی خراپ، تا لەوە زیاتر گوێی مرۆڤی كورد تێك نەچێ بە بەرهەم و یٔاوازی ناخۆش و ناڕەسەن! ڕێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ناپەسەند.