ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران کرد، هاوکات پرسی ئەو بەندكراو و حوكمدراونەیان تاوتوێ کرد  كە لە هەرێمی كوردستان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و لەلایەن حكوومەتی فیدرالییەوە داواكراون.

شەممە 22ـی شوباتی 2025، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

     لە كۆبوونەوەیەکدا كە غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بۆ كاروباری مرۆیی و پەرەپێدان ئامادە بوو، گفتوگۆ لەبارەی ئەو بەندكراو و حوكمدراونە كرا كە لە هەرێمی كوردستان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و لەلایەن حكوومەتی فیدرالییەوە داواكراون.

   هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كێشەی ئەم گیراوانە بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی سەبارەت بە رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

  كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەڕێوەچوو، جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدرال و كۆماری ئیسلامی ئێران كرایەوە بە مەبەستی لەیەكتێگەیشتنی زیاتری ئەمنی بۆ ئاسایش و سەقامگیری سنوورەكان کرایەوە.