ئەمڕۆ شەممە 15ی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، گەیشتنە هەرێمی كوردستان و بڕیارە سبەی یەكشەممە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببنەوە.
شاندی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان.
سبەی یەكشەممە، شاندەكە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان تاوتوێ دەكات.
لەمبارەیەوە پێشتر پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی رای گەیاندبوو كە لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ”زانیاری لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەین، لە دوای ئەوەی دوو جار لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆمان کردووە و پێی ڕاگەیاندووین، کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و وەرگرتنی بۆچوونەکانیان لەبارەی پرۆسەکە زۆر گرنگە.”
جێی باسە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە هەریەك لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێكهاتوون و لەم دواییانە كە دووبارە باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكرێت، دوو جار سەردانی دورگەی ئیمرالییان كردووە و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كۆبوونەتەوە.