خەبات: پەریهان عومەر:- خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ چۆپی فەتاح، بەرهەمێکی نوێی بە ناوی (وڵاتەکەم) بڵاو کردەوە، چۆپی فەتاح، سەبارەت بەو بەرهەمە نوێیەی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی گۆرانییە نوێیەکەی کردووەو ڕایدەگەیەنێت: ڤیدیۆ کلیپی(وڵاتەکەم) بە زاراوەی شیرینی کەڵهوری گوتووە، گۆرانییەکە تایبەتە بە ناوچەی ئیلام و کرماشان. باس لە دابەشکردنی کوردسان و خۆشەویستی وڵات دەکات.

ئەم بەرهەمە نوێیەی چۆپی، لە نووسینی تارا مستەفایە، کاری مێلۆدی و میوزیکیش لەلایەن ئەمیر جەباریانەوە ئەنجامدراوە. هەروەها ناسر هایدەری کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، هونەرمەند چۆپی فەتاح، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەرکووک لە دایکبووە، تەمەنی سێ ساڵ بووە کاتێک بنەماڵەکەی ئەو شارەی بەجێھێشتووە و لە وڵاتی ھۆڵەندا جێگیر بوون، لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، ئێستاش یەکێکە لە خانمە دیارە هونەرمەندەکان و خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و گوێگرێکی تایبەت بە خۆیەتی.