ئەمڕۆ دووشەممە 10ی 2ی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێکەوت، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، کە ڕۆژانی 11 تا 13ی ئەم مانگە، لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت.
لە پەراوێزی لوتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجام دەدات.
لەم دیدارانەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لوتکەکە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشەپێدان دەکرێت، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە.
بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەشداریی چالاکانەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەر و هاوبەشێکی کاریگەر و جێی متمانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.