بەپێی ئەو گەمارۆ نوێیانەی دۆناڵد ترەمپ خستییەوە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە سزای ئەو کەس و كەشتییانە دەدات کە هاوکارن بۆ ناردنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بۆ چین.
بەپێی هەواڵێكی (اقتصاد نیوز) ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بەڵێنی دابوو هەناردەی نەوتی ئێران سفر بكاتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران بکات.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی واژۆ کرد کە سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
لە فەرمانەکەدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاڕاستەی ئەوە دەکات “زۆرترین فشاری ئابووری” بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە ڕێگەی ئەو سزایانەی کە بۆ پەکخستنی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە داڕێژراون.