New Iraqi Prime Minister Mohammed Shia al-Sudani meets for the first regular session of the Council of Ministers in Baghdad, Iraq October 28, 2022. Iraqi Prime Minister Media Office/Handout via REUTERS ATTENTION EDITORS - THIS IMAGE WAS PROVIDED BY A THIRD PARTY.

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە رێككەوتن كراوە و بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی دەنێرن.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق  پێنجشەممە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رێككەوتن لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و سەرجەم كێشە تەكنییەكانی مووچە لەنێوان هەردوولا چارەسەركراون.

سوودانی راشیگەیاند: لەسەر بنەمای ئەم ڕێككەوتنە، مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە.

هەروەها رایگەیاند: بەردەوام دەبین لە ناردنی مووچە و بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی رێكوپێك و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەكانیان وەردەگرن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕالی لە هەولێر و بەغدا، دواجار رۆژی دووشەممەی رابردوو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا رێككەوتن و چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی راگەیاند.

دواتر پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: خۆشبەختانە لە كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕالی لە بەغدا رێككەوتن لەنێوان هەردوولا لەبارەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كراوە.

ئاماژەی بەوەش دا كە رێككەوتنەكە لەنێوان شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدڕال تەنیا بۆ یەك مانگ نییە، بەڵكو بۆ تەواوی ساڵی 2025ـە و كێشەی مووچە چارەسەركراوە.