ئەمڕۆ سێشەممە 4ی 2ی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.











