خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، لە کۆڕێکدا کتێبی (ژاراوی ژیان) لە نووسینی مام والی نەوڕۆڵی, بە ئامادەبوونی دەیان نووسەر و وەرگێڕ و کەسایەتی ناسراوی کوردستان بڵاوکردەوە، دەربارەی بیرۆکەی کتێبەکەی قسەی بۆ خەبات کرد و گوتی: بیرەوەری چل ساڵ پێش ڕاپەڕین لە هزرمدا دێنم و دەبەم، وەک گەنمی تەتڵە پێکراوی دەستی ژنێکی سەلیقەدار چەندین جار لەتەتڵەمداو هەرچی چەڵەک و پوش و پەڵاشی ناو بیرەوەرییەکانم هەیە پاکم کردەوە. سەرەتای ساڵی ۲۰۰۰ سەرپاکیم وەک سیناریۆی فیلمێکی پەنجا زنجیرەیی نووسیەوە، بەڵام هەلومەرجم بۆ نەڕەخسا وەک دراما تۆماری بکەم.

پاشان بیرم کردەوە وەک ڕۆمانێک بینووسمەوە، ئیتر مەشغەڵەتی ژیان و قەیران و چەند ساڵ شەڕی داعش، بوواریان بۆ نەڕەخساندم. یەکەم ڕۆژی کەرەنتینە دەستم کرد بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم تا کۆتایی ساڵی ۲۰۲٤ گەیشتمە کۆتایی نووسینی یادەوەرییەکانم بەناوی (ژاراوی ژیان)، پاشان بەهیمەتی کاک فارس نەورۆڵی تێچووی لە چاپدانی (٥۰۰) کتێبی گرتە ئەستۆ، سوپاس بۆ پەروەردگار و کاک فارس کە خەون و ئاواتی بیست و پێنج ساڵە و ڕەنجی چوار ساڵەم هاتەدی. دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی مام والی گوتی: ژاراوی ژیان، باس لە عەشق بوونی کوڕێک دەکات، کە بەهۆی عەشق بوونەکەیەوە دەڕوات بۆ ناو پێشمەرگە، لەوێ عەشقی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی دەبێت، ئیتر لە ساڵی ١۹۸۳وە تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ هەر کۆسپ و تەگەرە و مێژووییەک هاتبێتە ڕێم وەک خۆی باسم کردووە، مێژووەکانی وەک خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی ساڵی ١٩٨٧ی هەڵەبجە و شارەزوور، کیمیابارانی هەڵەبجە، شەڕی کوێت و چەند مێژووییەکی دیکەی.

کتێبی ژاراوی ژیان، ٦٤٦ لاپەڕەیە، پڕە لە گێڕانەوەی تراژیدیا و جارجارێکیش کۆمیدیا، هەڵبەت خۆم لەشەڕی براکان بوواردووە، (ژاراوی ژیان) م بە زمانێکی ساددە و جافانە و شارەزووریانە نووسیووە، واتە زمانی دایک بۆیە دەنگۆیەکی باشی هەبوو، دڵنیام کە دەبێت بەکتێبی ساڵ، ژاراوی ژیانم، وەک سیناریۆ نووسیووەتەوە، ئەوەی ماوە کارەکتەرەکان بەرگی چل پەنجا ساڵ پێش ئێستا لەبەربکەن و نمایش بکەن، ئەگەر تەمەن مەودام بدات کتێبێکی دیکەم لەبەردەستە بەناوی (غەدری ڕۆژگار).