نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی
خەبات: عەلی بانیشاری:- ئەمساڵ پسوولەی وەرگرتنی بەشە خۆراك كە فۆڕمی بایەعی ناسراوە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە دیجیتاڵی دەكرێت. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمیش دەڵێت: ئەگەر هاووڵاتیان هاوكارمان بن لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگدا پڕۆسەكە لە هەرێمی كوردستان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. وابڕیارە لیژنەیەك لە بەغداوە لەسەر پرسی بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك سەردانی هەولێر بكات. نەوزاد شێخ كامیل ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەكە بكەن.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە (خەبات)ـی ڕایگەیاند: پسوڵەی دیجیتاڵی لەسەر كارتی نیشتیمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان، بۆیە هەر كەسێك كارتی نیشتیمانی نەبێت ناتوانرێت ببێتە خاوەن پسوڵەی دیجیتاڵی. گوتیشی: ماوەی دوو مانگە پڕۆسەكە لە پارێزگای واست دەستیپێكردووە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
ناوبراو باسی لە چۆنییەتی جێبەجێكردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك كرد و گوتی: گروپێكی بریكارەكانی خۆراك دروست دەكرێت و ژمارەی تەلەفۆنی هەموویان لە قۆناغی یەكەمدا وەردەگیرێت، لە قۆناغی دووەمدا ئەپڵیكەیشنێك بۆ هەر شارێك بە جیا دادەبەزێت و لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە داوا لەو هاووڵاتیانە دەكرێت كە لەلای ئەو بریكارانەن ئەپڵیكەیشنەكە لای خۆیان دابەزێنن. قۆناغی سێهەم لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەوە هاووڵاتی دەبەسترێتەوە بە بریكارەوە، بریكاریش دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پسولەی خۆراك لە شارەكان و بە ئێمەو بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە، ئەو كاتە بۆ زیادكردنی منداڵیش، هەر كەسێك پێش ئەوەی ئەپڵیكەیشنەكە دابەزێنێت، دەبێت فۆڕمی خۆراكی خۆی هەبێت، دوای فۆڕمی خۆراك دەبێت ئەو كەسە كارتی نیشتیمانی هەبێت، چونكە پسولەی خۆراك دەچێتە ناو كارتی نیشتیمانی و كۆدی كارتە نیشتیمانییەكە وەردەگرێت، بۆیە هەر كەسێك كارتی نیشتیمانی نەبێت ناتوانێت بەشداری پڕۆسەكە بكات.
ئاماژەی بەوەشدا، چەند ڕۆژێكە لە ڕێگەی میدیاوە جەختلەوە دەكەنەوە، هەر كەسێك تائێستا كارتی نیشتیمانی نییە و دەیەوێت پسولەی خۆراكی بمێنێت یان هەبێت دەبێت كارتی نیشتیمانی دەربكات، چونكە بۆ بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك، دوای كارتی نیشتیمانی و پسولەی خۆراك و كارتی زانیاری دەكرێت، بە وێنە بۆیان دەگیرێت لەو ئەپڵیكەیشنەی كە بۆیان دابەزیووە و دەینرێن بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستە، ئەگەر كەسێكیش منداڵێكی تۆمار نەكرابێت دەكرێت وێنەی كارتی نیشتیمانییەكەی لەو ئەپڵیكەیشنەوە بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پسولەی خۆراك، بەو شێوەیە ناوی منداڵەكەش داخڵ دەكرێت، ئەگەر كەسێكیشت كۆچی دوایی كردبێت، وێنەی وەفاتنامەكەی دەگیرێت و دەنێردرێت بۆ ئەوەی بۆت بسڕنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان باسیلەوەشكرد، پڕۆسەی بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك، سێ بۆ چوار قۆناغە، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا لەگەڵ بریكارەكان دەستپێدەكەن، قۆناغی دووەم لەگەڵ هاووڵاتیانە و قۆناغی سێهەم بۆ زیادكردن و كەمكردنەوە. نەوزاد شێخ كامیل ئەوەشی گوت: پڕۆسەی بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك زۆر ناخایەنێت و ئەگەر هاووڵاتیان هاوكارمان بن لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگدا دەچێتە وای جێبەجێكردنەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند: زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار خێزان دەبێت لە هەرێمی كوردستان بەشداری لە پڕۆسەی بە دیجیتاڵكردنی پسولەی خۆراك بكەن، هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن و 350 هەزار كەس كە سوودمەندن لە پسولەی خۆراك، دەبێت كارتی نیشتیمانیان هەبێت و داخڵ بكرێت، جگەلەوانەش هەر خێزانێك چەند كەسە لە پسولەی خۆراك دەبێت دواتر وێنەی كارتە نیشتیمانییەكەی بگرێت.