گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكانی هەردوو لیژنەی تەكنیكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە و لەم نزیكانەش بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێ و دەست بە دابەشكردنی دەكەن.
یەکشەممە 2ی 1ی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: “هەمواری یاسای بودجە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی ئەرێنی سەیری دەکات و دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆنانە دەکات، کە ڕۆلیان هەبووە لە تێپەڕاندنی هەموارەکە.”
لەسەر پرسی مووچەش، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند: “ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنە و گەڕانە بەدوای چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.”
ئاماژەی بەوەش دا، كە “لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو شاندی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ هەیە و نییەتی جدییش بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان هەیە.”
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراشی كرد، كە “لەم یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکرێت.”