دژوار فایه‌ق ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکه‌ومەتی هەرێم

خەبات: ئارام شێرکۆ:- هاووڵاتیيانی هەرێم بەهۆی کێشە سیاسيیەکانەوه‌ بوون بە قوربانی، بەغدا هەر جارە بەهۆکارێک هەڵدەستێت بە بڕین و ڕاگرتنی مووچە و قوتی هاووڵاتییانی هەرێم، دژوار فایه‌ق ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکه‌ومەت و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغداد لە لێدوانێکی تایبەتی بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سیاسییە، زۆربەی دەسەڵاتدارانی عێراقی لە حکومەت و پەڕلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان لە بەغدا بڕوایان بە سیستەمی دیموکراتی و فیدراڵی نییە، دەستوور جێبەجێ ناکەن، ئەوان ئەیانەوێ عێراق بە سیستەمی مەرکەزی بەرێوە ببەن و هەموو بڕیارەکان لە بەغداوە بدرێن، ئەمەش پێچەوانەی دەستور و شەراکەتە. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كێشەکان چارەسەر نەبن، چونکە بۆ هەموو ئەو کێشانە دەستوور چارەسەری هەیە، لەبەر رۆشنایی دەستووریش رێککەوتن و لێکتێگەیشتن کراوە.

دژوار گووتیشی بەڵام دەستڕویشتووەکانی بەغدا پێی پابەند نین، هەندێک لەوانە بە ئاشکرا وتوویانە بارودۆخی ناوخۆیی هەرێم باشە و هی عێراق خراپە، دەمانەوێ ڕاتانگرین، واتا بودجە و مووچە نانێرن بۆ ئەوەی پێشکەوتنەکانی هەرێم ڕاگرن. بە ڕای من ئەگەر ئەوان بیانزانیایە لە کەرکووک و خانەقین و مەندەلی تا شێخان و شنگال کورد زۆرینە نییە ماددەی (١٤٠) یان لە کاتی خۆی جێبەجێ دەکرد، ڕیفراندۆمەکەشیان ئەنجامدەدا، ئەوان دەزانن کورد زۆرینەیە، بۆیە کۆسپ دروست دەکەن و جێبەجێی ناکەن.

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەت ڕاشیگەیاند ئەگەر ئەوان بیانزانیایە لە دەستوور کوردستان مافی هاوبەشی نییە لە سیاسەتی نەوتی عیراق و مافی دەرهێنان و فروشتنی نەوتی نییە، بەپێی ماددەی (١١٢)ی دەستووری عێراقی ئەوە یاسای نەوت و گازیان لە ساڵی (٢٠٠٥) دەردەکرد، ئەوان ئەزانن کوردستان ئەو مافەی هەیە، بۆیە یاساکە دەرناچێ.

لە ڕاستیدا بابەتی نەوت لە دەسەڵاتی حەسریی حکوومەتی عێراق نییە کە لە ماددەی (١١٠) ی دەستوور دیاری کراوە، لە ماددەی(١١٥)شدا هاتووە ئەوەی لە دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی عێراقی نەبێت ئەوە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکانە، لە ماددەی (١١٤) دا هاتووە بەرێوەبردنی گومرگەکان دەسەڵاتی هاوبەشە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق ئەیانەوێ ئیدارەی ئەو دۆسیەش بە مەرکەزی بێت، کێشەکە لە عێراق سیستەمی حوکم و دەستوور نییە، کێشەکە دەستێوەردانی دەرەکی و عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە، کە بڕوایان بە دەستوور و شەراکەت نییە، پەیڕەوی بیری مەرکەزی و دیکتاتۆرییەتی زۆرینە دەکەن.