
خەبات- سەرهەنگ نەجمەدین
خاتوو لاجان ماهیر خۆشناو لەساڵی 2021 لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەنتەری ئیماراتی بۆ منداڵانی ئۆتیزم کاری کردووە و هەروەها بۆ ماوەی چوار ساڵ بەشداریی شەش خولی بەهێزکردنی ئاست و توانای ڕاهێنەرایەتی خاوەن پێداویستییەکان لە پرۆگرامی جیهانیی لۆڤاس –تیچ- پێکس کردووە، ئێستاش ڕاهێنەری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزمە، بۆ ئەم مەبەستە و تیشک خستە سەر ئەم بوارە، خاتوو لاجان ماهیر خۆشناو كە دەرچوونی پەیمانگەی پەروەردەی وەرزشی هەولێرە، لە دیمانەیەكی تایبەت دا بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سوپاس بۆ خودا دوای تەواو کردنی قۆناغی خوێندن لەپەیمانگەی وەرزشی هەولێر, بۆ درێژەدان بەبواری خوێندن, ئێستا دووبارە گەڕامەوەتەوە پرۆسەی خوێندن و لە زانکۆ دەوام دەکەم، بەنیازم لە رێگەی پرۆسەی خوێندنەوە، پلەی زانیستیم بەرزبکەمەوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی مەشق و ڕاهێنانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵانی ئۆتیزم، بێگومان دوای بەشداریکردنم لە چەندین خولی جۆراو جۆری بەهێزکردنی ئاستی ڕاهێنەرایەتی، سوپاس بۆ خودا ئێستا وەک کچە ڕاهێنەرێکی بواری نەخۆشییەکانی خاوەن پێداویستی و ئۆتیزم، مەشق و ڕاهێنان بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم دەدەم و ئەوەی لە توانامدا بێت هەمیشە بۆ خزمەتکردنی ئەم منداڵانە درێغی ناکەم.
هەروەها گوتی: هەر لە سەرەتاوە خانەوادەکەم هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ هەڵبژاردنی بواری مەشق و ڕاهێنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و نەخۆشییەکانی ئۆتیزم، تا رادەیەکی زۆر ئاسوودە و دڵخۆشم کە ئەم بوارەم هەڵبژاردووە، هەمیشە تا هێز لەجەستەم مابێت بەردەوام دەبم.
سەبارەت بە سوود وەرگرتن وەک چارەسەر و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەم توێژە، خاتوو لاجان گوتی: بێگومان هەر منداڵێک کاتێک بەرنامەی مەشق و ڕاهێنان وەردەگرێت، بەدڵنیاییەوە تارادیەکی زۆر باش سوودی لێ دەبینی و لە ڕووی جەستەییەوە ئاستیان بەرە و پێش دەچێت و لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکاریی لە جووڵە و شێوازی هەڵسوکەوتیان دەبیندرێت.
دواتر هەر لەبارەی کێشە وگرفتەکانیان، ئەو کچە ڕاهێنەرە گوتی: گەورەترین گرفت لەبەردەم ئەم جۆرە دیاردە و نەخۆشییانە، نەبوونی دکتۆر و ڕاهێنەری شارەزا لەم بوارە سەبارەت بەدەستنیشانکردنی نەخۆشی ئۆتیزم، هەروەها نەبوونی سەنتەری خۆڕایی بۆ ئەم منداڵانە، ئێستا بۆ راکێشان و پرکردنی گیرفانیان، جۆرەها سەنتەری ئەهلی دامەزراوە کە هەمووشیان تەنها بۆ پڕکردن و خۆ خۆدەوڵەمەندیکردنه.