مه‌زڵووم عه‌بدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەژماری تایبه‌تىی خۆى له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی “X” نووسیویەتی: “کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی مایەی خۆشحاڵییەکی گەورە بوو. تاوتوێی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی سووریامان کرد و تەئکیدمان لەسەر پێویستیی هەڵوێستی یەکگرتووی کورد لەو وڵاتەدا کردەوە”.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: ” جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبچێت بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد”.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، له‌ نووسینه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا: “جەختمان لەسەر گرنگیی یەکێتیی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و تیشکمان خستەسەر بەرپرسیارێتی هاوبەشمان بۆ کارکردن بەیەکەوە و پشتیوانیکردن لە یەکتر بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.”

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.