سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەفتاری ئێستەی بەغدا بەرانبەری هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی دەیانەوێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکەنەوە.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، نوێنەرانی هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشەکی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند “ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە.”
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە (پەیوەندیی هەولێر و بەغدا) ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین.” باسی لەوەش کرد “دادگای فیدراڵی، تەنها لە بەرژوەندیی حکوومەتی فیدراڵی، بڕیاری دەرکردووە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا بێت.”
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ئەوەشی خستە ڕوو “دەبێت لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین خەڵکی ئێمە لەو قەلەقە نەفسییە دەربچێت. خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە تەعامولی لەگەڵ بکرێت. خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکوو هەموو خەڵکی دیکەی عێراق.”
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش دا “ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و داوا دەکەین چ لە ئاستی ئیداری، چ لە ئاستی تەشغیلی بە هەموو جۆرێک، هەموومان، هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاست بکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لە بەینی هەولێر و بەغدا دروست ببێت.”
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد “ئەو تەعامولەی ئێستەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تەعامولی کیانێکی فیدراڵی نییە. لەگەڵ پارێزگایەکیش بەم شێوەیە تەعامول ناکات.”