خەبات- بەرهەم شێخ عزەدین
عومەر محەمەد براخاس ناسراوه‌ (بە عومەر سۆفی باجەلان) لە سێ بواردا کاردەکات هونەری گۆرانی و مقاماتی ڕەسەنی گەلەکه‌مان و هەروا لە شیعری کێش و سەروادا و شارەزاییشی هەیە لە مێژوی گەلەکەمانداو ئەتوانم بڵێم هەتا مێژوی تەواوی بنەچەی مۆڤایەتی و لەو بارەشدا کتێبێکی مێژوویی نوسیوە لە ژێر ناوی (سەرنجێک لە مێژووی مه‌قامی کوردی) لەهەولێرو سلێمانیشدا کۆڕێ زۆری ئەنجامداوە و بێجگە لە گۆڤارو کەناڵ و میدیاکانا چل پەنجا ساڵە خزمەتی هونەرو ئەدەبی کوردی دەکات بەشانازیوە ڕۆژانەش لە بواری هونەردا کارو چالاکیه‌كانی زۆر بووە لە زۆربەی کەناڵەکان و گۆڤارو ڕۆژنامەکان و لە ڤیستیڤاڵە کانا بەشدابووە و درێخی نەکردووە لەهەمان کاتا لە دەیەها کۆڕی ئەدەبیدا بەشداریم کردەو هەروەها دەدوازدە کتێبی نوسیوە:
* وەک نووسەرێک ئێستا هونەری کوردی لەچی ئاستێکدا دەبینیت؟
– دیارە بەبۆنەی ڕێزنەگرتن لە هونەر و ئەدەبی کوردی بەواسیتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەر لێ شێواوە و ئەوەندە شێواوە نیو ئەوەندە کاری بۆ نەکراوە و خەمیان نەخواردوە بێگومانبە ئەمکارەش بەبێ هۆنییە گەلەکەی ئێمەیش ئەوەندە وشیار نییە بزانێ چ زەرەرێ بەخۆی و کولتورەکەی دەگەیەنێ، فه‌رامۆش کراوە ئەگینا خەڵکی بەتواناو دڵ سۆزمان زۆرە بتوانێ پەرەری پێ بدات و بۆ پێشەوەی بەرێت لایەنە سەرەکییه‌کەشی نەبوونی ئیمکانیاتی مادیە، ئەتوانم بڵێم مرۆڤایەتی و داهێنانەکانیشی لەم وڵاتەی ئێمەوە داهێنراوەو گەشەی کردوەو گەشتۆتە وڵاتانی دی بەڵێ ئەوانیش بۆ خۆیان هەوڵیانداوەو دانەنیشتون ئەوەندە ئێمە خاوەنی ئەدەبیات و هونەری مۆزیک بوینە ئێستاش هەموو گەلان نیوەی ئێمەیان نییە ئەوانەشیان هەیانە دیارە به‌ پاڵپشتییه‌كی باشەوە لەلایەن دەسەڵاتەکەیانەوە دەعم کراون و ئیشی باشیان بۆ کراوە من دەڵێم هەربۆ ئەوەی بگەن بەئێمەدا و بڵێن ئێمەش خاوەنی شتی خۆمانین ئێمە ناوەکان و شوێنەوارەکان و جوگرافیاکەشمان شایەت حاڵمانە و گەوایی دەدات ، بەڵام بەداخەوە کەسانێک لەباتی ئەوەی بیپارێزێ تێکەڵەو پێکەڵەی دەکات کەسیش نییە لێ بپرسینەوە بکات ئەبینی لە وڵاتانی دونیادا هەرچی هونەرمەندو شانۆکارو ئەدیب و هەتا سەرکردەکانیشیان کوردن و ئەوان شانازیان پێوەدەکەن لە باتی ئەوەی ئێمە ڕایان کێشینەوە بەلای خۆمان نەفرەتیان لێدەکەین.
*دەربارەی کلتور و ڕەسەنایەتی چی ده‌ڵێن؟
– بەڵێ ئێستا ئەتوانم بڵێم لە ئاستێکی باشدانییە چونكه‌ میدیاکان ئەوەندە بیرو هۆشیان داوەتە کەلتوری بێگانە کەلتوری ڕەسەن لەبیرچووە هەتا زمانی کوردیش لەمەترسیدایە، سەرەڕای ئەمانەش خەڵکی زۆرمان هەیە سەربەخۆ بەدڵسۆزانە کار بۆ ڕەسەنایەتی دەکات بەڵام، سەرکەوتو نابێت چونکه‌ پاڵپشتی نییە و شتەکان کرچ و کاڵە تەئسیراتی نابێت لەسەر گوێگر، ئەوکەسانەش ناتوانن بەم ژیانە کولە مەرگیوە بەردەوامبن ئەگەر بەم شێوە بڕوات هەموو شتێ لەدەست دەدەین ئەگەر لە دەستیشماندا کەواتە شانازی بەچیوە بکەین پێویستە لە هەموو شارێکا دیوەخانێ هەبێت بۆ هونەری ڕەسەن ئەدەبی کوردیمان وەکو قوتابخانەیەک ڕۆژانە دەرسی تێدا بدرێت تا گەشەبکات و لە ناونەچن لەهه‌موو وڵاتاندا هەر کەسەو باسی یەکسانی و مافی مرۆڤ دەکەن کەچی زۆر بەتوندی کەلتوری خۆشیان فەرز دەکەنە سەر کەلتوری خەڵکانی تردا بۆ نموونە بەندە پەنجا ساڵە گۆرانی و مقام دەڵێم لە سەر مەسرەف و ئیمکانی خۆم کەسێکیش نەیوت دەسخۆش لایه‌نیش هه‌یه‌ داینابەزێنن هەموو شتێک بەستراوە بە سیاسەتەوە.
* لەکتێبێکت باسی مێژووی مەقامی کورد دەکەیت،ئەم مێژووە لەکوێیوە هاتوە تاچەند مەقام پارێزراوەو دەوڵەمەند کراوە؟
– بەڵێ ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێ مێژوی مقامە کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی لە زاگرۆس و ئارەراتاوه‌ ناوەکانیان و شوێنەوارەکان ئەو گەواییە دەدەن ئەم مەقامانەش لەوڵاتانی تردا بەم شێوەی ئێستا دەوترێت لە گەلانی تردا نەوتراوە مقامان هەیە بۆ زیکری خۆر یان هه‌ور وتراوە مقاممان هەیە بۆ ئاگر یان ئاهورا مەزدا وتراوە واتا ئاگری مەزن دیارە ئەم مقامانە لە دواییا بەهۆی تێکەڵاویوە گەشتۆتە گەلانی تریش ئەوانیش کەوتویانەتەوە وەکو خۆی نەیان وتۆتەوە دیارە بۆتە شێوازێکی تر ، بەڵام هەمان ناوو مێژوی هەیە مقامەکان خۆرشیدی و قەتارو خاوکەرو ئەڵاوەیسی و حەیران و سیاچەمانەو گەلۆو برابەتۆ بێژێ ئای ئای و بەیات و هەیگازو زۆری ترهەن بەڵێ بەڵام ئەوناوچانەی ئەم مقامانەی تیاوتراوە هەموی جوگرافیاکەی کوردستانە بۆ نموونە گۆرانی و بەستەی زۆرمان هەیە کە بۆ بۆنەیەک وتراوە وەکوو باران بارانە ئەم گۆرانییە ئەوەیە کە ئێستا پێی دەڵێن نوێژە بارانە خورشیدی لە بەیانیاندا پێش خۆر هەڵاتن سوجدەیان بۆ خۆر بردەو نوێژیان بۆ کردە قەتار خۆی گازایە واتا بانگەواز وەکو بانگی ئەڕۆ پێنج فه‌رزە بانگی خەڵکی دەکات بۆ عیبادەت کردن خاوکەر سەرلە ئێوارەهە تا خۆر هەڵاتن زیکرو تەلیلەیان کردە واتا خەویان لێ کەوتە یان ستایشی پیرۆزی خۆریان کردە،جابەڕاستی ئەمانە شیکردنەوەی زۆریان ئەوێ.
* تاچەند گرنگە سەرجەم مقاماته‌كان کۆبکرێنەوە و لەکتێب بنووسرێتەوە؟
– بەڵێ زۆر زۆر پێویستە بەنۆتەی مۆزیک و بە کتێبیش بکرێن و تەئیدیش بکرێت لەسەری و هەتا مۆرکەکوردێکەی لەدەست نەدات، نەک هەر هونەرو مۆزیک بەڵکو هەرچی ڕوو دەدات لە نێو گەلەکەت و وڵاتەکەتدا بکرێن بەکتێب و بەنۆتەو بە ڕۆمان و بە سیدی و هیچ شتێک لەناونەچێت هەموی دەبێتە ئەرشیف و کەلتورەکامان پێی گەورەو دەوڵەمەن دەبێت .
* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت تاکلتور و ڕەسانەیەتی لەهونەری کورد بپارێزرێت؟
ئەبێت کەناڵی تایبەت بە کەلتور هەبێت گۆڤارو بوجەی خۆی هەبێت کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزمون بیبات بەڕێوە و دڵسۆزی گەل و نیشتیمان و ئاوو خاکەکەبێت .
* بۆچی بەرهەمی هونەرمەندانی ئێستا وەک بەرهەمی هونەرمەندانی کۆن بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە؟
– لەبەر ئەوەی ئێستا تەکنەلۆژیا هەموی تێکەڵ کردووەو بێ سەرو بەرییە زۆر لە مەیداکاناو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەری هەڵداوەو هەرکەسە لەئاستی خۆیدا شانی داوەتە بەری و بێشارەزاو بێ لێپرسینەوە هەمویان شێواندو ڕەسەنایەتی ونکردووە بەبۆنەی باری نالەباری ژینگەو بژێوی مرۆڤایەتیوە،دیارە کەسش ئیمکانی مادی نییە و ئەوانەی بەهرەیان پێیە کەسێک شک نابەن هاوکاریان بکات ئاوات و بەهرەکانیان دەبەنە گڵەوە.
* به‌رهه‌مه‌كانت چین؟
– گرنكترین به‌رهه‌مه‌كانم ئه‌مانه‌ن:
۱ – چەپکێک لە گوڵزاری بنکورە شیعر ــ ۲۰۱۳.
۲ – چاپی دووهەم هەمان کتێبم ۲۰۲٤ چاپکردۆتەوە بە شێوەیەکی باشترو کوالێتییەکی پوختە ترەوە.
۳ – ئەوین و ئازار ــ ۲۰۱٨ شیعر.
٤ – ڕۆژگاری خەماوی ۲۰۱٨ شیعر.
٥ – سەرنجێک لە سەر مێژووی مامەکوردییەکان ۲۰۲۲ مێژوو.
٦ – ئێوارەی پایز ــ ۲۰۲۳ بریتییە لە پێنسەدو بیست لاپەڕە شیعر.
۷ – کتێبی دەشتی بنکورە شیعر بۆ شاعیر حەمە ئاغای باجەڵان ۲۰۲۲.
٨ – یانەمان چۆڵەن بۆ حەمە ئاغای باجەڵان بەهەر هەموو کارەکانیه‌وە هەتا چاپکردنی بەندە پێی هەڵساوم ۲۰۲۳.
۹ – کتێبێک بۆ شاعیر کاک ئەحمەد سوسێی هێشتا چاپنەکراوەو تەواوبووە .
۱۰ – کتێبێکی تریش بۆ کاک دیار ئومێد تەواوبووەو چاپنەکراوە.
۱۱ – کتێبێکی تریش بۆ کاک دڵشاد گەرمیانی ئێستا لە چاپخانەی کارۆدایە.
۱۲ – کتێبێکی تریشم لە تەواو بوندایە دەربارەی بنەچەی مێژووی کوردەو کاری لێ دەکەم.
۱۳ – دیوانێکی دیم لە کاتی خۆیدا سوتاوە لە ترسی زوڵم و زۆری بەعسی فاشیدا ۱٤ ــ واخەریکم هەردوو کتێبەکەی شاعیر حەمەئاغای باجەڵان دەکەمە دیوانێک و کۆ کردنەوەی سەرجەم شیعرەکانی لەژێر ناوی دیوانی حەمە ئاغای بەجەڵاندا، بێجگە لەوەی دەیەها ئاوازی خۆم داناوەو زۆریان ماون و تۆمارکراون و زۆریشیان لەناوچوون.