خەبات: عەلی بانیشاری:- پاش تەواوبوونی كاری نۆژەنكردنەوە، ئەم هەفتەیە قشڵەی دێرینی زاخۆ بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ دەیەوێت جگەلە قشڵە، گەڕەكە كەلەپوورییەكانی سەنتەری ئیدارە سەربەخۆكەش نۆژەن بكاتەوە. بەپێی ئامارێك كە دەست (خەبات) كەوتووە، لە كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 10 شوێنی شوێنەواری و كەلەپووری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان نۆژەنكراونەتەوە.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: كەلها (قشڵە)ـی زاخۆ مێژووەكەی دەگەڕێتەوە پێش 1120 ساڵ لەمەوبەر، ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نۆژەنكراوەتەوە. قشڵەی زاخۆ چەند جارێك بەهۆی هێرشە یەك لە دوای یەكەكانەوە خاپوور كراوە بەتایبەت لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (موعتەسەم بیلا). كۆتاجار كە قشڵەكە نۆژەنكراوەتەوە لە ساڵی 1797 بووە لە سەردەمی میر سمایل بەگ، میری میرنشینی بادینان.

بەپێی ئەرشیفی بەریتانی، قشڵەی زاخۆ یەكێك بووە لە شاكارە هونەرییە تەلاسازییە جوانەكانی سەردەمی خۆی كە چەندین پەنجەرە و نەخش و نیگاری جۆراوجۆی لەخۆگرتووە. قشڵەكە لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەم و كەوتنی ئیمپراتۆری عوسمانی و هاتنی ئینگلیز و دەستپێكی حكوومی مەلەكی لە ڕووی بیناسازییەوە چەندین گۆڕانكاری تێدا كراوە.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ گوتیشی: نۆژەنكردنەوەی كەلها زاخۆ ماوەی نزیكەی 10 مانگی پێویست بووە و بڕی ملیارێك و 99 ملیۆن و 300 هەزار دینار تێچووی پڕۆژەكە بووە. ئاماژەی بەوەشدا، كەلها زاخۆ بەشێوەیەكی زانستی و لە ژێر ڕێنماییەكانی شوێنەوار نۆژەنكراوەتە و هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و ئەندازیارانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەشداربوون لە كاری نۆژەنكردنەوەكە.

قشڵەی زاخۆ لەسەر ڕووبەری دوو دۆنم زەوی دروستكراوە و نزیكەی 25 ژوور لە خۆدەگرێت و لە سەردەمی ئینگلیز قشڵەكە كراوە بە سێ بەش یاخود سێ باڵەخانەی جیاجیا، بەشێك لە قشڵەكە تایبەت بووە بە قوتابخانە و بەشێكی دیكە كراوە بە زیندان و بەشی دیكەشی تایبەت بووە بە كاروباری كارگێڕی، محەمەد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: لەم هەفتەیەوە كەلها زاخۆ بە ڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە و وەكو بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ ئامانجمانە خەڵكی سوود لە شوێنەكە ببین و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار سەردانی بكەن.

ناوبراو زیاتر گوتی: لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی كەلها زاخۆ، كاری هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە شوێنەكە كراوە و مێژووی زاخۆ دەستنیشانكراوە. لە ئەنجامی هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە قشڵەی زاخۆ چەندین پارچەی شوێنەواری گرنگ دۆزراوەنەتەوە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حەسونە و دواتر سەردەمی عوبەید و سەردەمی وەركا و سەردەمی نەینەوای 5 و سەردەمی بنەماڵەكان تاوەكو سەردەمی ساسانی.

لە زاخۆ هەریەكە لە بازاڕی كۆنی شارەكە و پردی دەلال و قشڵە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان نۆژەنكراوەنەتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ دەڵێت: پلانی داهاتوومان ئەوەیە گەڕەكی جولەكان و گەڕەكە كەلەپوورییەكانی زاخۆ و چەند شوێنێكی دیكە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەسەر شێوە كۆنەكەی خۆی نۆژەن بكەینەوە و لەناوچوون بیانپارێزین و لە ڕووی گەشتیارییەوە سوودیان لێ ببینین، بەپێی ئاماری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ، لە سنووری ئیدارە سەربەخۆكە زیاتر لە 400 پێگەی شوێنەواری و كەلەپووری هەن، بەشێك لەو شوێنە شوێنەواری و كەلەپووریانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە.