ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/1/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لەبارەی وردەكاریی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و بڕی داهاتی ناوخۆ و ماف و ئەركەكانی سەر هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی تێبینی و سەرنجەكان و نەناردنی بڕەپارەی پێویستی مووچە لە بەغداوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان:

 سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لە هەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی ( ٢٠٢٤)، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوورییەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.

١- کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی (تعویضات الموضفین) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة ) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە (١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەک ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی (١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نزیکەی دوانزە ترلیۆن دیناربووە و هەوڵمان داوە لە ڕێی ( المناقلة ) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنیا (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەد و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەدو هەشتا و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەدوپەنجا و هەشت هەزار و چوار سەدو هەشتا دینار خەرج کراوە ، بڕی (٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠ ) هەشتسەد و بیست و سێ ملیار و نۆسەد و سی و هەشت ملیۆن و حەوتسەد و حەفتاو شەش هەزار و حەوتسەد و بیست دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکوومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بە بیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.

٢- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بە ناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بە کەرەستەی مزایەدە، لە مانگی ئایارەوە کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێک كەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کە بڕەکەی ( ٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠ ) سێسەد و نەوەدونۆ ملیار و سەدوشەست و هەشت ملیۆن و نۆسەد و شەست و یەک هەزار دینار بووە، تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کراو بە ناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری نزیکەی ( ٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بە بیانوویەک بڕیویەتی. ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە (١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەد و شەست ملیار دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، ( بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا و پاكکردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن).

ئەوە جگە لە خەرجیی ئەو پڕۆژانەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکوومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پڕۆژەکان نەناردووە.

لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ کراوە و دادگای فیدراڵی عێراق حکوومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە دابینکردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە کە مانگانە نزیکەی ( ٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) شەست ملیار دینار تەمویلەکەی زیادی کردووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەک دیناری بۆ خەرج نەکردوون و بڕیاری دادگای فیدراڵییان جێبەجێ نەکردوووە، ئەو تەموویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە، ئەوە سەرەڕای تەمویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژییەوە کران بە گرێبەست، کە سەرجەمی مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیە و مانگانە نزیکەی ( ٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) بیست ملیار دینارە.

٣-بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (١٠) وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەمویلکردنی بڕی (٩٩٩،١٢٤،٣٢٩،٠٠٠) نۆسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و بیست و چوار ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ تەنیا (٧٦٠،٢٦٢،٠٠٠،٠٠٠) حەوتسەد و شەست ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی (٢٣٩،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دووسەد و سی و نۆ ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا ( ٦٣١،٣٣٥،٠٠٠،٠٠٠) شەشسەد و سی و یەك ملیار و سێ سەدو سی و پێنج ملیاری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنیا (٤٤١،٤٩٣،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەد و چل و یەک ملیار و چوار سەدو نەوەدو سێ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنیا (١،٨٣٣،٠٩٠،٠٠٠،٠٠٠ ) یەک ترلیۆن و هەشت سەدو سی و سێ ملیارو نەوەد ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی (١،١٦٧،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) یەك ترلیۆن و سەد و شەست و حەوت ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.

لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکوومەتی هەرێمی كوردستان سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە دابینی بکات.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچەمان چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکییەکانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تا هیچ بیانوویەک بەدەست حکوومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە ڕۆژی ١٢/١٥ لە بەغدا بەڕێوە چوو، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی دا کە تەموویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە، چارەسەر بکات.

لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێکمان لە پشکی هەرێمی كوردستان لە یاسای بوودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە (المناقلة)ی پێ بکەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندان بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی (٤٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەد و سی ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ، بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا.

لەلایەکی ترەوە بوونی مادەی (٦٠) لە یاسای بوودجەی عێراق، دەسەڵات دەدات بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانکراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و قوتی خەڵکەوە هەیە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولا، کە ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان بوون، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی (یەک تا یانزە) دەرکەوت سەرجەم ڕاپۆرتەکان هاوتای ئەو ڕاپۆرتانەن کە پێشتر مانگانە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی.